زۆرانبازێکی یانەی نێونەتەوەی ئێران لە سەحنە تەقەی لێکرا

0
1069

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، پاش‏نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی سەرماوەز، لە شەقامی “شەهید ڕۆستەمی” شاری سەحنە، فەریدوون قەنبەری زۆرانبازی کێشی ٨٤ کیلۆی پێشووی تیمی میللیی ئێران، لە نێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پێژۆ لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تەقەی لێ کرا.

. زانراوە کە لەکۆی ئەو حەوت گوللەی کە بە مەبەستی پێکانی ناوبراو هاوێژراوە، چواریان پێکاویانە، هەر بۆیەش ناوبراو ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان کراوە

بەرپرسانی نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان ڕایانگەیاندووە کە گوولەیەک بەر شانی چەپی، گوولەیەک بەر دەم و چاوی و دوو گوللەش بەر هەر دوو لەپی دەستی کەوتووە.

میدیا حکوومەتییەکان لەزاری بەرپرسانی نەخۆشخانەوە، دۆخی جەستەیی یاریزانی تیمی زۆرانبازیی ئێران لە کێبەرکێ جیهانییەکانی ٢٠٠٣ی نیۆیۆرکیان بە باش و ئاسایی ڕاگەیاندووە.

هەرچەند وردەکاریی هۆکاری ئەو هێرشە بۆ سەر فەرەیدوون قەنبەری لە بەردەستدا نیە، بەڵام پۆلیس هۆکاری تاکەکەسی و کێشەی شەخسی بە هۆکاری ئەو تەقەکردنە لەقەڵەم داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێوخۆ بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە بەداخەوە فەرەیدوون قەنبەری لەنێو هاووڵاتیانی کورددا، خاوەنی کەسایەتییەکی خۆشناو نیە و زۆرێک لە خەڵکی سەحنە و کرماشان ناوبراو بە گرێدراوی باندە تاوانبارە دەستڕۆشتووەکانی حکوومەت دەزانن.

یەکێک لەو سەرچاوانە گوتی : “فەرەیدوون لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە کۆکردنەوەی بەشێک لە هاوڕێیانی خۆی، هەوڵی دروستکردنی باند و تاقمی تێکدەرانە و ئازار و ئەزیەت کردنی لاوانیان داوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت