د. ئیدریس ئەحمەدی: لێک نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیە، پەیامێکە بە ئەمریکا و کوردەکان

0
1356

ئێران و تورکیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئێران تا ڕادەیەک نکوڵی لێدەکات، بەڵام ئامادەی ئەنجامدانی ئۆپێراسیۆنی سەربازیی بەربەرینی هاوبەش بە دژی کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژئاوا و قەندیلن. لە ئێستادا جیا لەوەی کە بەرپرسی گشتیی ستادی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەفەرێکی سێ ڕۆژەی بۆ تورکیە کردووە، بڕیارە سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی تورکیەش سەفەرێک بۆ ئێران بکاتەوە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ ڕێزدار، دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانکۆ و چاوەدیری سیاسیی کورد ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: وەک ئاگادارن، ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، محەممەد حسێن باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران، سەفەرێکی سێ ڕۆژەی بۆ تورکیە کرد و لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدان، سەرۆکی میت و وەزیری بەرگری و سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی تورکیە کۆبۆوە، بە گشتی ئێوە ئەو سەردانە و ئامانجەکانی چٶن هەڵدەسەنگێنن؟

د. ئیدریس ئەحمەدی

ئەحمەدی: ئامانجەکانیان دەبێ لە بەر تیشکی هۆکاری لێکنزیکبوونەوەیان لێکبدرێتەوە. لێکنزیکبوونەوە لە نێوان تورکیە و ئێران لە پاش کۆتایهاتنی شەڕی سارد، لە قۆناغی جیاوازدا ڕووی داوە، بەڵام هەردەم کاتی بووە و نەبووە بە هاوکاریی بەردەوام. لێکنزیکبوونەوەیان لە هەموو ئەو قۆناغانەدا سێ هۆکاری پەیوەندیداری هەبووە؛ ترس لە دەسکەوتی کورد، ترس لە حزووری ئەمریکا لە ناوچەکەدا و بەتایبەت، ترس لە هاوکاریی نێوان ئەمریکا و هێزە کوردییەکان.

لێکنزیکبوونەوەی ئەم جارەیان، چوار هۆی دیاریکراوی هەیە. یەکەم: شکستی تورکیە لە سوریە و گۆڕینی ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕووخادنی ڕژیمی ئەسەد بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدان و جێگیربوونی کیانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان وایکردووە کە ئامادەیە هەموو جۆرە ئیمتیازێک بە ئێران و ڕوسیە بدا.

دووهەم: دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەن حیزبی دێموکرات لە دوو ساڵی ڕابردوودا، چڕبوونەوەی خەباتی چەکداریی پارتی کرێکاران پاش شکستی پرۆسەی ئاشتی و هەروها گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان و ترسی ئێران و تورکییە لە زێدبوونی حزووری ئەمریکا لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان وایکردووە بە پەلە لێک نزیک بنەوە.

سێهەم: گۆڕینی نیزامی نێودەوڵەتی لە یەکجەمسەریی ساڵانەی پاش کۆتایی شەڕی سارد بۆ فرەجەمسەری لە ساڵانی دوایدا، ئەکتەرە سیاسییەکان ناچار دەکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان نەرمی نواندنی  دیپلۆماتیکییان هەبێ. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە نیزامی فرەجەمسەردا، ناڕوونییەکی زۆرتر هەیە و پارسەنگیی هێز لەرزۆکترە و هەر بەو هۆیەشەوە، هاوپەیمانییەکان خێراتر شکڵ دەگرن و زۆرتر کاتین.

چوارەم: سەرەڕای سیاسەتی جەناحبازی لە نێو ڕژیمی ئێراندا، کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەرەوەیدا یەکدەستە، بەتایبەت کە دەگەڕێتە سەر فاکتەرگەلێک وەک پرسی کورد و حزووری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. تورکیە ئەو یەکدەستییەی نییە و قەیرانی نێوخۆیی بەرۆکی گرتووە. هاوکات تورکیە هاوپەیمانیی ناوچەیی هاوشێوەی هاوپەیمانەکانی ئێرانی نییە، بۆیە ستراتژیک ناجووڵێتەوە و شکست لە دوای شکست وای لێ کردووە لە سیاسەتی دەرەویدا، ئیمتیازدان بە ڕکابەرە ستراتژیکەکانی بکا بە کارتێک کە زۆر کەڵکی لێ وەردەگرێ.

بەو پێیە، ئامانجی ئێران و تورکییە ئەوەیە کە پەیامێک بە هێزە کوردییەکان و ئەمریکا بدەن کە پێکەوە هاوکاری دەکەن بۆ پێشگرتن لە دەسکەوتی کورد لە ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات.

ڕۆژی کورد: ئەردۆغان، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، باسی لە ئەگەری ئەنجام دانی هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئێران بە دژی کوردەکان کرد، ڕۆژی سێ شەممە ٣١ی گەلاوێژیش، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێران باسی لە ئەنجام دانی هێرشی نوێ بە دژی کوردەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد، پێتان وایە، داهاتووی ئەو هەڕەشە و پیلان و گەڵاڵە هاوبەشانە چی دەبێ؟

ئەحمەدی: زۆرتر چاوسوورکردنەوەیە و دەکەوێتە خانەی شەڕی ڕەوانییەوە. بە تێپەڕینی کات، ئەم ڕاستییەمان زۆتر بۆ ڕوون دەبێتەوە.

سرنج بدەن، لە  سورییە شەڕ لە ئارادایە، تورکییە بەردەوام هەڕەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی دەستێوەردان لە وڵاتێکدا کە شەڕی تێدابێ ساناترە، کەچی تورکیە هێزی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو نەبردووەتە سوریە. زۆرتر کەڵک لە گرووپی چەکداریی عەرەب و تورکەمەن وەردەگرێ.

بەو پێیە، تەیارکردنی دوو ئەرتەشی ئێران و تورکیە بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێ بنەما دێتە پێش چاوە. هەروها ئێران، کە متمانەی بە تورکیە نیە لە سوریەدا، نایێت لەگەڵ تورکیە پێکەوە هێرش بەرنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

ڕۆژی کورد: حیزبە کوردەکان بە گشتی لەگەڵ یەکدا لە ناتەباییەکی مێژوویی دان، لە باشوور لەسەر پرسی سەربەخۆیی، لە ڕۆژهەڵات بە هۆی لێک جیابوونەوە و لێک ترازان، لە ڕۆژئاوا بە هۆکاری سەر بە باکوور و باشوور بوون. ئەم هێرشە پیلان بۆ داڕێژراوەی تورک و فارسیش، سنوور ناناسێ و هەموو کورد دەکاتە ئامانج، بەڵام تا ئێستا پێدەچێ حیزبە کوردییەکان لە هیچ پارچەیەک هەر بیریشیان لە ئەگەر و لێکەوتە و پاشکەوتەکانی ئەو هێرشە نەکردبێتەوە، ڕێگا چارە لێرەدا چیە بەڕای ئێوە؟

ئەحمەدی: ئەگەر هێرش بەرن، ئەوا هێزە کوردییەکانیش لە بەرانبەردا پێکەوە هاوکارییان دەبێ ، بەڵام ئەو هاوکارییە بۆ ئەوەی کاریگەر بێ، پێویستی بە بەستێنی دامەزراوەیی خۆی هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا تاکوو دێ حزووری سەرباازیی خۆی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاد دەکا. هێرشی سەربازی دەتوانێ هەم کورد یەک بخا، هەمیش ئەمریکا ناچار بکا بەرسڤ بداتەوە و ئەوەش بە نۆرەی خۆی، ببێ بە هۆی دیسان زیادبوونی حزووری سەربازیی ئەمریکا لە کوردستاندا. ئێران کاری وا ناکا، چوونکە نە دەیهەوێ هێزە کوردییەکان ناچاربن پێکەوە هاوکاری بکەن، نە بە شێوەیەک دەجووڵێتەوە کە لە گەڵ ئەمریکا تووشی پێکدادان بێ.

ئێران قورسایی خۆی خستووەتە سەر شەڕی ڕەوانی دژ بە کورد. لەم پەیوەندییەدا، تورکییە زۆرتر لەم هەڕەشەکردنانەدا، بە مەرج و قازانجی ئێران دەجووڵێتەوە. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تورکیە سیاسەتەکانی لە ناوەچەکەدا شکستی هێناوە و شکست بە دانی ئیمتیازی شکستهێنەری دیکە قەرەبوو دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێران بە درککردنی ئەم لاوازییەی تورکییە، کەڵکی تەواوی لێوەردەگرێ بۆ مەبەستە ژیۆسیاسییەکانی خۆی. هەڵبەت ئەوە بەو واتایە نیە کە مەترسیی جدی لە سەر گەلی کورد نییە.

بارودۆخی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان جیاوازە، بەڵام لە باتی خەسارکردنی کات و وزرە بۆ یەکگرتوویی، کە تەنانەت ئەگەر ڕووش بدا لەرزۆک و کاتی دەبێ، پێویست بەوەیە هێزی وا لە هەر بەشێکی کوردستان سەر هەڵبدا کە هێژمۆنی هەبێ. دواجار پێویست بەوە دەکا ئەم هێزانە بەستێنی دامەزراوەیی بۆ هاوکاریی هەواڵگری، سیاسی، میدیایی و تەنانەت سەربازیش پێکبێنن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت