دۆزی کورد و باسی ڕێفراندۆمی کوردستانی باشوور لە ژنێڤ تاووتوێ کرا

0
1337

ناوەندی زاگرۆس؛ دۆزی کورد و بابەتی ڕێفراندۆمی هەریمی باشووری کوردستان برایە شۆرای مافەکانی مرۆڤ و چەند کۆنفرانسی جیهانیەوە!

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، هاوکات لەگەڵ ٣٥ـەمین خۆلی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ، لە ڕۆژانی ٩، ١٢، ١٣، ١٤، ١٥ و ١٦ی ژۆئەن (جۆزەردان)ی ٢٠١٧، چەند کونفرانسێک سەبارەت بە بارودۆخی نەتەوە بندەستەکان و مافی چارەی خۆنووسینی ئەو نەتەوانە، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنيڤ بەڕێوە چوون.

ئەو کونفرانسانە لەلایەن ١٦ ڕيکخراوی جیهانی و ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤەوە ڕيکخرابوون و تەرخان کرابوون بە چەند بابەتی سەرەکی وەکو؛ ”مافی دیاریکردنی چارەنووس”، ”مافەکانی نەتەوە بن دەستەکان”، ”مافەکانی ژنانی گەلانی بن دەست”، ”مافی خوێندن لە ژێر داگیرکاریدا ، ”مافی مرۆڤ لە ئيراندا و کەمایەتیە نەتەوەییەکان” و ”کەمایەتیە ئایینیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین”.

لە یەکەم کۆنفرانسدا کە لە ژير ناونیشانی ”مافی گەلانی بندەستکراو”دا لە ڕۆژی ٩ی ژۆئەن (‌‌جۆزەردان) بەڕيوەچوو، لە لایەن نوێنەری ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باسێکی تێر و تەسەل لە مەڕ دابەشکاری و داگیرکاری لە هەر چوارپارچەی کوردستان پيشکەش کرا. لەو کۆنفرانسەدا بەشداربووانێک لە گەلانی دیکەی وەکو؛ تامیل، سە‌حراویەکان، چەند گەلێکی دیکە و چەند ڕيکخراوێکی نێونەتەوەیی بە نۆرەی خۆیان بابەتی داگیرکاری، کوشتاری بە کۆمەڵ و کێشەکانی پەیوەست بە داگیرکاریان پيشکەش کرد. هەر وەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا تا بە لە بەرچاو گرتنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێۆنەتەوەییەکان، هەوڵی پشتگری ئەو گەلانە و سڕینەوەی داگیرکاری بدات.

لە کۆنفرانسێکی دیکەدا کە ڕۆژی دوانزەی مانگ لە ژێر ناوی ”مافەکانی مرۆڤ و کەمایەتییە ئایینیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین” بەڕيوە چوو، نوێنەرانێک لە کەمایەتیە ئایینیەکانی ناوچەکە؛ ئێزیدی، بەهایی، کریستیەن، عەلەوی، باسێکیان سەبارەت بە بارودۆخی پەیڕەوانی ئایینەکەیان لە هەر کام لە وڵاتانی ئێران، ئێراق، سوریە، لوبنان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە پێشکەش کرد. لەو کۆنفرانسەدا دکتور محمەد قادر محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەریمی کوردستان، بەشدار بوو و بابەتێکی تێر و تەسەلی سەبارەت بە بارودۆخی کەمایەتیەکان لە هەریمی کوردستان و عێراق پێشکەش کرد. ناوبراو لە قسەکانیدا داوای پشتگری زیاتری بۆ هەریمی کوردستان وەکو تەنیا هەریمی پارێزەری کەمایەتیەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. هەر وەها بەڕێز ئەمیر سڵێوە دۆخی مەسێحیەکانی عێراق و هەریمی کوردستانی شی کردەوە. لە دواییدا نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بارو دۆخی کەمایەتیە ئایینیەکانی لەو وڵاتە خستە بەر باس و ڕەخنەی ئاراستەی ئێزیدیەکان کرد بە هۆی ڕەخنەکردنی حکوومەتی ناوەندی بە نەپاراستنیان لە بەرامبەر کۆمەڵکۆژی دا. لە کۆتاییدا پەیامێک ئاراستەی سەرۆکایەتی شۆرای مافەکانی مرۆڤ کرا بۆ بە دواداچوونی زیاتری بارودۆخی کەمایەتییە ئایینیەکان و کاراترکردنی سیستمی پاراستنیان.

لە ڕۆژی ١٣ی مانگدا کۆنفرانسی ”مافەکانی ژنانی گەلانی بن دەست” بە بەشداری ژنانی چەند گەلێکی داگیرکراو ڕێکخرا. لەو کونفرانسەدا خاتوو ڕووخوەش شێرۆ بە نۆێنەرایەتی ژنانی کورد و خاتوو نوورهای سۆنگۆل تارای بە ناوی ژنانی ئێزیدیەوە قسەیان کرد. هەر دوو ناوبراو لە باسەکەیاندا باڵیان کێشا سەر داگیرکاری و ئاکامە تاڵەکانی داگیرکاری. هەر وەها باسی نەهامەتیەکانی گەلی کورد و ئێزیدیەکانیان کرد. هەر وەها فیلمێکی دوکومێنتری لە بارەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژاوای کوردستان بڵاۆکرایەوە و سەرنج و هەستی زۆر لە بەشداربووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ژنانی تامیل و سەحراویش کە هاودەردیەکی تەواویان بۆ ژنانی کورد هەیە، بارودۆخی خۆیانیان لە سەردەمی داگیرکاریدا هێنایە بەر باس و داوای نیزیکایەتی و هاوکاری زیاتری ژنانی گەلانی ژێر دەست و داگیرکراویان کرد. داواشیان لە وڵاتانی ئەندامی شۆرا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پابەند بن بەو بەندانەی کە پەیوەستن بە مافەکانی گەلانی ژێر دەست و هەوڵی بە هێزکردن و باشترکردنی بارودۆخی ژنانی ئەو گەلانە بدەن.

کۆنفراسنێکی دیکە لە ژێر ناونیشانی ”مافی خوێندن لە ژێر داگیرکاری دا”، لە ڕۆژی ١٤ی مانگی ژوەن (حۆزەیران)ی ٢٠١٧دا بۆ خوێندکارانی گەلانی داگیرکراو و بن دەست پێک هێنرا. لەو کونفرانسەدا چەند خوێندکاری کورد لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانەوە لە لایەن ناوەندی زاگرۆسەوە بەشداری کونفرانسەکە کرابوون. هەر کام لە خوێندکارانی بەشداربوو توانیان لەو دەرفەتەدا بارودۆخی خوێندکاران و کێشەکانی بەردەم خوێندن و فێرکاریان لە هەر سێ پارچەی کوردستان بهێننە بەر باس. کاک خەسرەو موستەفا نیژاد، بابەتێکی لە سەر کێشەکانی خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشکەش کرد و کۆسپەکانی سەر ڕێگای خوێندن بە زمانی زگماکی و ئامادە نەبوونی حکوومەتی ئێران بۆ جێ بەجێکردنی یاساکانی خۆی لەو بارەوە بە ئامادەبووان ڕاگەیاند. ناوبراو هەروەها کەمبوونی ئیمکانات و پێویستیەکانی خوێندن و فێرکاری لە ناوچە کوردنشینەکان هێنایە بەرباس و وەکو نموونەیەک بۆ کەمتەرخەمیەکانی حکوومەتی ئێران لە بەرامبەر خوێندکارانی ئەو ناوچانە، ڕووداوی خوێندنگەی کچانی شیناوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە بەرچاوی ئامادەبووان. لە درێژەی کونفرانسدا هەروەها شیلان تۆرگۆت و لاچین ماسلەمانی بارودۆخی خوێندکارانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیان هێنایە بەر باس و داگیرکارییان وەکو هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزینی ژمارە و ڕادەی خوێندەواری لە نێۆ گەلی بندەستکراوی کورد دا زانی و داوای پشتگری نێۆنەتەوەییان بۆ خەباتی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرد. لە کوتایی کۆنفرانسەکەدا پەیامێک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانە پەیوەستەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد هەتاکۆ هەنگاوی جیددی بنن بۆ ئاسانکاری لە خوێندن بە زمانی زگماکی و لەو بارەوە گۆشاری زیاتر بخرێتە سەر حکوومەتە داگیرکارەکان.

دوو کۆنفرانسی دیکە لە ژێر ناونیشانی ”مافەکانی مرۆڤ و کەمایەتیەکانی ئێران” هەر وەها ”مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین” لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ڕۆژی ١٥ی مانگدا پێک هێنرا. لە کۆنفرانسی یەکەمدا کە تایبەت بە کەمایەتیەکانی ئێرانبوو نوێنەرانی بەشێک لەو کەمایەتیانە بەشداربوون و باڵیان کێشا سەر کێشە و گرفتەکانی خۆیان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا. خاتوو سەعیدە بەنی تەرەف، چالاکی عەرەبی ئەهوازی، دوای پێشکەشکردنی بابەتێکی تێر و تەسەل لە بارەی بارودۆخی هەموو کەمایەتیەکانی ئێرانەوە، باڵی کێشایە سەر بارودۆخی گەلی عەرەبی ئەهوازی و هەموو نەهامەتیەکان و کێشەکانی گەلەکەی خۆی هێنایە بەر باس. ناوبراو تەنیا چارەسەری بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتیەکانی گەلانی ئێران و گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین، یەکگرتوویی و یەک ستراتیژیەتی ئەو گەلانە زانی. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا هەر کام لە بەڕێزان بابان ئەلیاسی نۆێنەری ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتوو شۆعلە زەمینی و خاتوو دیانا عەلایی دۆزی کەمایەتیەکانی کورد، بەلووچ، بەهاییەکان و ژنانی ئێرانیان خستە ڕوو و چەند بەڵگەی ئاماریش لەو بارەوە پیشان دران.

لە هەمان ڕۆژدا و لە کۆنفراسی ”مافی دیاریکردنی چارەنووسدا” نوێنەرایەتی ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بوو و دوای پێشکەشکردنی باسێکی میژووی لە سەر دابەشبوونی کوردستان، بارودۆخی ئێستای هەر پارچەی خستە ڕوو و ئامانجە سیاسیەکانیشی ڕوون کردەوە. لە دريژەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەریمی کوردستان کە بەشداری کونفرانسەکە بوو، ڕوونکردنەوەی زیاتری لە مەڕ دواپێشهاتەکان و داخوازەکانی گەلانی کوردستان بە گۆێی بەشداربووان گەیاند و ویستی حکوومەتی هەریمی کوردستانیشی بۆ جێ بەجێکردنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەریمەکە، پێیان ڕاگەیاند و داوای پشتگری نێۆنەتەوەیی بۆ پڕۆسەکە و ئاکامەکانی کرد. لە کۆتاییدا گەلان و نوێنەرانی ڕێکخراوە بەشداربووەکان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و نووسراوەی ”ئێمە پشتگری ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەریمی کوردستان دەکەین” پشتگری خۆیان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی باشووری کوردستان دەربڕی.

لە ڕۆژی ١٦ی ژوەن (حۆزەیران)دا کۆنفرانسێکی دیکە لە ژێر ناونیشانی ”مافی گەلانی داگیرکراو” بەڕێوە چوو کە تێیدا نوێنەرایەتی زاگرۆس و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتاری خۆیان سەبارەت بە کورد و کوردستان و داگیرکاری ئەو گەلە و ئەو نەهامەتیانە کە بە سەر ئەو گەلەدا هاتووە دەربڕی و بۆ جارێکی دیکە داوای پشتگری نێۆ نەتەوەییان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی بندەستی دونیا کرد و هیوای خۆیان دەربڕی کە گەلی کورد بەو ئەزموونە تاڵەی کە لە داگیرکاری هەیەتی، ببێتە پشت و پەنای گەلانی داگیرکراوی دونیا.

پێویستە بگوترێ کە دوکتور محمەد قادر محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ‌حکوومەتی هەریمی کوردستان و بەڕێز ئەمیر سڵێوە، ڕاوێژکاری وەزیر، بۆ بەشداری لە کونفراسی ساڵیانەی ڕێکخراوی جیهانی کار هاتبوونە ژنێڤ و لە سەر داوەتی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشداری کونفرانسەکان بوون و وتاریان پێشکەش کرد و ژمارەیەک چاوپێکەوتنیان لە گەڵ ڕێکخراوە جیهانیەکانی ئەندامی شۆرای مافەکانی مرۆڤ، بۆ ڕێکخرا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت