دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستاندا بەشی دووەم

0
1127

ڕاوێژ: وێڕای بە خەیرهاتنی بەڕێز کەماڵ حسەینی سەرەتا بەپێویستی دەزانم کە ئەگەر دڵ ئێشانێک بەهۆی هەڵە لێک تێ گەییشتنێک لە بڕگەی یەکەمی وتووێژەکە هاتووەتە ئاراوە داوای لێبوردن دەکەم.

بەخێر بێنەوە بۆ ژووری راوێژ، ژووری خۆتان و هەموو بیروڕا رەنگاوڕەنگەکان.

حوسێنی: سڵاوم هەیە بۆ هەم ووئامادەبووانی ئازیز، سەرەتا ساڵی نوێی زایننی لە هەموو خۆشەویستانم و ئەو کەسانەی کە شەو و ڕۆژیان بەو ڕۆژژمێرە دەسووڕێت، دەکەم و هیوادارم ساڵێکی پڕ لە شادی و خۆشی ئاشتی لە نێوان هەموو مرۆڤایەتی دابێت.

ڕاوێژ: سەرەتا دەمهەوێ بە پرسیاری هاوڕێیەک لە بەشی یەکەمدا دەست پێ بکەم: باشە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بوونی هەیە؟ ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانەی کە لە ئێراندا کار دەکەن و خەبات دەکەن، ئێران ڕێگایان پێ دەدات یان لە ژێر یاسای حکومی ئێراندا و بە پێی بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران، کار دەکەن؟

حوسێنی: هەر شارۆمەندێک دهبێ بەرژهوندییەكانی یاسایی نێو وڵاتەکەی بپارێزێت. ئێمه وه كو چالاكوانی مافی مرۆڤ ئەرکی ژیارمان له سه ر شانه، هیچ وڵاتێكی دونیا هه موو ٣٠ خاڵەکەی مافی مرۆڤی به ته واوی نەكردۆته یاسای بنەڕەتی خۆی بەڵام هاتون له ڕوحی یاسا دا گونجاندویانه یانی یاسای وڵاتەكەیان جۆریك دامەزراندووه كه كه مترین پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤی تێدا نەبێت هەندێک یان زور نزیك بونەتەوه له

ئامانجی جاڕنامە كه و هەندێکی شیان زۆر دوورن له پەنای ئەوەدا مافی شارۆمەندی هەیه كه پێموایە بۆ هەر کۆمەڵگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و بەڵام وەرگیراوی جاڕنامەکەیە.

ڕاوێژ: واتە ئێوە لە چوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامیدا چالاکی دەکەن ؟

حوسێنی: بە دڵنیاییەوە

ڕاوێژ: چالاکی لە چوارچێوەی یاسایەکدا کە خۆی هۆکاری پێشێلکرانی مافی مرۆڤه دەتوانێ کاریگەر بێت؟ واته ئێوە ناتوانن دژایەتیی یاسا بکەن و تەنیا بۆ جێ بەجێ کرانی ئەو خاڵانه تێدەکوشن کە لە یاسادا هەن ؟

حوسێنی: بەڕێوەبەران و بەرپرسان و دادوەران خەریكن پێشێلی  دەكەن، خو ئێمە نایكه ین، ئێمە له پێشدا داوا دەكەین یاسا بەڕێوه بەرن، دوایه داوا له نوێنەرانی  پارلمان و دەزگای دادوەری و دەوڵەت  دەكەین ئاسانكاری بکەن بۆ ئەو خاڵانەی كه پێشێلکاری تێدایە. پێویستی به دژایەتی نیه، داوا دەكەین و له هەر دەرفەتێك کەڵک وەردەگرین بۆ گۆڕانکاری له یاساكاندا و بیر و باوەڕی خەڵک به گشتی و به تایبه تی بەرپرسان بۆ ئاسانكاری بو گۆڕان.

ڕاوێژ: سیستەمی یاسای بنەڕەتی ئێران لەسەر بنەمای دینی ئیسلام دامەزراوە، و بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ، خودی دین هەڵگری چەند ناتەبایی ڕەگەزیی و مرۆییە. ئێوە ئەو پرسە چۆن دەبینن و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەو بوارەدا چ دەتوانێت بکات؟

حوسێنی: سیستەمی یاسایی ئێران بەشێكی زۆری هەڵقولڵاوی بیر و باوەڕی خەڵکە، لە بنەڕەتدا بەرێوەچوونی هەموو  ٣٠ خاڵەکەیمافی مرۆڤ له ئێراندا مەحاڵە، تۆ چی دەکەی له سزای قیساس (تۆڵە)؟

ڕاوێژ: یاسای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای ئیسلام دانراوە ؟

حوسێنی: بەڵێ بەڵام خەڵکیش زۆرینەیان ئیسلامین و باوەڕیان بە شەریعەتی ئیسلام و تایبەتمەندییەكانی هەیە، بۆ نموونە ئیستا دەوڵەت هیچ كاری بەو باوكه  نیە كه میراتی خۆی به شێوەی بەرابەر بەسەر کچ و کوڕەکانیدا دابەش بكات، بەڵام ئایا چەند لە سەدی کۆمەڵگا، ئەوە دکەن؟ دڵنیام هەر باوکێک ئەوە بکات، هیچ کەس سزای نادات، دەبێ ئاسانكاری بکرێت بۆ گۆڕانی ئاستی بیركردنه وەی کۆمەڵگا، چون بەرپرسانیش هەڵقوڵاوی ئەو کۆمەڵگایەن. له كوێی یاسادا ئیزن دراوه به ئه شكەنجەی زیندانی؟ له كوێی یاسادا هاتووه پۆلیس ئیزنی بەر شه ق دانی شارۆمەند و هاووڵاتی خۆی هەیه؟ له كوێی یاسادا هاتووه بێ ڕێزی به ژنێك كه دوو تاڵی مووی سەری به دەرەوەیە بكرێت؟

ڕاوێژ: ئایا ڕەوایه کە بە بۆنەی زۆرینەیەکەوە، مافی کەمینەیەک پێشێل بکرێت؟ ئەگەر یاسای میرات (بۆماوە) گۆڕانی بەسەردا بێت و باوکێک وەکوو ماف، نیوەی میراتی خۆی بدا بە کچەکەی نەک وەکوو لوتف و منەت، ڕێز لە مافی ژن نەگیراوە؟! یاسای خۆپاڵاوتن بۆ سەرکۆماری چی ئەدی؟

حوسێنی: من کەی کوتوومە پێشێلکاری نیە و نەکراوە؟ من عەرزم کردن کە لە دوو قۆناغدا ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکارییانە دەبینەوە:

١- لە پێشدا هەوڵ دەدەین  یاسایەک کە هەیە جێ بە جێ بکرێت، نەک لەبەر ئەوەی کە زۆر باشە، نا! بەڵکو لەبەر باوەڕمەندی بە یاسا و جێگیر کردنی لە ناو کۆمەڵگادا، ئەگەر بۆ کوڕی فڵان سەردار و ئاغازادەش  یاسا وه كو من و جیرانەكەم بەڕێوە بچێت ئەویش وەكو من هەوڵ دەدات بۆ باشتربوونی.

٢- لە پەنای ئەرکی یەکەم، هەوڵ دەدەین لە ڕێگاکان و زەرفیەتەکانی سیستەمەوە کە ئەویش چەند قۆناغی تایبەت بە خۆی هەیه ئاسانكاری بو گورانی ئه و خاڵانه بكەین كه پێشێلكاری مافی مروڤی تێدایه.

ڕاوێژ: کاک کەماڵ دەڕۆینه سەر پرسیارێکی دیکه و لە کۆتاییدا ئەگەر کاتمان ما لە بارەی ئەم دوو بڕگەیەوە چەند پرسیار دەکەم.

با باسێک لە لەسێدارەدان لە ئێران بکەین، ڕاپۆرتەکان دەڵین لەو ماوە کورتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٤ کەس لە دار دراون، تاوانی زۆربەشیان مادە هۆشبەرەکان بووە، لایەنگرانی دژبەر و چالاکوانانێکی زۆر لایان وایە کە ئەو تاوانە هەڵپێچراوە و کەسانی سیاسیش بەو ناوە لە دار دەدرێن، ئێوە راتان چیە؟

حوسێنی: من پێم وا نیە چونکە بەڵگەم نیە.

ڕاوێژ: یانێ ئێوە لەسەر ئەو باوەڕەن کە تاوانی ئەو کەسانە هەڵپێچراو نەبووە ؟

حوسێنی: نا ! بۆی هەیە له بواری ئایینی دادرسی كەیفریەوه شێوازی لێكۆڵینەوە، هەڵەی تێدا بێت و بێ تاوان سزای سێدارەی بەسەردا، بسەپێت، بەڵام چالاکێکی سیاسی بگرن و بیانهەوێ بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان لە سێدارەی بدەن، من ناتوانم بە هیچ چەشنێک پشت ڕاستی بکەمەوە، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هیچ کەسێک تەعارووفی نیە و شەرم لە کەس ناکا.

بەرڕێزان ئێمە کە باس لە یاسا و مافی مرۆڤ دەکەین، نابێ لە گۆترە و هەڕەمەکی و بێ بەڵگە  و بۆ مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی،  كه یسی ناڕەوا دروست بکەین، ئەو كارانه نەتەنیا كیشەكان چارەسەر ناكات، بەڵکو ئەوان  زیاتر چاوسوور دەبن کە وابکەن. من لەگەڵ سێدارە بەهەموو جورێك، دژایەتیم هەیە، وتاریێكم لەوبارهوە نوسیوه كه بۆ دژم؟ دوایه لینكەكه یتان پێشكەش دەکەم.

ڕاوێژ: ئەی ئێوە هیچ بەڵگەیەک جگه لە حوکمی دادگا لاتان هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دەدرێن؟ ئایا حوکمی دادگای بەڵگەیە؟

حوسێنی: نازانم مەبەستتان چیە لەو پرسیاره؟ یانی چونکە دادگا سزای سێدارە بۆ کەسانێک کە مادەی هۆشبەریان فرۆشتووە دەدات، بەپێی حوکمی دادگا من قەبووڵمە؟

ڕاوێژ: بەڵگەیەک کە بسەلمێنێ هاووڵاتیی لەسێدارەدراو بەڕاستی تاوانبارە؟ هەروەک هەموو کوردستان ئاگادارن حکوومەت بۆخۆی هۆکاری سەرەکیی بازرگانیی به ماددە هۆشبەرەکانە. ئایا ئەو کەسە تاوانبارە بەهۆی ئەوی لەگەڵ مۆرەکانی حکوومەت نەبووە لەسێدارە نەدراوە ؟ حوکمی دەرکراوی دادگا و تاوانی نووسراو تەنیا بەڵگەیە بۆ ئێوەی چالاکانی مافی مرۆڤ ؟؟

حوسێنی: نا ئێمە هه مو زانیارەكان له دادگاه ورنەاگرین. من عەرزم كردن سێدارە بەهەر هۆكارێك بێت ئێمە مەحكومی دەکەین و هەوڵمان ئەوەیە تا ئەو جێگایەی بتوانین و بكرێت ڕێژەکەی بێنینه خوارێ، سەرچاوەکانی ئێمە ئەوانەن:

 ١- پاریزەر

٢- بنەماڵهی قوربانی

٣- زیندانی

٤- هاوبەندییەكانی

٤- سەرچاوەی تر

ناكری بڵێین حكومت به گشتی بەڵام بەشێکی دیار هەن. دیسان من پێموایە ئەوانه به شیكن كه به فێڵ و درۆ هاتوەنه نێو دەسەڵاتەوه ناكرێ حوكمی گشتی بۆ هەمو دەسەڵاتداران دەربكریت، تكایه شته كان با تێکەڵ نەکەین.

ڕاوێژ: بۆ هەر لەسێدارە دراوێک ئەو کۆمەڵە سەرچاوە ڕەچاو دەکەن یان قەناعەت دەکەنە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان؟

حوسێنی: به هیچ جۆرێک، بۆ سێدارەی برایانی ئه فشاری و مەنسووری ئاروەند هوالنێریەكانی حكومەت رایانگەیاند؟

ڕاوێژ: پرسیاری من لەبارەی لەسێدارەدراوانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان بوو، کە ئایا ئێوە ئەو چوار پەنج سەرچاوە ڕەچاو دەکەن یان کە دەبینن نووسراوە مادەی هۆشبەر ئیدی بەدواداچوون ناکەن ؟!

حوسێنی: بەپێچەوانەوە ئێمە زیاتر بەدواداوچوون بۆ ئەوان دەکەین، چونکو بێ تێچوویە (بۆ بزەی لێو). ئێمە داعشیەک ومادەی هۆشبەر فرۆشێک و هاوکارێکی خۆمان لەو کاتەدا کە گیراوە، وەکو یەک بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

ژووری ڕاوێژ له‌ تێلێگرام
ژووری ڕاوێژ له‌ تێلێگرام

ڕاوێژ: باشە کاک کەماڵ زۆرێک لە وڵاتان سزای لە سێدارەدانیان هەیە بەڵام زۆربەی پارێزەران و چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵین نابی سێدارە هەبێ و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی دیموکراتیکیش ئە وسزایەیان لا بردووە، زۆر کەس یش دەڵێن ئەدی کەسێک کە بۆ نموونە مرۆڤکوژی دەکا دەبی بکوژرێتەوە و دەبێ جیهان لە پیسی بسرێتەوە. ئیوە راتان چیە؟

حوسێنی: من لام وایە تووندوتیژی و بەکارهێنانی، دووبارە بەرهەمهێنەرەوەی تووندووتیژی ده كات و سووڕی تووندوتیژی دووبارە و دووبارە دەکاتەوە، منداڵێک کە دەبینێت باوکی لە سێدارە دەدرێت، ئەویش گیرۆدەی ئەو تووندوتیژییە دەبێت و لەوانەیە ڕق و بوغزێکی زۆر لە خۆیدا هەڵگرێت و کاتی گەورەبوونی یان بکوژێت یان بکوژرێتەوە. ئامارەکانیش لە ئێراندا نێشانی دەدات کە لەسێدارەدان، تاوانی وەکو ماددەی هۆشبەری نەتەنیا کەم نەکردۆتەوە، بگرە زیاتریش بووە. دەکرێ بۆ وڵامی چڕ و پڕتری ئەو پرسیاره وتاری من به ناوی : (اعدام و راهكاری برای كاهش آن، كمال حسینی له گوگل یان سایتی mukriannews.info بخوێننەوه).

ڕاوێژ: باسی تێچووت کرد، ئەو تێچووانە چیە ئێوە لێی دەترسن یان ڕووبەڕووتان دەبێتەوە؟

حوسێنی: کاک هێدی بەر لەوەی کە وڵامی ئەو پرسیارەت بدەمەوە باشترە ئاماژەیەک بە جۆرەکانی چالاکی بکەم: له زۆربەی وڵاتانی دونیا دوو جۆر ئۆپۆزیسیۆن هەن، ئۆپوزیسیونی دەرەوه و ئۆپۆزیسیۆنی ژورەوه (ناوخۆ). هەر دوكیان دەكرێت لەسەر چەند خاڵی هاوبەش پێك بگەن. بەڵام ئەوه بەو مانایه نیه کە هەر یەكن یان شێوازی كاریان دەبێ یەك بێت كارویژەی جیاوازیان هەیه و شێوازی دژ بوونیان جیاوازە. ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوه دەكرێت به یاسای وڵات پێ بەند نەبێت یان دەكرێت هەوڵ بدات بۆ تێکچوونی سیستەمی دەسەڵات، واته بەرانداز و داوای ڕووخانی سیستەمی دەسەڵات بکات. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ ناتوانی بەو جۆره بێت

ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ ئەگەر چەند خاڵی نێو یاسای قەبوڵیش نەبێت دەبێت بەپێی یاسا هەڵسوڕانی بێت و هەوڵی  ئەوه بێت له شێوازەكانی یاسایی وەكو هەڵبژاردن و ریفراندۆم و زەرفیەته یاساییەكان كەڵک وەرگرێت بۆ گۆڕان و باشتر بونی دۆخی وڵات ئێمەش لەو پێناسەیە جیاواز نین، دیاره هەندێک جار لەوانەیە تووشی سنور شكاندنیش ببین بەڵام تەواوی هەوڵی ئێمە ئەوەیه سنورەكانی یاسایی نەشكێنین بۆ ئەوەی كه بمێنینەوه. مانەوەمان باشتره له زیندان چوون، زیندان چون هونەر نیه بەڵام ئەگەر ناچار بوین به شانازییەوه تێپەڕی دەكەین وەكو ئێستای كاك سەدیق و كاك مەسعوود و كاك خوسره و كه بۆ هەموومان جێی شانازین

ڕاوێژ: ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆ لە ئێراندا ناتوانرێ وەکوو ئۆپۆزسیۆن سەیر بکرێت و بەپێی پێناسە شێوە ئۆپۆزسیۆنە.  لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم باسە و باسی چالاکیی رێکخراو و تاکەکانی چالاکی مافی مرۆڤ. باسی تێچووت کرد، ئەو تێچووانە چیە ئێوە لێی دەترسن یان ڕووبەڕووتان دەبێتەوە؟

حوسێنی: ئەوە ڕای جەنابتە، دەکرێ من بەوانەی دەرەوە بڵێم ئۆپۆزیسیۆن نین بەڵام راستییەکان واناڵێن . ئەوان ئەركی خۆیان به جێ هێناوه بەڵام هونەریان ئەوه یه كه فشار و زیندان و دەرکران و دابڕاندن، نەیتوانیوه ئەو بەڕێزانه بەرەو ئاقارێکی توند و تیژ بەرێت ئێستاش شێوازی کارکردنیان هەر وەکو پێش زیندان چونیانه بە شێوەی مەدەنی و یاسایی

ڕاوێژ: با بچینە سەر باسی خۆ سووتاندنی ئافرەتان، ئامارێکی زۆر هەیە لەو بارەوە هەروەها ئاماری تەڵاق بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی یان بێ بەش بوونی زۆر کەس لە مافی زەماوەند و ژیانی هاوبەش بە هۆی بێکاری، بەو جۆرە دەتوانین بلێین کۆماری ئیسلامی دەستی هەیە لە بن پێ و پێشێل کردنی بە ئانقەستی مافی مرۆڤ و دەبێ بدرێتە دادگایەکی بێ لایەن و سزا بدرێت؟

حوسێنی: وه رن با باسی مومكنەکان بكەین، ئەوەی جەنابت باسی دەکەی مومتنیعولوجوده، له كوێی دادگایی دەكەی و به چ میكانیزمێک ؟

ڕاوێژ: دادگایەکی نێودەوڵەتیی و بێ لایەن هەرچەندە بەپێی محتوای حکوومەت هیچ کاریگەرییەکی نابێت. و دیتووشمانه

حوسێنی: من لەگەڵ شێوازی دادگایی كردنی سەددام و تەنانەت له سێدارەدانیشیدا نەبووم و دژی بوم، ئه وانه ڕاستی و حەقیقەت نین، بەداخەوه سیاسەت مافی مرۆڤی كردۆته قوربانی خۆی ،له زۆر شوێنی دونیا. با بێینه سەر سووتانی ئافرەتان و دوایەش تەڵاق.

ڕاوێژ: تکایە، فەرموون

حوسێنی: هەردووکیان، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە.

یەکەم: سوننەت و ئایینی خەڵک  به گشتی و هەندێک له بنەماڵەکان بە تایبەتی.

دووهەم:  نەبوونی بەرنامه و سیستەم له نێو دەزگاكانی حكومی و پەیوەندیدار.

دەکرێ زۆر کۆمەڵگا ئەو ئامرازانەی تێدا بوبێت یان هەبێت بەڵام به پلان و بەرنامه پێم وابیت له ماوەی زمانیەكی ٢٠ ساڵەدا، چارەسەر بکرێت.

ڕاوێژ: باسی ئێمە یاسا و ناعەداڵییەتییەکانی ناو یاسایه کاک کەماڵ ، خەسارناسیی کۆمەڵایەتیی ئەرکی ئێمە نیه.

حوسێنی:  به شی توندئاژۆی سیستەمی دەسەڵات بودجەكان دەدەن به گەڵاڵەی عفاف و حیجاب و سەركوت كردنی بەوته ی خۆیان ژنانی لاڕێ، له جیات ئەوەی کە تەرخانی بکەن بۆ سیستەمی كولتوری و ئابوری ژنان.

ڕاوێژ: زۆر جار دەبینین بە هۆی چالاکی سیاسی خەلکانێکی زۆر و بەتایبەتی لە کوردستان دەگیرێن و زیندانی کورت ماوە یان درێژ خایەن و هەتا هەتایی و تەنانەت سێدارەشیان دەدرێتێ، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە ئیوە ئەو چالاکیانە بە مافی خەڵک نازانن؟ ئەگەر پێتان مافێکی رەوایە ئایا دەوڵەتی ئێران بە تاوانبار دەزانن لەو ڕوانگەوە؟ بۆ چی رێژیمی ئێران زیندانیانی سیاسیی کورد وەکوو زیندانیی ئەمنیەتی ناو دەبا؟  ئایا ئەم تەرفەندێکە کە رێژیم دەستی ئەوەڵاتر بێ  بۆ سەپاندنی سزای توند و درێژماوە؟

حوسێنی: لەسەر ئەو پرسیارە من تێبینی تایبەتم هەیە.  له به شی یەکەمی ئەو مژارەدا ئاماژه بەوە درا كه هەموو چالاكیەك نابێته چالاكی بۆ مافی مرۆڤ بەتایبەتی چالاكی ڕەوت و ڕێكخراوه و حیزبی سیاسی. دۆستیكی چالاكی سیاسی ئه و پرسیارەی كرد كه یانی من چالاكی مافی مرۆڤ نیم؟ منیش کوتم نا.

ڕاوێژ: زۆر جار دەبینین بە هۆی چالاکی سیاسی خەلکانێکی زۆر و بەتایبەتی لە کوردستان دەگیرێن و زیندانی کورت ماوە یان درێژ خایەن و هەتا هەتایی و تەنانەت سێدارەشیان دەدرێتێ، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە ئیوە ئەو چالاکیانە بە مافی خەڵک نازانن؟ ئەگەر پێتان مافێکی رەوایە ئایا دەوڵەتی ئێران بە تاوانبار دەزانن لەو ڕوانگەوە؟ بۆ چی رێژیمی ئێران زیندانیانی سیاسیی کورد وەکوو زیندانیی ئەمنیەتی ناو دەبا؟  ئایا ئەم تەرفەندێکە کە رێژیم دەستی ئەوەڵاتر بێ  بۆ سەپاندنی سزای توند و درێژماوە؟ واته مافی ئازادیی لە چالاکیی سیاسیی مافی مرۆڤە ؟

حوسێنی: چالاكی سیاسی یان حیزبی سیاسی ده توانی هەوڵێ جێ بە جێ کردنی خاڵەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی هەبیت بەڵام تاڕادەیەک كه لەگەڵ بەرژەوندیه سیاسیەكانی كۆك بێت دەكریت بۆ ماوەی درێژخایەن بەرژەوندی ئەو جەریانه سیاسیه مافی مرۆڤ بیت بەڵام چون كارویژەی سەرەكی سیاسەت به دەست گرتنی دەسەڵاته دەكرێت بۆ دەسەڵات مافی مرۆڤیش پێشێل بكات، بەڵام چالاكوانی مافی مرۆڤ و ڕیكخراوه مەدەنیە نادەوڵەتییەکان تەنیا بەرژەوندیان، ئاسانكاری بۆ سەقامگیر بوونی مافی مرۆڤه به شێوه ی مرۆڤایەتی و یاسایی. چالاكی مافی مرۆڤ جیا لە بەڕێوە بردنی یاساكانی ناو وڵات هیچ ڕێگایەکی دیکەی نیە، چون جیاواز له ڕێگای مەدەنی و یاسایی، ناتوانێ به شێوەی دیكه هەوڵ بۆ جێ بە جێ كردنی مافەكانی مرۆڤ بێت. له چوارچێوەی كاری سیاسیدا هەموو شێوازه كانی خەباتی سیاسی جیاواز له باش یا خراپ بونی ڕێگاكان دەکرێت تاقی كرێتەوه و دەكرێت لایەنەكان خۆیان توشی پێشێلكاری مافەكان بن، بەڵام بۆ چالاكوانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوەكانی ئەو بواره، هیچ ڕێگایەک جیا لە ڕێگای هێمنانه و یاسایی مومكین نیه، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر پروسەكه ی ڕاوەستێت.

لە وڵامی ئەو بەرێزەدا سیاسییەدا کە پرسی ئایا تۆ منت پێ چالاکی مافی مرۆڤ نیە، دەڵێم دەکرێ بەڕیزیشت بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو چالاکی  چالاكی مافی مرۆڤ بی، بەڵام هەمووكات ترسی ئەوه هەیە بەرژەوەندی سیاسیت، شێوازی كارت بگۆڕێت ئەگەر کەوتیە دوو ڕێیانەوە و دیسانیش بۆ بەرژەوندی سیاسی – حیزبیت شێوازت نەگۆڕی و مافەكانت ژێر پێ نەخست، دڵنیابه تۆش چالاكی مافی مرۆڤی و سیاسی كار نیت.

بەڵام ولڵامی تایبەت به و پرسیاره: “زۆر جار دەبینین بە هۆی چالاکی سیاسی خەڵکانێکی زۆر و بەتایبەتی لە کوردستان دەگیرێن و زیندانی کورت ماوە یان درێژ خایەن و هەتا هەتایی و تەنانەت سێدارەشیان دەدرێتێ، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە ئیوە ئەو چالاکیانە بە مافی خەڵک نازانن؟ ئەگەر پێتان مافێکی رەوایە ئایا دەوڵەتی ئێران بە تاوانبار دەزانن لەو ڕوانگەوە؟ بۆ چی رێژیمی ئێران زیندانیانی سیاسیی کورد وەکوو زیندانیی ئەمنیەتی ناو دەبا؟  ئایا ئەم تەرفەندێکە کە رێژیم دەستی ئەوەڵاتر بێ  بۆ سەپاندنی سزای توند و درێژماوە؟”.

حوسێنی: ئێمە به بێ لایەنگری، داكۆكیمان له هەموو زیندانیەك كردووه له بڵاوکردنەوەی هەواڵو دانی هەوڵ بۆ گرتنی پارێزەر و یارمەتی دانی بنەماڵەیان بۆ وەدست هێنانی مافه ڕەوا یاساییەکانیان و ئاسانكاری بۆ پێشێل نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی ەکو هەر ومرۆڤیك و شارۆمەندێكی ئەو وڵاته به بێ جیاوازی تا هەوڵ بۆ ئازاد بوونی، بەڵام ئێمە به پێی توانایی خۆمان، ئیمكان و دەرفەتی چالاكیمان هەیه بۆ زیندانی، بەشێکی زۆری لەوانەیە لە توانایی ئێمەشدا نەبێت، هەروەک تەنانەت لە توانایی پارێزەرەکانیشدا نیە.

ڕاوێژ: لەڕووی پێشێل کردنی مافی مرۆج، حکوومەتی ئێران بە تاوانبار دەزانن ؟

حوسێنی: من چالاكی سیاسی و ئازادی بیر و ڕا بە مافی ڕەوای هەر تاکێک دەزانم، هەروەک لە یاساشدا هاتووە و له خالەکانی مافی مرۆڤیشدا گونجاوه. له یاسای ئێراندا هاتووه هەر تاكێك مادام دەست بۆ چەك نەبات له بیر كردنەوه و چالاكی سیاسی ئازاده. ئەگەر غەیری ئەوه ڕووبدات كه ڕووی داوه بەڵێ پێشێلكاری یاسایه و مافەكانی مرۆڤش، ئەگەر غەیری ئەوە ڕوو بدات بەڵێ تاوانبارە.

ڕاوێژ: حکوومەت بە تاوانبار دەزانن؟ لە ڕووی پێشێل کردنی مافی مرۆڤەوە مەبەستە. باسی ئێمە کردەوەیە. نووسراوەکان دروشمن.

حوسێنی: هەر کەس یاسا لەبەر چاو نەگرێت چ چالاكوانی سیاسی بێت چ هەر بەرپرسێكی حكومەت بێت، تاوانباره و دەبێ سزا بدرێت بە پێی یاسا.

ڕاوێژ: واته حکوومەت بە تاوانبار دەزانن لە رووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە.تکایه بە ڕاشکاوی وڵام بدەنەوە، وا قسە دەکەن دەڵێی نازانن ڕووی داوە یان نا؟

حوسێنی: ئەگەر رووی نەدابا بوونی ئێمە بۆ چ بوو؟

ڕاوێژ: کەواتا کۆماری ئیسلامی تاوانبارە؟

حوسێنی: ئەوەی یاسای پێشێل كردووه حەتمەن تاوانباره و دەبێ له دادگایەكی ڕەسمی و به شێوەی ئاشكرا و  دادوەرانه دادگایی بكرێت.

ڕاوێژ: لە جەستەیان لە دەست دەدەن، خەڵکانێکی زۆر لە ئێراندا تووشی ڕووداوی مین دەبن، دەمرن یان بەشێک ئایا کەسێکی کۆڵبەر کە لەسەر سنوور کار دەکا و تووشی مینە بە جێ ماوەکانی سەردەمی شەڕ دەبێ نابێ حکومەت قەرەبووی ئەوانە بکاتەوە یان مانگانەیان بۆ دیاری بکات؟

حوسێنی: یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی حکومەت بریتیە لە پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک و لە ڕووداوی ناخۆشی وەک مین، بۆیە ئەرکی حکومەتی مینە چێندراوەکان لە سەر ڕێگای مرۆڤ و ئاژەڵەکان، بسڕێتەوە. ئێمه هەموە هەوڵی خۆمان داوە کە دەنگی ئەو کەسانە بەو  دەزگا پەیوەندیدارەکان، ڕابگەیێنین. لەو بوارەدا من لێرەوە ڕادەگەیێنم کە بەڕێزان کاک عوسمان موزەییەن و کاک حوسێن ئەحمەدی نیاز، وەکوو دوو پارێزەری فەرمی دادگاکانی ئێران، ئامادەن بەرگری لە هەر قوربانییەکی مین، وە ئەستۆ بگرن و بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکەن، بۆ گیر و گرفتی تریش، ئێمە لە خزمەتیان داین. داوا دەکەین کە هەر کەس لە هەر شوێنێک، قوربانی مین دەناسێت، پەیوەندی بە ئێمەوە بکات، تا ڕێگای پێویستی بۆ بگرینە بەر.

ڕاوێژ: چاوەڕوانیتان لە خەڵکی و ئەوەی کە ئایا خەڵک و چالاکوانانی تر بە گوێرەی پێویست یارمەتیدەر و خەمخۆریانن؟ کە هاوکارێکتان دەگیرێ یان ئەوەتا کە کەسێکی زیندانی پێویستی بە یارمەتیە، خەڵک وبەتایبەت کەسانی دەست ڕۆیشتوو و ڕووناکبیران چۆن دەجووڵێنەوە؟

حوسێنی: ئێمە ئەگەر هەین به پشتیوانی و دڵگرمی خەڵك به گشتی و خەمخۆران و ڕوناكبیران و مرۆڤ دوستانەوە، هەین.

بەڕێز کەماڵ حوسێنی، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە خۆرهەڵاتی کوردستان، سپاس بۆ ئامادەبوونتان بۆ جاری دووەم و سپاس بۆ ئەوەی کە کاتی خۆتان بەخشی بە ئێمە و ئامادەبووانی گەورەژووری (ڕاوێژ) لە تلێگرام.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت