راگەیەندراوی خۆێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی

0
1439

ڕۆژی کورد: خۆێندکارانی زانکۆیی پەیام نووری شاری مەریوان بەبۆنەی ۱۹ی گوڵان، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

ڕاگەیەندراوی خوێندکارانی مەریوان، بەبۆنەی ۱۹ی گوڵان، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی

مامۆستا فەرزاد کەمانگەر ڕێکەوتی 18ی ئاگوستی 2006 لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. فەرزاد و هاوڕێیانی ماوەی 16 مانگ له ‌ژوورەکانی تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سەرکوتکەری ئێران له ‌شارەکانی کرماشان، سنه و تاران ڕووبەڕووی دژوارترین ئەشکەنجە بوونەوە. لە مانگی ژوئەنی 2007 مامۆستا فەرزاد کەمانگەر لەلایەن لقی 30ی دادگای شۆڕشی شاری تاران بەتۆمەتی ئەندامییەتی لە پارتێکی کوردستانی، له ‌دادگایەکی 7 خولەکیدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دوای ئەوەی سزاکەی لە لایەن دیوانی باڵا پشتڕاست کرایەوە و لە بەرەبەیانی 9ی مانگی مەی ساڵی 2010دا لە زیندانی ئەوین لەگەڵ چوار کەس لە هاوڕێیانی، لەسێدارەدرا.

مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، وەکوو هێمایەکی نەتەوەیی لە مامۆستای کوردی خاوەن هزری نیشتمان‌خۆشەویستی، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویشدا، نموونەیەکی تیلە لە سەرچەشنە مەزنەکانی چینی خوێندکار و مامۆستای کۆمەڵگای کوردەواری. مامۆستایەک کە لەسەر ڕێبازی کوردایەتی و مرۆڤ‌خۆشەویستی، بەدەستە پیسەکانی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئێران، قەڵەمەکەی پوژمۆر کرا و خۆیشی چووە ڕیزی شەهیدانی گەل و خاک.

ئێمە خوێندکارانی زانکۆکانی مەریوان، لەم ڕۆژە شوومەدا، کە وەکوو سەرجەم ڕۆژەکانی تری ساڵ، بەردەوام لە لایەن داگیرکەرەوە چەوساینەتەوە، وەکوو مامۆستامان، کاک فەرزاد کەمانگەر، لەگەڵ نیشتمانمان پەیمان نوێ دەکەینەوە، کە ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین و هیچکات خیانەت بە نیشتمانمان نەکەین و بەردەوام بۆ پێشکەوتنی کوردستان، قەڵەم هەڵگڕین و هەنگاو بنێین.

هەروەها وەکوو چینی خوێندکاری کورد، بە دوور لە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانی ئێران، دەنگ بە سێدارە نادەین؛ دەنگ بە حکومەتی ناڕەوای ڕژیمی ئێران نادەین؛ ڕژیمێک کە مامۆستای دڵسۆزی کورد و هەزاران مامۆستای دیکەی لەسێدارەدا و تیرۆر کرد و لە بەندیخانەکان بەندیانی کرد.

هەروەها ئێمە، ۱۹ی گوڵان، ڕۆژی شەهید بوونی مامۆستا کەمانگەر، بە ڕۆژی مامۆستای کورد دەناسین و لەم ڕۆژەدا مانگرتنی گشتی ڕادەگەیەنین و لە پۆلەکانی زانکۆدا بەشداری ناکەین و ئەم ڕۆژە بەرزڕادەگرین و دەنگ هەڵدەبڕین: فەرزادێکتان لە سێدارە دا، بەڵام هەزاران فەرزادی تر لەدایک‌بوونە و کەس لەم وڵاتەدا ناتوانێت ڕێ لە باران و گوڵ بگرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت