دەنگ و ڕەنگی ناوەندی سنە هەڕەشەی لە بایکۆتکەرانی هەڵبژاردن کرد

0
910

دەنگ و ڕەنگی ناوەندی سنە، لە هەواڵەکانی ئەوڕۆ (کات ژمێر حەوت و نیو)ی سێ شەممە ٢٩ی بەفرانبار، بە فەرمی هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە بانگەشەی ئابلۆقە (تەحریمی) هەڵبژاردن لە ژینگەی مەجازی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکەن.

شیاوی ئاماژەیە کە لەو هەواڵەدا بەرپرسی ستادی هەڵبژاردنی پاریزگای سنەی کوتی: پۆلیسی فەتا بە بەردەوامی و شێلگیرانە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکات کە بانگەسەی تەحریمی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لە لایەکی ترەوە عەلی ئەکبەر گەڕووسی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەی جێگری ڕ؛كخراوە دادوەریی و سەربازێکانی ستادی هاندان بۆ چاکە و گێڕانەوە لە خراپەی پارێزگای سنەدا گوتی: لە ئێستادا لە ئێران، لە سەردەمێکی هەستیار و چارەنووس ساز داین و دوژمنان ڕێکلامی خراپ و ژاراوی خۆیان بە دژی ناوچە و وڵات بە شێوازی جۆراوجۆر لەو پێناوەدا دەست پێکردووە.

ناوبراو هەروەها گوتی: بەو پێیە ئەرکێکی هەستیارمان بە ئەستۆوەیە و پێویستە بە پلان دانانی گونجاو ڕووبەڕووی ئەو پیلان و دووبەرەکییانە بینەوە کە دوژمنان بە دژی ئێمە دەیکەن.

سەرۆکی گشتیی دادگوستەری پاریزگای سنە، پاراستنی ڕوحیەی شۆڕشگێڕانەی بە باشترین شێوازی بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشە و ڕش نواندنەکانی دوژمنان زانی و گوتی: ئێمە دەبێ پشتمان بە خودای بێ و لە ڕێگای ئامانجەکانی نیزام دا و شۆڕشی ئیسلامیدا هەنگاو بنێین و پیلانەکانی دوژمنان بکەینە بڵقی سەر ئاو.

ناوبراو هەروەها درێژەی دا: بە سەرنج دان بەوەی کە لە مانگەکانی داهاتووەدا ڕووداوێکی گرنگ و چارەنووس سازمان لە پێش وڵات هەیە، هەر بۆیەش بەرپرسان ئەرکی قورسیان لەسەر شانە و دەبێ وشیار بن کە دوژمنان بە فێڵ و پیلانی خۆیان کێشە و ئاستەنگییەک بۆ ئەو ڕووداوە گرنگەی وڵات (هەڵبژاردن) ساز نەکەن.

شایانی باسە کە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پارلمانی ئێران، بە هۆی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان هەستیارییەکی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە کە لەگەڵ هیچ خولێکی تر بەراورد ناکرێت. ئەو هەستیارییە وای کرد کە خودی خامنەیی بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی هەموو جارێکی پارلمان، بێتە سەر خەت و داوا لە تەنانەت نەیارانیشی بکات کە بەشداری هەڵبژاردن ببن، کە بە پێی لێدوانی خودی خامنەیی ئەو بەشدارییە بۆ دەنگ دانە نەک خۆپاڵاوتن و چوونە پارلمان.

ناوبراو لە درێژەیدا گوتی: باشترین نموونەی “هاندان بۆ چاکە” لە کۆمەڵگادا، هاندانی خەڵکە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا.

هەستیاری ڕژیم لەمەڕ پرسی تەحریم کردن و هاندان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا، گەیشتە ئاستێک کە کاناڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام تەنیا دوو ڕۆژ دوای بەیاننامەی ئەو حیزبە لەمەڕ تەحریمی هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی ئێران، داخرا.

ئەو باسانە لە حاڵێکدا دێنە ئاراوە کە ڕێژەی ٥٥%ی کاندیداکانی ئەو جارە کە زۆرینەیان ڕیفۆرم خوازەکانن، لە لایەن شۆرای چاوەدێرییەوە بە پاساوی جیاجیا، متمانەیان پێ نەبەخشراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.