دەنگۆی مامەڵەکران بە سەربەخۆیی تا دێت بەرزتر دەبێتەوە

0
839

ڕۆژی کورد: لە حاڵێکدا فستڤاڵی سەربەخۆیی لە وڵاتانی جیاجیا بەڕێوە دەچێت و سەردانی وەڤدەکان بۆ وڵاتان بەردەوامە، تا ڕێکەوتی ئەنجامدانی گشتپرسی نزیکتر دەبێتەوە، دەنگۆی دژواز زێدەتر دەبن.

لە حاڵێکدا، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژەکانی خۆیدا بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، کە ڕاپرسی بە هیچ چەشنێک وەدوا ناخرێ، سیاسییەکانی تری هەرێم بەتایبەتی لە زۆنی سەوز، باسێکی تریان هێناوەتە ئاراوە،

مەلا بەختیار، لە دیمانەیەکی نوێ لەگەڵ ڕۆیتێرز، باسی لە وەدواخستنی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێم لە ئەگەری ئاوڕ لێدرانەوەیان لە ڕووی ئابوورییە لەلایەن بەغدا کردووە.

مەلا بەختیار کە یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی سەربەخۆیی بووە و بەردوام باس لە فرۆشترانی کوردەکان و ڕێکەوتننامەکان دەکات، لەم وتووێژەدا دەڵێ، ئەگەر بێت و بەغدا، قەرزەکانیهەرێم بداتەوە و لە ڕووی سیاسیشەوە، بەڵێنی بدات کە کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی وەک کەرکووک چارەسەر بکات، ئەوا ئەگەری وەدواخرانی گشتۆرسیی سەربەخۆیی لە ئارا دایە،

هەرچەند مەلا بەختیار، وەک ئەگەر باس لە وەدواخرانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەو پارچە لە کوردستان دەکات، بەڵام پێشتریش سەرچاوەیەک کە نەیویستبوو ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆیتێرزی گوتبوو، ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێم، وەدوا دەخرێت.

لە هەمان کاتدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە وەڤدی هەرێم بۆ سەربەخۆیی لە سەردان بۆ بەغدا، داوای درانەوەی ١٢ ملیۆن قەرزی هەرێمیان کردووە و لە ئەنجامدا بەڵێنییان داوە پرسی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی وەدوا بخرێت.

لە هەمان کاتدا، بارزانی لە وتووێژ لەگەڵ “عوکاز”ـی سعوودیە، باسی لەوە کردووە کە وتووێژەکان لەگەڵ بەغدا بێ ئەنجام بوون و هەر بۆیەش هیچ چارەیەکی تریان جیا لە سەربەخۆیی نییە.

ئەو لێدوانە دژ بە یەکانە لەمەڕ ئەنجام درانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە کاتێکدایە کە کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی لە هەرێم، لیستەیەکیان بە ناوی “نەخێر لە ئێستادا ڕێک خستووە و بەردەوام بە دوای کۆکردنەوەی دەنگی “نا” بە دژی سەربەخۆیین.

پرسیاری کوردەکان لە ئێستادا ئەوەیە کە، “ئایا جارێکی تر سەربەخۆیی کوردستان، دەکرێتە قوربانیی پارە و دۆلارخوازیی سیاسییەکان؟”

پێدەچێ دانیشتنی ئەم دواییانەی تورکیە و ئێرانیش، دڵەڕاوکێی خستبێتە ناو دڵی هەندێ لە سیاسییە کوردەکان و لە جیاتی پشت بەستن بە یەکتری و ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد، جارێکی تر پاشەکشەیان هەڵبژاردبێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت