دێرسیم.. لیوایەکی سوپای تورکیا بەرەو سنووری سووریا کەوتەڕێ

0
1994

ماوەی چوار رۆژە سەربازانی تورکیا لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا کۆدەکرێنەوە، ئەمڕۆش لیوایەکی سوپای تورکیا لە دێرسیمی باکووری کوردستانەوە بەرەو کلیس بەڕێکەوت.

زۆربەی لیواکانی سوپای تورکیا لە قەزای کلیس و دەوروبەری شاری عەنتاب کۆدەکرێنەوە کە 65 کیلۆمەتر لە شاری حەلەبی سووریاوە دوورە.

دوێنێ پێنجشەممە 25 تانک و نزیکەی 10 پاسی سەربازهەڵگر رەوانەی کیلیس کران، ئەمڕۆش فەرماندەیی 4 ی سوپای تورکیا لە دێرسیمی باکووری کوردستانەوە لە رێوشوێنێکی ئەمنی توونددا کە لە ئاسمانەوە فڕۆکە چاودێری دەکرد، رەوانەی سنووری سووریا کرا، ئەو فەرماندەییە بەتەواوی لە سەربازی پیادە پێکدێ.

ئەو فەرماندەییەی ئەمڕۆ رەوانەکراوە هەموویان پلەی باڵای سەربازییان هەیە و لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەرزترین پلەی راهێنانی سەربازییان بینوە.

هاوكات
هاوسەرۆکی KCK دەڵێ: ” تورکیا دەیەوێ بچێتە جەرابلوس و لەوێوە پارێزگاری لە داعش بکات، ئەگەر تورکیا بچێتە نێو رۆژئاوای کوردستان شەڕ لە تورکیا دەستپێدەکات”.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK لەکاتی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: ” پیلانی دروستکردنی هەرێمێکی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان ترسناکە، تورکیا دەیەوێ بچێتە جەرابلوس و لەوێوە هەموو جۆرە هاوکارییەکی داعش بکات، دەیانەوێ لەرێگەی هەرێمی ئارامەوە داعش بپارێزن”.

بایک جەختدەكاتەوە :” ئەگەر سوپای تورکیا بچێتە رۆژئاوای کوردستان، کوردیش بەرگری لەخۆیان دەکەن، پڕیشکی ئاگر تەنیا لەنێو سووریادا نابێت و تورکیاش دەگرێتەوە”.

رۆژی 25 ی ژووه‌نی 2015 زیاتر لە 80 چەکداری داعش چوونە نێو کۆبانێ و لەماوەی 2 رۆژدا زیاتر لە 300 هاونیشتمانیان شەهیدکرد، زیاتر لە 300ی دیکەش برینداربوون. بایک تورکیا بەهۆی ئەو هێرشەی چەکدارانی داعش بۆ سەر کۆبانێ تۆمەتباردەکات و دەڵێ: “تۆمەتباری ئەو کۆمەڵکوژییەی كۆبانێ رەجەب تەییب ئەردۆغانە”.

لە ساڵی 2013-ەوە تورکیا باس لە دروستکردنی هەرێمێکی ئارام و ناوچەیەکی دژەفڕین دەکات لە سووریا، کە ئامانج لێی وەک خۆی دەڵێت “پاراستنی خەڵک و سنوورەکانی خۆیەتی لە هەر مەترسییەک”.

ئەحمەد داودئۆغڵو، ساڵی 2014 گوتی “تورکیا دەیەوێ لە باکووری حەلەب بۆ ئیدلیب لە نزیک سنوورەکانی تورکیا، بۆ باکووری لازقییە، چەند ناوچەیەکی حەسەکە، لە کۆبانێ و جەرابلوس هەرێمی ئارام پێکبێ”.

ماوەی 2 ساڵە تورکیا لەرێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵدایە بۆئەوەی رازییان بکات هەرێمی ئارام لە سووریا پێکبێ، بەڵام رازینەبوونی وڵاتانی رۆژئاوا رێگەی لەوە نەگرت. ماوەی 3 رۆژە سوپای تورکیا لە سنووری نێوان سووریا و تورکیا بنەجێکراوە و چاوەڕێی فەرمانن بۆ چوونە نێو خاکی سووریا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.