دیاریی حەسەن ڕوحانی، لە سێدارەدانی زیاتر لە ناوخۆ و کراوەبوون بەرەو ڕووی جیهان

0
1251

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نۆیەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ڕێژەی ئاماری لەسێدارەدانەکانی ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٦ خستۆتە ڕوو. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٦دا لانیکەم ٥٣٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

لەو ڕاپۆرتەدا هەرچەند دەردەکەوێ کە لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ڕێژەی لەداردانەکان لە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا کەمی کردووە بەڵام لە بەراوردێک لە نێوان خولی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانی ـدا دەردەکەوێ کە لە ماوەی ٣ ساڵ و نیو سەرۆک کۆماریی حەسەن ڕوحانی لە بەراورد لەگەڵ خولی یەکەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد، ٧١٥ کەس زیاتر لە سێدارە دراوە و ئەو ڕێژەیە لە چاو خولی دووهەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاد ٤٧٨ کەس زیاتر لە سێدارە دراوە.

هەڵبەت بەپێی ئەوەی کە لە کۆماری ئیسلامیدا، زۆربەی لە سێدارەدانەکان نهێنی دەمێننەوە و بە دزییەوە لە ناو بەندیخانەکان ئەنجام دەدرێن و ڕاناگەیێندرێن، ئامارەکان زۆر لەوانە زیاترە.

هەندێک بنکەی ناودەوڵەتیی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن زیاتر لە ٣٠% لە سێدارەدانەکان لە ئێران، هیچ کات ئاشکرا ناکرێن.

زێدەبوونی بەرچاوی لە سێدارەدان لە سەردەمی حەسەن ڕوحانی کە بە سەرکردە و نوێنەری ئێستای بەناو ئیسلاح تەڵەبەکان دەناسرێ، لە کاتێکدایە کە حەسەن ڕوحانی لە ماوەی ٣ ساڵ و نیو سەرۆک کۆماریی خۆیدا، دەرگاکانی بەرەو ڕووی جیهان کردۆتەوە و پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی باشی لەگەڵ دەرەوە هەبووە و ئەوەش وایکردووە باسی لەسێدارەدانەکان لە مشتوومڕی نێوان ئێران و وڵاتانی زل هێزی جیهان و یەکێتیی ئوروپا نەخرێتە بەر باس و پشت گوێ بخرێت.

کۆی ئەو باسانە بەو واتایەیە کە هیچ هیوایەک بە گۆڕانکاری لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە گۆڕینی کەسەکان ناکرێت و لە بنەڕەتدا ئەوە سەرۆک کۆمار نیە کە بڕیارردەرە و دەتوانێ گۆڕانکاری بکات بەڵکوو سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە شوێنێکی ترەوە پیلان و پلانەکانی دادەڕێژێ.

لە ماوەی ڕابردوودا تەنیا بەشێکی کەم لە پارلمانتاران و وڵاتان ڕایانگەیاندووە کە لەوە بەدوا گەمارۆی غەیرە ناوکیش دەخەنە سەر ئێران و پرسی مافی مرۆڤیش دەورووژێنن بەڵام تا ئێستاش ئەو باسە گشتی نەکراوە و پشت گوێ خراوە و قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵاتان بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا، یەکێتیی ئوروپا لە دوای مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٦، داوای کردووە لەسێدارەدان لە ئێران ڕاوەستێ و لە دان وستانەکانیان لەگەڵ ئێران، لەوەبەدوا باس لە پرسی مافی مرۆڤیش دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت