زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، بە شێوەی هاوبەش تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد

0
799

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاگەیێندراوێک کە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ماڵپەڕی کوردستان و کورد، ماڵپەڕی ناوەندیی ئەو حیزبە، بڵاو بۆتەوە، نزیک بە ٣٠ حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، لەسەر داواکاری و بانگهێشتی حدک، ئەمڕۆ لە یەکێک لە بنکەکانی ئەو حیزبە کۆبوونەوە و لە کۆتاییدا بە یەکڕیزی، ئەو کردەوە تیرۆریستییەیان مەحکووم کردووە.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

ئێمە نوێنەرانی  نزیک بە ٣٠حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٥ی دیسەمبری ٢٠١٦ بە یەکەوە لە شوێنی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شەوی ١ی بەفرانباری ئەمساڵ(٢١ی دیسەمبری ٢٠١٦) لە قەڵای دیموکرات(بارەگای سەرەکیی حیزبی دیموکراتی کوردستان) لە نزیک شاری کۆیە، کۆ بووینەوە.

ئەو تاوانە تیرۆریستییە کە شەهید بوونی ٥ پێشمەرگەی دیموکرات و دوو پۆلیسی ئاسایش و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی لێ کەوتەوە، بەشدارانی مەراسمێکی کردبوو بە ئامانج کە بە بۆنەی ٨٦ ساڵەی لە دایکبوونی د.قاسملووی شەهید پێک هاتبوو. ئاشکرایە ئەگەر تیرۆریستان بیانتوانیبا بۆمبەکانیان بگەیەننە نێو شوێنی مەراسمەکە بە دڵنیاییەوە کارەساتێکی زۆر گەورەتریان دەخوڵقاند.

هەر یەک لە ئێمە حیزب‌و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوەیە، پێشتر جیا جیا ئەم تاوانەمان بە توندی مەحکووم کردوە و هاوخەمیی خۆمان لە گەڵ بنەمالەی قوربانییەکان و حیزبی دیموکراتی کوردستان راگەیاندوە. ئەمڕۆش هەموومان یەکدەنگ و بە یەکەوە بۆ جارێکی دیکە ئەم کردەوە تیرۆریستیە مەحکووم دەکەینەوە و لە گەڵ بنەماڵەی قوربانیان ، دیموکراتەکان ولایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات، هاوخەمیی خۆمان دووپات دەکەینەوە.

ئەمە یەکەم جار نیە دەستی ڕەشی تیرۆر، لە هەرێمی کوردستان گیانی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات دەستێنێ. لە نەوەدەکانی سەدەی ٢٠ دا بە داخەوە سەدان کادر‌و پێشمەرگە‌و ئەندام‌و لایەنگری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات‌و بنەمالەکانیان لە باشووری کوردستان بوون بە قوربانیی پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لەم یەک دوو ساڵەی دواییش‌دا چەند پیلانی تیرۆریستی لە دژی بنکەکان‌و تێکۆشەرانی ژمارەیەک لەو حیزبانە پووچەڵ کراونەوە کە لە کاتی خۆی‌دا لە ڕێگای ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە هەواڵەکەیان بڵاو بۆوە.

ئێمە نیگەرانین کە تاوانی تیرۆریستیی شەوی ١ی بەفرانبار‌و پیلانە پووچەڵ بۆوەکانی پێشتر، سەرەتایەک بێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان ببێتەوە بە مەیدانی  پیلان و هەڕەشە و کردەوەی تیرۆریستیی لە دژی لایەنە سیاسییە خەباتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە کاتێك دا نەتەوەکەمان لەباشوور و خۆراوای کوردستان لە گەڵ تێرۆریزم لە شەڕێکی بەرین دایە و قوربانیی  گەورە پێشکەش دەکاو، هەر لەم سۆنگەیەشەوە ڕێز و ئیعتیبارێکی جیهانیی  وەدەست هێناوە، چۆن دەتوانین ڕێگە بدەین ڕۆڵەکانی بەشێکی دیکەی کوردستان لە سەر خاکی هەرێم ببن بە ئامانجی تیرۆر؟ هەر دەوڵەت و لایەنێک لە ژێر هەر ناوێك‌دا دەست بۆ تێرۆر و ڕەشەکوژی ببا مەحکوومە. هەر بۆیە جگە لەوەی هەر یەک لە ئێمە لە سیاسەت و تێکۆشانی خۆمان دا دژی دەوەستینەوە، بە ئەرکی حکوومەتی هەرێم و سەرجەم دەزگا پێوەندیدارەکانیشی دەزانین ڕێگر بێت لە بەڕێوەچوونی هەرەشە و پیلانی تێرۆریستی لە دژی لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان، گیرساونەوە. هەر وەها سەرنجی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بۆ لای تێرۆریزمی دەوڵەتی لە ناوچەکە بەرامبەر هێز و لایەنە خەباتکارەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ڕادەکێشین و پیویستی و گرنگیی بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم جۆرە لە تیرۆریزمیان وەبیر دێنینەوە.

وێڕای مەحکوومکردنی شەڕو لەشکرکێشی، تیرۆر و سەرکوت و تۆقاندن لە لایەن دەوڵەتانی ناوچە  لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پرسی کورد دا، بە قووڵی باوەڕمان بەوە هەیە کە خەباتی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵات و هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان، بە شەڕ و سەرکوت و تیرۆر لە نێو ناچێ. لە کاتێک‌دا لە سەر پشتیوانیمان لە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان بۆ مافە ڕەواکانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێ دادەگرینەوە، داوامان ئەوەیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، کەمپەین وچالاکیی هاوبەش لە دژایەتی لە گەڵ  سیاسەت و بەرنامەو پیلانی تیرۆریستیدا وەڕێ بخەن.

کۆبوونەوەی هاوبەشی نزیکەی ٣٠حیزب‌و لایەنی سیاسیی هەر چوار بەشی کوردستان

٢٥/١٢/٢٠١٦

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت