دێمۆکراتەکان لە نۆروێژ، ڕێچکەیان شکاند و پێکەوە یادی کۆماری کوردستانیان کردەوە

0
1291

یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بووە بە چیرۆکی دۆڵپای سەلیمی جەوهەری، تا ئێستاش بە باش و خراپ، بێ ئەنجام ماوەتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆرینەی ڕۆژهەڵات چاوەڕوانی یەکگرتنەوەیانە، کومیتەی دوو دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ لە باژێڕی تۆرێنهایم، ڕێچکەی حیزبەکانیان شکاند و پێکەوە یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان کردەوە.

ڕۆژی کورد: ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی فێوریەی ٢٠١٨ بەرانبەر لەگەڵ ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەندامانی دوو لای دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، پێکەوە جەژنی ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان گرت.

ئەو جەژنە لە کاتێکدا گیرا کە دوو لایەنی حدک و حدکا بە چڕی دژایەتیی ئەو یەکبوونەیان دەکرد، لێ کومیتەکان گوێیان بۆ سەرووی خۆیان شل نەکرد و جەژنەکەیان پێکەوە گرت.

بە گوێرەی هەواڵی هەواڵنێری رۆژی کورد کە لەو جەژنەدا بەشدار بووە، بەشێکی بەرچاو لە کوردانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی تر و بەتایبەتی کوردانی ڕۆژئاوا، لەو ئاهەنگەدا بەشدار بوون.

لەو جەژنەدا نە لۆگۆی حدکا دەبیندرا و نە ئی حدک، جەژنێکی یەکگرتوویانە کە بە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک کۆتایی پێهات.

کامڕان تەیمووری، چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی حدکا، بە نوێنەرایەتی لە هەر دوو باڵی دێموکرات، پەیامی هاوبەشی خوێندەوە. لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو،”ئێمە دێموکراتەکانی ناوچەی ترۆندهایم، ئەوساڵ پێکەوە یادی کۆماری کوردستان دەکەینەوە. وەها هەنگاوێک، وە نەبێ لە پڕ و لە خۆوە و هەنگاوێکی هەڵنەسێنگێندراو بێ، بەڵکو بە پێچەوانە بە هەست کردن بە روحی هاوخەباتیی، یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی و بە هەست کردن بە هەل و مەرجی ناسکی داهاتووی ناوچە و کوردستان، قۆزتنەوەی هەل و دەرفەتەکان و گەڕانەوەی هەیبەت و قورسایی و جێگەی شیاوی دیموکرات لە کوردستان و کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هاوکیشە سیاسییەکان دایە. بە هەر پێوەر و بە هەر چەشنە ڕوانگەیەک لە دۆخی ئێستامان بروانین، درێژە کێشانی ئەو دۆخە نەخوازراوە پاساو هەڵناگرێ. زۆر دەمیکە کاتی ئەوە هاتووە، هەموو پێکەوە مشوورێک لە پەرتەوازەیی و نالێکی نێو ماڵی گەورەی دێموکرات بخۆین. لە سەر شانی یەک بە یەکی ئێمە ئەرکە، تێکڕا قۆڵ لە داڕشتنەوەی بناغەی تۆکمە و قایمی دێموکراتی یەکگرتوو کە هەموو لایەک تێیدا هەست بە براوەیی بکەن، هەڵماڵین. ئەو مینبەرەی پێشەوای کوردستان، سوێندی وەفاداری لێ خوارد و گیانی پاکی لە پێناو دانا، لێی دەوێین، بە پێی قۆناغ و گرینگی و پیرۆزی خەباتەکەمان هەنگاوی بە کردەوە بۆ ئەو مەبەستە هەڵێنینەوە. هیوادارین هەنگاوی بە بڕشتی ئەو پۆلە لە دێموکراتەکان ببێ بە هەوێنی سەرەتای کاری هاوبەشی سەدان، هەزاران و لە تەواوێتی خۆی دا تێکڕای بنەماڵەی گەورەی دێموکراتی کوردستان.”

هەروەها ئاسۆ گولابی دێبوکری، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نوێنەرایتیی لاوانی دێموکرات پەیامێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد،

عیرفان ڕەهنموون، چاوەدێری سیاسیی ناسراوی کورد و ئەندامی حدکا لەو بۆنەیەدا بە نوێنەرایەتیی هەر دوو باڵی دێموکرات لێدوانێکی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد و گوتی: “کورد لەو کاتانەدا کە دەبێ یەک بگرێ، یەک ناگرێ و ئەوەش هۆکارێکی سەرەکیی سەرنەکەوتنی کوردە”.

ڕەهنموون، بە وردی ئاماژەی بە پێویستیی یەکگرتنەوەی دێموکرات دا و بە پێوەرێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتن و گەشەی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی وەسف کرد.

عارف نادری، چالاکی سیاسیی ناسراوی کوردیش بە نوێنەرایەتیی هێزە کوردستانیەکان، ڕاگەیێندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا باس لە دۆخی کوردستان و ئەستەم بوونی قۆناخەکە کرد.

بەڕێوەچونی ئەو جەژنە بە یەکگرتوویی لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زانیارییەکان، هیچ مەیلێکی ڕاستەقینە بۆ یەکگرتنەوە لە ئارادا نیە و پێدەچێ حدکا بڕیاری دابێ لە کۆنگرەی ١٦ی خۆیدا حدک وەک حیزبی فەرمی بناسێ.

بە سرنج دان بە پێکهاتنی کومیتەی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە تێیدا حدکا و حدکیش وەک دوو حیزبی جیاواز پێکەوە هاوکار و بەشدارن، حدکیش مەیلی یەکگرتنەوەی نەبێ و چاوەڕوان بێ بە فەرمی ئەوە لە زاری حدکا ببیستێ،

خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش بە گشتی چاوەڕوانی یەکگرتنەوەن و زۆر جاران بە پێشمەرگەکانی ئەو دوو باڵەی دێموکراتیان ڕاگەیاندووە “بچن یەک بگرنەوە ئەنجا وەرنەوە ناومان”.

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی تەشکیلاتی هەر دوو باڵی دێموکرات لە ناوخۆ، درێژەدانی چالاکی و بووژاندنەوەی هەوڵەکانی خۆیان بە یەکگرتنەوە گرێ داوە و دەڵێن تا ئەو کات، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین، ناچالاک دەمێننەوە، کۆنگرەی داهاتووی حدکا کە بڕیارە بەر لە بەهار چاوی بپشکوێ و ئەندامانی حیزبەکەی چیتر لە چاوەڕوانیدا ڕانەگرێ، ئەو بابەتە بە یەکجاری یەکلایی دەکاتەوە.

لە هەمان کاتدا، بەشێک لە بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە هاوبەشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەو بەشداریەیان بە شانازیەکی میژوویی بۆخۆیان لە قەڵەم داوە.

فایق ئەمینی، ئەندامی حدکا لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: “️سڵاو لە بنەمەماڵەی گەورەی دیموکڕات. یادی کۆماری کوردستان دوای لەت بوونی حیزبی دیموکڕات بۆ یەکەم جار بە بەشداری بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە نۆروێژ”.

ئازاد مستەفاپوور، هونەرمەندی موزیکژەن و دەنگبێژی ناسراوی ئەندامی حدکاش وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەو بۆنەوە نووسیویەتی: ” خەبەرێکی خۆشە کاک فایەق کە جیابوونەوەش ڕوویدا یەکمجار لە کومیتەیەکی دەروە دەستی پێکرد. هیوادارم ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت”.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.