دژایەتیی كردنی توندی سیاسەتەکانی ترامپ سەبارەت بە بڕیاری پاشەکشێی هێزەكانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان

0
1017

ڕۆژی کورد :
ڕاگەیاندنی كشانه‌وه‌ی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە ناوچەکانی “ڕەئسۆل عەین و تەل ئەبیەز” کاردانەوە و ڕەخنەی توندی لێکەوتەوە. ڕەخنەگەلێک کە تەنیا چوارچێوەی سیاستەوانە دێموکراتەکانی ئامریکا ناگرێتەوە، ترامپیان ناچار بە پێداچوونەوە و گۆڕینی ڕێدۆزی خۆی کردووە.

هەڕەشە بۆ سەر تێکدانی باری ئابووری تورکیە کاردانەوەی ترامپ بوو بۆ کۆمەڵێک ڕەخنەی بەربڵاو کە دوابەدوای ڕاگەیاندنی كشانه‌وه‌ی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە باکووری سووریە لە لایەن سیاسەتوانه‌كان و ناوەندە ڕاگەیەندنەکانی ئامریکا بەرەوڕووی ترامپ بوونەتەوە. تەنانەت زۆرێک لە نوێنەرانی پارتی کۆماریخوازی ئامریکا دوای ڕاگەیاندنی ئەم سیاسەتە لە لایەن کۆشکی سپی ڕەخنەیان لەو هەڵویستانە گرتووە و گۆڕانکاری کتووپڕی سیاسەتی ئامریکا لە ولاتی سووریەیان وەکوو کارەساتێک ناو بردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی رۆیتێرز، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی دوای بەربڵاو بوونەوەی ڕەخنەکان دژی سیاسەتی دەرچوونی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە سووریە، ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە هیچ گەڵاڵەیەکی بۆ دەرچوونی هێزەکانی خۆی لە سووریە نیە و بابەتەکە تەنیا لە سەر دەرچوونی ڕێژەیەکی ٥٠ کەسی بووە لە ناوچە سنوورییەکانی سووریە لە گەڵ تورکیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترامپ لە پۆستێکی هەژماری توویتێری خۆی دا باسی لە کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریە کردبوو، لە گەڵ ئەوەش بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە کاتی ئەوە هاتووە بە کشانەوە لەم “شەڕە گاڵتەجاڕییانە” و گەڕانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا بۆ زێدی خۆیان کۆتایی بەم چالاکییانە بهێنین و شەڕەکە بە جێ بهێڵین بۆ خاوەنە سەرەکییەکانی.
دوابەدوای ئەو ڕەخنانە کە بەرەوڕووی ترامپ بوونەتەوە، ترامپ بە بڵاوکردنەوەی چەند پۆستی نوێ لە سەر هەژماری تووییتێرەکەی و هەروەها بەڕێکردنی چەن بەرپرسێکی دەوڵەتی خۆی هەوڵی ئەوەی داوە هەتا لە سیاسەتەکانی خۆی بەرانبەر قەیرانی سووریە توزێک پاشەکشێ و هاوسەنگی پێک بهێنێت. ترامپ تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی لە دەوڵەتی تورکیە کردووە کە لە ئەگەری هەنگاو هەڵگرتنی تورکیە بۆ هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر سووریە، ئەوە ناوبراو ئابووری تورکیە لە ناو ببات.
لە لایەکی دیکەش بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایانگەیاندووە کە ئەم بابەتە تەنیا ڕێژەیەکی کەمی هێزی سەربازی ئامریکا جێگرکراو لە خاکی وڵاتی سووریە لە خۆ دەگرێت و کشانەوەی ئامریکا لەم ناوچەیە وەکوو چرا سەوزێک نیە بۆ تورکیە لە هەمبەر ئەنجامدانی چالاکی سەربازی دژی کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە. لیندسی گراهام یەکێک لە سێناتۆرە دەست ڕۆیشتووەکانی کۆماریخوازی ئامریکا و یەکێک لە لایەنگرانی سەرەکی دۆناڵد ترامپ لەو کەسانەیە کە لە سیاسەتی کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا لە باکووری سووریە و لە ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی ڕەخنەی گرتووە. ناوبراو ئەم سیاسەتەی زۆر نابەرپرسانە ناوبردووە و وتوویەتی بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە سیاسەتانە ئەتوانێت بۆ سیاسەتی دەرەکی ئامریکا کارەساتاوی بێت.
لەم نێوانەدا، “نیکی هیلی” باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەست بە کۆڕی ڕەخنەگرانی ترامپ بووە. هیلی لە پۆستێکی هەژماری توویتێری خۆیدا لە سەر پێداویستی پشتیوانی لە هێزە هاوپەیمانەکانی ئامریکا جەختی کردووە و وتوویەتی کە تەنیا لە وەها بارودۆخێکدایە کە ئەتوانین لە هاوپەیمامەکان چاوەڕوانی پشتیوانی و یارمەتی بکەین. ئاماژەی هیلی ئەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری و پشتیوانی هێزە کوردەکان لە گەڵ هێزەکانی ژێر فەرماندەیی ئامریکا لە شەڕ دژی داعیش دا لە وڵاتی سووریە. هیلی هەروەها نووسیویەتی : کوردەکان لە شەڕ و تێکهەڵچوون لە گەڵ داعیش دەورێکی سەرەکی و گرینگیان وەئەستۆ بووە و ئێستا هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر ئامریکا پێش بە کۆکوژی و کوشتاری ئەوان نەگرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.