زانیاریی ورد لەمەڕ جمووجۆڵی حەشد و سپا لە ڕۆژهەڵات و ئەگەری هێرش بۆ سەر حیزبەکان

0
1162

 ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، حەوتوویەک دوای گشتپرسیی ۲۵ی سێپتامبر، سپای تیرۆریستیی پاسداران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووردا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجام دا. لەو مانۆڕەدا هێزی ئاسمانی و یەکەکانی پیادە و زرێهی بەشدارییان پێکرا.

مانۆڕەکە کارتێکی گوشار بۆ حکومەتی هەرێم لە ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا و چاوترسێن کردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بوو. لەگەڵ هاتنی میلیشیاکانی حەشددا، دەنگۆی ئەوەش پەیدا بوو کە حەشد سنوورەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران کۆنترۆڵ دەکات و کارگێڕیی ئەو دوو خاڵە گومرکییەی هەرێم دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا.

لەو کاتەوە، زیاتر لە جاران، میلیشیا بەشداربووەکانی حەشد لەو مانۆڕەدا، لەلایەن سپای پاسدارانەوە بۆ ئامانجی نادیار پەروار دەکرێن و ڕاهێنانی تایبەتیان پێدەدرێ.

مەزەندە دەکرێت ئەو بەشەی حەشد کە لە پیرانشار بوو، سەرەڕای ئامانجی کونترۆڵ کردنی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران، بۆ مەبەستی دیکەش بەکاربهێنرێن. وەک بەشداری پێکردنیان لە ئەگەری هێرش بۆ هەڵگورد و بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لەو ناوچانە.

بەپێی زانیاریی وردی ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ئێستادا، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پادگانەکانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە ناوچەی پیرانشار و دەوروبەری ڕاهێنانیان پێئەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە کە بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد هاتووە، لە مەریوانیش ۲۵۰ کەس لەو حەشدی شەعبییە کە بەشداریی مانۆڕەکە بوون لە کاتی پێش مانۆڕەکەوە تاکو ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە و بە ئاشکرا لە ناوشار و بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەگەڕێن.

ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبی، کاتی تایبەتیان لە مەلەوانگەی زاگرۆسی مەریوان، هەڵکەوتوو لە یاریگەی وەرزشیی ئەو شارە، بۆ تەرخان کراوە و لە حەوتوودام دوو سێ سانس لە دواکاتەکانی شەودا لەو مەلەوانگەیە مەلە دەکەن. هەروەها هاتوچووی سەیرانگەی گشتیی زرێباریش دەکەن و لە دەستەگەلی چەند دە کەسیدا شەوانە بە زەقی لەوێ دەبیندرێن.

لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزێکی یەکجار زۆری سەربازی (بە ماشێنی سپا) بەرەو چیای سورێن ڕۆیشتوون.

هەروەها پایەگای مووشەکیی سپا لە سوورێن کە لووتکەیەکی زۆر ستراتژیکە و بەسەر ناوچەکەدا زاڵە، دوو سێ ساڵێک لەمەوپێش لە دوایین خاڵی سنووردا بنیات نراوە و بەردەوامیش تەیارتر و پۆشتەتر دەکرێت.

گریمانەی ئەوە هەیە کە ئەم هێزە بۆ ئەوە جووڵەی پێکراوە کە هاوکات لەگەڵ هێرشی ئەگەریی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە باشماخ و پێنجوێنەوە، لە سورێنیشەوە هەم پشتیوانیی ئاگر و هێز بکرێت و هەم پێش بە چوونەوەی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لەوێوە بۆ ناوخۆ بگیرێت.

ڕۆژی شەممە ۲۱ی ئۆکتۆبەر بەرانبەر بە ۲۹ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە، هێزێکی چەند سەد کەسیی پۆشتە و پەرداخی سپا بە جلی کوردیەوە لە خاڵی سنووریی باشماخەوە ئاودیوی باشوور کراون.

مەزندە دەکرێ ئامانجی ئەم هێزە ئەوە بێت کە بە نهێنی و لەناکاو لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بدەن و هێرشیان بکەنە سەر.

شایانی باسە بە هۆی داخرانی سنوور و کونترۆڵی پتەوی سپا و بەرگری لە هاتوچووی هاووڵاتیان بۆ ناو و دەوروبەری بازاڕچەی سنووریی باشماخ، زانیاریی ورد و تەواو لەم هەواڵە لە بەردەستدا نیە و ئەم وتەیش لە زاری جاشێکەوە بڵاو بۆتەوە.

 شیمانە دەکرێت بۆ هەر دوو جووڵەی سوورێن و باشماخ، لەو هێزەی حەشدیش کەڵک وەرگیرابێ.

ئەگەری هێرشی ڕژیم بۆ بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە دۆخی شپرز و بێ‌سەروبەرەی ئیستەی باشووردا، باس و خواسێکی ڕۆژەڤە و جموجوڵە گوماناوییەکانی سپا لە سەر سنوورەکان و جووڵەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزێکی حەشد بەرەو نزیکیی کۆیە (شیواشۆک) ئەو گریمانەی بەهێزتر کردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.