دەوڵەت زەویە داگیرکراوە مڵکی گشتییەکانی سەردەشت و ڕەبەت، دەفرۆشێت و یان دابەشی جاش و پاسدارانی دەکات

0
775

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە ڕەبەت، ڕژیم خەریکە ئەو زەوی و مڵکە گشتییانە کە سەردەمانێک بۆ پایەگا و شوێنی سەربازی دەستی بەسەردا گرتوون، دەفرۆشێت.

یەکێک لەو شوێنانەی، شوێنی پایەگای عەلی پوورە کە لە ناوەندی شاری سەردەشت هەڵکەوتووە و سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق و هەبوونی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە، لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئێستاش لەبری گەڕاندنەوە بۆ سەر مڵک و ماڵی گشتی و تەرخان کرانی بۆ شوێنی گشتی، بۆ فرۆشتن داندراوە.

 بڕەپارەی دیاریکراو بۆ فرۆشتنی ئەو شوێنە ٣ میلیارد تمەنە و بە گوێرەی زانیارییەکان، چەند بازرگانی بانەیی بەنیازی کڕینی ئەو شوێنەن.

یەکێکی تر لە شوێنەکان کە ٦ هێکتار زەویە و سەردەمانێک بۆ کەمپی پەنابەرانی کوردستانی باشوور، کەڵکی لێوەرگیراوە و مڵکی گشتیی شاری ڕەبەتە.

ئەو شوێنە لە جیاتی گەڕاندنەوەی بۆ سەر مڵک و ماڵی گشتی و تەرخان کردنی بۆ شار، ئێستا لەسەر جاش و پاسداران دابەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمەڕ ئەو دوو شوێنە، بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “خەڵک لەمبارەوە هەم لە سەردەشت و هەم لە ڕەبەت ناڕازین و خەڵکی ڕەبەت دەڵێن، دابەش کردنی ئەو شوێنە بەسەر جاش و پاسداران لە کاتێکدایە کە زەویەکە بەڵگەی فەرمی لەلایەن فەرمانگەی پەنابەرانەوە هەیە و بەو پێیەش دەوڵەت بۆی نیە دابەشی بکات”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت