رێوڕەسمی پەردەلادان لە چوار کتێبی کوردی لە بۆکان بەڕیوە چوو

0
860

ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان لە درێژەی چالاکییەکانی خۆیدا ئەمڕۆ رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ٩٤دا به هاوکاری چاپەمەنی “کولە پشتی” و فەهەنگسەرای هونەر و ئەندیشە،ڕێورەسمی پەردەلادان لە چوار کتێبی کوردی بەڕێوە برد کە بریتین بوون لە:  “ئاسۆی روون ” و “پەندی پێشینیان” لە نووسینی شاعیری کۆچکردوو مەلا غەفوور دەباغی(حافزی مەهابادی)،”زەوی سەخت و ئاسمان دوور” لە نووسینی مارف ئاغایی شاعیری کۆچکردوو و هەروەها بەرهەمی شاعیری خۆشەویست نادر نیروومەند لە ژێر ناوی “لالووت”.

ئەم ڕیوڕەسمه کاتژمێر ٣:٣٠ی پاشنیوەڕی لە هۆڵی ئامفی تەئاتری کتێبخانەی گشتی پارکی میللەت بەریوە چوو.کۆڕەکه به وتەکانی پێسکەشکاری بەرنامەکه “سولەیمان عەبدوڵڵازاده” دەستی پێکرد و دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان داوای لە بەرپرسی چاپەمەنی کولە پشتی رێزدار عەلی فەقێ‌کەریمی کەد که بۆ پێشکەش کردنی وتەکانی بێته پشت تریبوون.فەقێ‌کەریمی دوای پێناسەیەکی  کورت لە چاپەمەنی کولە پشتی باسی کار چالاکییەکانی خۆیانی لە ساڵانی رابردوو و ئێستادا کرد.

دواتر مامۆستا ئاسۆ وەک یەکێکی تر لە وتاربێژانی کۆرەکه باسەکانی لە مەڕ نادر نیروومەند چڕ کردەوە و ئاماژەی به ئەزموونه  سەرەتاییەکانی ئەو شاعیرە کرد که سەرەڕای کەم تەمەنی و بێ دەرەتانی چۆناوچۆن توانیویەتی  بەرهەمی شێعری جیددی و ناوازه بخولقێنێ.

لە درێژەی بەرنامەکەدا  ئەمین گەردیگلانی پەرژایه سەر بەرهەمەکانی مەلاغەفوور دەباغی و به شێوەیەکی پۆلێن کراو شێعرەکانی ئەو شاعیرەی بۆ ئامادەبووان تاوتوێ کرد.گەردیگلانی ئاماژەی بەوەدا کە مەلاغەفوور زۆر شارەزایانه توانیویەتی پەندی پێشینیان و ئەو ئیدیۆم و ئیستلاحاتانه کە به شێوەی زارەکی لە کۆمەڵگادان بهێنێته سەر زمانی شێعر و رۆحیکی تازەیان بە بەردا بکا.گەردیگلانی جەختیشی کردەوە که تەنز یەکێک لە خاڵه جەوهەرییەکانی شێعری حافزی مەهابادییه کە لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا دەتوانین دەستنیشانی بکەین.زیادیشی کرد کە ئەو تەزه پتر بۆ دەربڕینی رەخنه لە کۆمەڵگا لە کار کراون.ئەمین گەردیگلانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە توانستەکانی مەلاغەفوور لە بواری وەرگێڕانی شێعردا  کرد کە به هێنانەوەی چەندین نموونه باسەکانی خۆی پراکتیزه کرد

وتاربێژی سێهەمی کۆڕەکه یوونس رەزایی دوای خوێندنەوەیەکی کورت بۆ مێژووی ئەدەبی کوردی باسی لە رەوتەکانی شێعر لە کوردستانی ئێران کرد.رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی ئەدەبی کوردی مێژوویەکی بەردەوام و پۆلێن کراو نییه بەڵام دیسانیش دەتوانین هیڵێکی تایبەتی بۆ ئەو مێژووە دەستەبەر بکەین.رەزایی لە بەشیکی دیکەی وتەکانیدا باسی لەوە کرد کە ناوەڕۆکی شێعر لە کوردستاندا هاوشانی گەلانی دیکه نوێ دەبێتەوە و زۆر جار بە بەراورد لەگەڵ شاعیرانی دی روانگەی پێشکەوتوو و نوێیان هەیە ، کەسانێکی وەک مەلا مارف کۆکەیی و سەیف و…وەک پێشەنگی ئەو رەوته دەێنه ئەژمار. نوێ بوونەوەی ناوەڕۆک بەو واتایەی که ئەزموونه سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ئاودیوی گۆڕەپانی شێعر دەبن و سنوورەکانی شێعر بەرینتر دەکەنەوە،یوونس رەزایی هەروەها باسێکی لە مەڕ مێژووی هاوچەرخی شێعری کوردی و کاریگەری گۆڕانه کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو رەوته هێنایه ئاراوە و ئاراسته جیاجیاکانی ئەم ئاڵ گۆڕەی شرۆڤه کرد.رەزایی جەختیشی کردەوە کە درەنگ بڵاو بوونەوەی بەرهەمی شاعیرانێک وەک سوارە و هاوڕێکانی و هێژمۆنی زمانی شێعری پێشوو تارادەیەک رەوتی نوێبوونەوەی خاو کردەوە کە هەڵبەت ئەوەش هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە پشتە. واتە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیش کاریگەری لە سەر رەوتەکە هەبووە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو باسانە کرانەوەی دەلاقەکانی شیعری باشوور و فارس بە رووی نەسلی دوای سوارە دا زۆر بەرهەمی لێ کەوتەوە کە خوێندنەوەی تایبەتی خۆی دەوێ.

نادر نیروومەند لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا لە نێوان چەپڵەی ئامادەببوان هاته پشت تریبوون و باسی ژیان و چالاکییەکانی خۆی کرد و به پێکشەش کردنی غەزەلێک کۆتایی به قسەکانی هێنا

لە درێژەی بەرنامەکەدا ئاوات دوکاندار بەرپرسی کومیسیۆنی فەرهەنگیی شوورا رێزمانەی تایبەتی ئەو نەهادەی ئاراستەی کاک نادر نیروومەند و کاک عەلی فەقێ‌کەریم کرد و دواتر لە وتارێکی کورتدا ئاماژەی به کەمتەرخەمی بەرپرسانی شار لە مەڕ نووسەران کرد و هیوای خواست کە ئەم دۆخه به هەوڵ و کاری هەمەلایەنه چارەسەر ببێ.

دوایین پاژی بەرنامەکه واته رێورەسمی پەردەلادان به ئامادەبوونی مامۆستا فەتاح ئەمیری،کاک ناسر وەحیدی،خانم قورەیشی و هەروەها کاک بریا کاکەسووری بەڕیوە چوو.

ئەم کۆڕە کاتژمێر ٥:٣٠ کۆتایی پێهات

سەرچاوە؛ ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت