دۆناڵد تڕامپ و محمد بن سەلمان لەمەڕ پڕۆگرامی ناوکی ئێران ڕاگۆڕینەوەیان کرد

0
788

دەوڵەتی عەرەبستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە محمد بن سەلمان لەگەڵ دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئامریکا چاوپێکەوتنیان کرد، لە چاوپێکەوتەکەیاندا کە ڕۆژی ۲۰مارس لە واشینگتۆن ئەنجامدرا لەمەڕ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسیەکانی ئێران وتووێژیان کرد.

ڕۆژی کورد: دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئامریکا لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بن سەلمان جێگری پاشای عەرەبستان کە لە کۆشکی سپی ئەنجامدرا پێداگریان لەسەر پێوەندییەکانی نێوانیان کردەوە بەڵام خۆیان پاراست لەسەر قسەکردن لەبارەی چارەنووسی ئایندەی ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران.

ئەمە یەکەم چاوپێکەوتنی نێوان تڕامپ و مەلیک سەلمانە لەو ڕۆژەوەی کە بە جێگری پاشای عەرەبستان هەڵبژێردراوە. لەم چاوپێکەوتنەدا کە لەنێوان بەرپرسانی ئامریکا و عەرەبستان ئەنجامدرا باسی ئاڵۆزییەکانی ئێران و شەڕی یەمەن کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەوڵەتی عەرەبستاندا هاتووە، دوولایەن پێداگریان لەسەر پێوەندییە مێژوویی و ئیستراتیژیەکانی نێوانیان کردووەتەوە.

هەرلە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تڕامپ دەستخۆشی لە شازادە بن سەلمان کردووە بەهۆی ئەوەی کە ڕۆڵی هەبووە لەمەڕ تەناهیی و ئاسایشی ناوچەکە و بەتایبەتی عەرەبستان و هەروەها پێداگری لەسەر ئەو پێوەندییە کردووەتەوە.

شازادە بن سەلمان دەست خۆشی لە تڕامپ کردووە بەهۆی ڕێبەریکردنی ئامریکا لە دژایەتی ئێران بەبۆنەی (وێرانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و شەڕی دژی داعش).

هەرلە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شازادە بن سەلمان و سەرۆککۆماری ئامریکا، پێداگریان لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن هەردوولاوە کردووە بەشێوەیەک کە بووژانەوەیەکی بەرچاو لەئابووری عەرەبستاندا تا ساڵی ۲۰۳۰ بێتەئاراوە.

دۆناڵد تڕامپ لەدرێژەی ئەم چاوپێکەتنەدا گوتی: لەماوەیەکی کورتدا توانیویەتی لەگەڵ بن سەلماندا پێوەندییەکی هاوڕێیانەی باش درووست بکات. هەروەها گوتی: هیچکات پێوەندییەکانی دوو وڵات هەتا ئێستا پێشکەوتنی ئاواباشی بەخۆیەوە نەدیوە.

سەرۆککۆماری ئامریکا هەروەها ئاماژەی بە فرۆشی چەک و چۆڵی نیزامی ماوەیی ڕابردووی ئامریکا بە عەرەبستان کرد و گوتی کە ئاڵووگۆڕێکی بەرچاو لەبواری ئابووری ئامریکاوە بەم هۆیەوە هاتووەتە کایە.

دۆناڵد تڕامپ لە کۆشکی سپیداو لەنێوان پەیامنێراندا، ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران کرد کە تەنها یەک مانگی ماوە بۆ کاتی درێژکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە و گوتی: دەبینن کە چ ئاڵووگۆڕێک دێتەئاراوە.

سەرۆککۆماری ئامریکا ئاماژەیی بە قسەکانی سەرۆککۆماری ئێران کرد و گوتی: ئێران لەگەڵ هەموو وڵاتانی دونیا یانیش لەگەڵ هێندێک لە وڵاتان پێوەندییەکی باشی نەبووە و چاوەڕوان دەکرێ لەئێران ئاڵووگۆڕگەلێکی ئێجگار ناخۆش ڕووبدات. ئامریکا و عەرەبستان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ گۆشەگیرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەردوولا ڕەخنەگری سەرەکی ئەو ڕێککەوتنەن.

هەردوولا باسیان لەسەر تەناهیی و ئارامی ناوچەکە کرد و هەروەها سووربوون لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی سپای پاسداران ئاژاوەگێڕانی سەرەکی ناوچەکەن.

لەمەڕ بابەتی یەمەن سەرۆککۆماری ئامریکا و شازادەی عەرەبستانی، هەڕەشەکانی حوسییەکانی یەمەن بەهاوکاری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییان تاوتووێ کرد و هەرلەو بارەوەش سووربوون لەسەر دژکردەوەی زیاتر بەرامبەر بەولایەنانە.

هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر چارەسەری ڕامیاری، لەمەڕ بابەتی یەمەن لەژێر سایەی بڕیارنامەی ۲۲۱٦ی شۆرایی تەناهیی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەروەها کارپێکردنی ڕێککەوتننامەی کەنداو.

تڕامپ و سەلمان هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە پێکەوە دوولایەنە دژبە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕابووەستن.

شازادە محمد بن سەلمان، سەردانی ڕەسمی خۆی بۆ ئامریکا کە ماوەیی سێ حەوتوو دەخایەنێت، ڕۆژی سێ شەممە دەستپێکرد. لەدوای چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکایی لە واشینگتۆن، سەردانگەلێکیشی دەبێت بۆ شارەکانی دیکەی ئامریکا و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی بەشی ئابووری و وزە و تێکنۆلۆژی ئامریکادا ئەنجام دەدات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.