دەست لەکار کشانەوەی بارزانی و کورتە شرۆڤەیەک

0
712

شرۆڤەی ڕۆژی کورد:

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، مەسعوود بارزانی لە دانیشتنی پارلمانی کوردستان، دەستی لە کار کێشاوە و دەسەڵاتەکانی خۆی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی پارلمانی کوردستان کرد.

ئەو دەست لە کارکێشانەوەیە هەرچەند پێشتر دیار بوو و بە هۆی گوشاری دەرەکی و ناوخۆیی کە هەر کام لەوانەش دوو بەشن و هۆکاری جیایان هەیە هاتە ئاراوە بەڵام ووای دەردەخا کە خودی بارزانی و پارتەکەی، زۆر بە دڵخواز ئەو کارەیان نەکرد، کارێک کە بە گوێرەی ڕای هەندێ لە شرۆڤەکارانی سیاسیی جیهان و کورد و هەروەها بەپێی ڕوانگەی دژبەران و ڕەخنەگرانی بارزانی، دەبوا ساڵی ٢٠١٣ کردبای.

دانیشتنی ڕۆژی ڕابردووی پارلمان، بە ئاژاوە و چەندبەرەکی دەستی پێکرد و بە هێرشی چەند کەسێک بۆ سەر پارلمان کۆتایی پێهات، ئاژاوەکانی ناو خودی پارلمان، دوای کاتژمیرێک و بە هۆی خوێندنەوەی پەیامی دەست لەکار کێشانەوەی بارزانی، ئەهوەن بۆوە، ڕاگرتنی خوێندنەوەی پەیامی بارزانی بۆ دوای کاتژمێرێک دەریدەخا کە خودی بارزانی و پارەتەکەی بە دڵخواز ئەو کارەیان نەکردووە.

ئەوەی پێویست بە ئاماژەیە، هەڵوێستی کوردانی ڕۆژهەڵات هەم لە دونیای مەجازی و هەم لە دونیای واقع و ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. بەشی هەرەبەرچاوی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوە و بەشێک لە شەقامی کوردی لە ناوخۆ، کشانەوەی بارزانی بە شکست و جێگای نیگەرانی دەزانن. پرسیار ئەوەیە، “چما دەبێ خەباتی کورد، بە تاکەکانەوە ببەسترێتەوە؟” “چۆنە نەتەوەیەکی چل ملیۆنی کە بانگەشەی خەبات و ئازادی و دێموکراسی خوازی دەکا، دەبێ لای وابێ، خەباتەکەی بە هۆی نەمان یان کشانەوەی کەسێک تەواو دەبێ و تووشی نسکۆ دەبێ”.

پرسیاری تری تایبەت بە ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە چۆنە کۆمەڵگای زیندووی ڕۆژهەڵات، هەموو پرسەکانی پارچەکانی تر، بەتایبەتی باشوور دەبینێ بەڵام بەرەو مەرگ چوونی محەمەد نەزەری، لە سێدارەدان نزیک بوونەوەی ڕامین حوسێن پەناهی، لە دەست دانی چاوی زێنەب جەلالیان، دەست بەسەرکرانی محەمەد ساڵحی کە دەبێ حەوتووی دوو جار دیالیزی بۆ بکرێ، کوژرانی کۆڵبەران، نەبوونی کار، پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەکان و ئاشپەزخانەکانی شیشە لە کوردستان، دەستبەسەرکرانی دەیان ژن و کچی کورد لە ڕۆژهەڵات، دەرکرانی سزای سێدارە بۆ گیراوێکی قەرەسەقەل، تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهان، ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵوەگەری قاڕنێ و قەڵاتان، ساڵڤەگەڕی شەڕی ٢٤ رۆژەی سنە و دەیان بابەتی تراژدیک و دڵتەزێنی تایبەت بە خۆیان نابینن؟ ئەگەر دەیبینن چۆنە هەڵوێستیان نیە؟ پێشوازی کردن لە حەسەن ڕوحانی بۆ نموونە لە مهاباد، لە کاتێکدا کە هەموو لایەک بانگەوازیان کرد، خەڵک نەچن بۆ پێشوازیی ڕووحانی، چ واتایەکی هەبوو؟  بەشداری کردن لە دەنگدانەکان لە کاتێکدا بۆ گشتپرسی دێنە دەر و داوای سەربەخۆیی دەکەن، چ واتایەکی هەیە؟ ئەو هەموو دژبە یەک بوونە، ڕووی کێ دەگرێتەوە؟ حیزبەکان؟ خەڵک؟ چالاکانی ناوخۆ؟ چالاکانی دەرەوە؟ حیزبەکانی پارچەکانی تری کوردستان و بەتایبەتی پارتی و پەکەکە کە دەیانەوێ، جێگەی دۆراوی خۆیان لە پارچەکەی خۆیان لە ڕۆژهەڵات تێهەڵبێننەوە؟

بەڕێز بارزانی، وەک هەر ڕێبەرێکی تری کورد، لایەنی باش و خراپی هەبووە، چالاکی و خەمەکانی بۆ نیشتمان دیارن و هەڵەکانیشی بە هەمان شێوە کە لای تای تەراوزووی هەر دووکیان قورسە بەڵام خزمەتەکانی قورسترن و بە ڕووخساریەوە دیارە هەرچەند، ئەوە پرسیارە، “چما بارزانی، وەک پێشەوا، لە هەمبەر داوا ڕەواکەی خۆی نەوێستاوە و لە دانیشتنی ١٥ی ئۆکتۆبری شاری دووکان، ڕاشکاوانە پاشەکشەی لە گشتپرسی و ڕێبەریی کۆمەڵگاکەی کرد؟”

هەرچەند ئێمە وەک ناوەندی ڕۆژی کورد، بە گشتی بەراوردکردن بە هەڵە دەزانین و بەتایبەتی تر، بەراوردکردنی هەر ڕێبەرێکی تری کورد لەگەڵ ڕێبەرانی شەهیدی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەتایبەت شەهیدان سمایل ئاغا سمکۆ، پێشەوا قازی و دوکتور قاسملو و دووکتەر شەرەفکەندی و کاک فواد مستەفا سوڵتانی، لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی تری کورد بەراورد ناکەین، بەڵام دەکرێ بڵێین بارزانی بەپێچەوانەی پێشەوا کە تەنانەت لە بێدادگای ڕژیمی شا ـدا و بەبێ بوونی پارێزەرێکی ڕەوا و دەرفەتێکی ڕەوا بۆ بەرگری کردن لە خۆی و هاوڕێیانی، تا دوا چرکە بەرگری لە داوای سەربەخۆیی خۆی و کۆمار و خەڵکەکەی کرد بەڵام سەرکردایەتیی کورد لە باشوور و بەتایبەتی خودی بەڕێز مەسعوود بارزانی، لە زووترین کاتدا و لە دوای کۆبوونەوەی دووکان لە ڕێکەوتی ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، پاشەکشەیان لە داوای خۆیان و کورد کرد و تا ماوەی دوو ڕۆژ دوای هێرشیش نەهاتنە بەر چاوی کامێراکان و تا ئێستاش ڕوونکردنەوەیەکی مەحکەمەپەسەندیان بۆ کوردستان نەخستە ڕوو کە چما وای لێهات و لە کۆبوونەوەکەی دووکان چ ڕووی دا و بۆچی بەرگری تا ئێستاش نەکرا و بۆچی لە هەمبەر هەموو داواکەی عەبادی کە بە بارزانی بە دۆستی خۆی دەناسێنێ، کورد لە بەغدا چی بۆ دان و ستان پێیە؟

قسە و هەڵویستەکانی بەڕێز بارزانی لە ڕۆژی پێش گشپترسی و لە ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبر بەو لاوە، زەوی سەخت و ئاسمانی دوور، پێکەوە دژ و ناکۆکن، بۆیەش دەبێ کورد لێکدانەوەی خۆی هەبێ و دەست لە کارکشانەوەی بەڕێزیان بە هەند وەربگرێ و ئیزن بدا خەباتی کورد بە ڕێبەریەکی نوێ لە باشوور دەست پێبکاتەوە، بەتایبەت کە بەڕێزیان بەپێی زانیارییەکان دەبێ لە مانگی ٣ی ٢٠١٨ـەوە بۆ پشکنینی پزشکی بچنەوە دەرەوەی وڵات و لە ئێستاشدا دەگوترێ، دەستێکیان هێزی خۆی لە دەست داوە و سڕ بووە.

ڕۆژی یەکشەممەی ٣٠ی ژوئەن، ٦٠ کەس لە نوێنەرانی پارلەمانی کوردستانی باشوور، بە دەنگی خۆیان خولی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی بە سەر ئەو ناوچەیە کە لە ٢٠ ئاگوستی داهاتوو کۆتایی دەهات، تا ١٩ی ئاگوستی ساڵی ٢٠١٥ درێژ کردەوە.

جارێکی تریش، بارزانی ساڵی ٢٠١٥ لە کاتێکدا ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی بۆ درێژ کراوە کە زۆرینەی حیزبەکانی تری هەرێم، لەگەڵ ئەو درێژکردنەوەی ناکۆک بوون بەڵام بە هۆی ئەوەی کە دەنگی زۆرینەی پارلمان لە دەست پارتی دێموکراتی کوردستان دابوو، توانیان سەرەڕای ناڕەزایەتیەکان، وەک سەرۆکی هەرێم دایبنێنەوە کە هەر ئەوەش هۆکاری بەشێک لە ناڕەزایەتی و تەنانەت خیانەتەکان بوو، کارێک کە بارزانی بە تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ٢٠١٥ دەیتوانی پێشی لێ بگرێ و لە هەمان کاتدا وەک سەرۆکی حیزبەکەی و وەک ڕێبەرێکی هێمایین، لە دروور و نزیکەوە، چاوەدێری لەسەر پرسەکانی هەرێم و تەنانەت سەربەخۆییش بکات، ئەو کات هەم ڕێزی خۆی زیاتر دەپارێزرا، هەم هەرێم بەرەو یەکگرتوویی زیاتر دەچوو و هەم ئەو قەیرانانەی ئێستاش، لانیکەم لەو قەوارەیەدا ڕوویان نەدەدا.

ڕێکەوتی ١ی مانگی ٧ی ٢٠١٥، “نەوشیروان موستەفا” ی ڕێکخه ری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەم جار لەدوای جیابوونەوە لە یەکێتی ، لە سەرووی شاندێک لەگەڵ ئەندامانی مه کته بی سیاسیی ئەو پارتە، لەمەڕ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێداچوونەوەی یاسای بنەڕەتی چاوپێکەوتن و وتووێژی کردوە و لەدوای ئەو چاوپێکەوتنانە باسی لە هەڵوێستی هاوبەشی دوو پارت لەمبوارەدا کرد.

لە هەمان کاتیشدا، ئاسۆ محەممەد ئەندامی سەرکردایەتیی گۆڕان بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێتی لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی هەواڵدەریی ڕووداو کوتی، چوار حیزبی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ، بە سرنج بەوەی کە سەرجەم کورسییەکانیان و پارتە چکۆڵەترەکان کە هاوهەڵوێستیانن، دەگاتە زۆرترلە 58 کورسی کە ئاستی پێویستی پەرلەمان بەئەژمار دێت، بەنیازن بە پشت بەستن بە دەنگی زۆرینە، پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم لە پەرلەماندا یەکلا بکەنەوە و پێش بە درێژکرانەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانی بگرن.

بەڵام لە بەرانبەردا، پارتی خاوەنی 38 کورسیی نێو پەرلەمان بوو و سەرجەم کورسییەکانی پارتەکانی هاوڕەوت لەگەڵ ئەو پارتە، کە زۆربەیان پارتەکانی خاوەنی یەک کورسی و لە کەمینەکانی هەرێمن، لەگەڵ کورسییەکانی پارتی دەگەیشتە 53 کورسی.

کۆبەند:

کوردی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا لە حاڵەتێکی دژ و پێکناکۆدا خەبات دەکات، لەلایەکەوە هیچ گرێدراویەکی ئەوتۆی بە پرسەکانی ناو ماڵی خۆیەوە پێوە بەدی ناکرێ کە لە سەرەوە ئاماژەمان بە بەشێکی کەمیان دا، لەلایەکی تریشەوە لە پرسی هەموو بەشەکانی تری کوردستان بە چڕی بەشدارە و پیدەچێ بووبێتە نوێنەری هەموو پارچەکانی تر، هۆکاریش دەکرێ بۆ ئەوە بگەڕێندرێتەوە کە ئەو خەباتە بە کەم تێچووتر دەزانێ.

بەڵام بەشێک لە خاوەن رایان لایان وایە، ئەو شێوە خەباتە بەرهەمی سیاسەتی دوو حیزبی تری کوردستان واتا پارتی و پەکەکەیە کە بەردەوام هەوڵیان داوە پارچەکانی تری کوردستان، واتا ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، وەک حەوش خەڵەوتی خۆیان بەکاربێنن. حیزبیان بۆ ئەو پارچانە ساز کردووە و خەڵکانێکیان لە ڕێگای ڕێکلام و پارەوە بۆ لای خۆیان کێشاوە و خەڵکانێکیش بە هۆی ڕووداوە میژووییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان، وەک هاتنی بارزانیەکان بۆ ڕۆژهەڵات لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباددا، هاوسۆزیەکی میژووییان لەگەڵ ئەو حیزبانە هەیە. ئەگەر ئەو شیمانەیە ڕاست بێ، ئەوا کەسانێک لە ناو ناخی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتەوە، بە ئامانجی تایبەتی حیزبی لە پارچەکانی ترەوە، خەریکن ئاراستەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دەگۆڕن کە ئەوە زیانێکی گەورەی مێژوویی و نەتەوەییە لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی.

دەکرێ بگوترێ، کۆماری ئیسلامی بەو هەڵوێستانەش تووڕەیە و بارزانی بۆتە هێمای دژایەتی لەگەڵ ئێران کە لە ڕاستیدا لەوانەیە ئێستا وا بنوێنێ بەڵام لە بنەڕەتدا وا نیە و سەردانەکانی ئێران بۆ هەرێم و کۆبوونەوەکانی بارزانی و بەرپرسانی تری هەرێم لەگەڵ سەحراڕوودی و لاریجانی و قاسم سلێمانی، ئەوەمان بۆ ناخاتە ڕوو، ڕاستیەکان ئەوەن کە بەپێچەوانەی ڕوانگەی شەهید دوکتور قاسملوو، حیزبەکانی باشوور، ئەوەندە لە ئیران چوونە پێش کە نەیانتوانی هیچ کات لە ژێر دەسەڵاتی ئێران بچنە دەر و لە هەمان کاتدا لەسەر حیسابی کوردی پارچەکانی تریان کرد کە ئێستاش کە ئێستایە، بەرۆکی خەباتی رۆژهەڵات بەرنادا.

نامانەوێ لاپەڕە چڵکاویەکانی مێژوو هەڵدەینەوە، دەمانهەوێ بڵێین دەبێ ئێستا لە ڕۆژهەڵات، دەست بکرێت بە ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لە ناو کۆمەڵگا و ئاراستەکردنی خەبات بەرەو خودی ڕۆژهەڵات، ڕۆژهەڵاتێک کە بەپێی پێوەرە جوگرافیایی، سیاسیی و دێموگرافی و ..تادەکان، تەنیا و تاکە هیوای ڕزگاریی کوردستان و بونی کوردە بە دەوڵەت. لێرەدا ئەرکی حیزبەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕووناکبیران بەتایبەتی لەناوخۆ، سەد قات دەبێ.

دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری، گۆڕینی خەباتی بەرگری بەرەو هێرش، دەرچون لە قۆناغی باشوور، کەمکردن و سڕینەوەی پێویستیی ئابووری بە باشوور و بوودجەیەک کە تا ئێستاش ڕوون نیە لە کوێوە و بۆ دابین کراوە و دراوە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەرەو ڕۆژهەڵات بردنی کۆمەڵگای کوردی، کەمکردنەوەی هەستیاری بە پرسی پارچەکانی تری کوردستان، کەمکردنەوەی دەور و کاریگەریی ئیسلاح تەڵەبە ئیخوانیەکان، پێکهێنانی بەرەی هاوبەش و …تاد، ئەو ڕێکارانەن کە دەکرێ بگیردرێنە بەر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.