دژایەتى کردنی پیلانگێڕیی ڕژێمى سێدارەى ئیسلامیی ئێران ئەرکى هەموومانە!!

0
970

عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ

ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامیی ئێران هەر لەگەڵ هاتنەسەرکارى دا بەهەموو شێواز و جۆرێک دژایەتىی خۆیى بەرامبەر سەرجەم ڕێکخراو و حیزب و تەنانەت کەسایەتییە کۆمۆنیست و پێشکەوتنخواز و دیموکرات و ئازادیخوازەکان ڕاگەیاندووە, هەر بۆیە بەردەوام نەخشە و پلانى دوژمنکارانەى ئامادەکردووە, لە ناوخۆی وڵات بە گەشەدان بە سەرکوت و سەرەڕۆیی و زیندانى کردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان، نەخشە و پلانە دژەمرۆڤایەتییەکانى بەرامبەر نەیاران و جیاواز لە خۆی جێبەجێ کردووە, ئێستاش ڕۆژانە بەردەوامە لە ئەنجامدانى لەسێدارەدانى گەنجان و لاوانى کورد. لە دەرەوەى سنوورى ڕژێمى ئیسلامىی ئێرانیشدا نەخشە و پلانە دژەمرۆڤایەتییەکانى بە جۆرى ئەنجام دانى تیرۆریى کەسایەتى و سیاسی و ڕۆشنبیرى و ڕۆژنامەنووسانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى درێژەى بە نەخشە و پلانەکانى داوە.

زۆر بەداخەوە لە ناوچەى باڵەکایەتى کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا، ڕووداوێکى پڕ کێشە و نەخوازراو ڕووى دا کە لەو ڕووداوەدا دوو قوربانى و چەند بریندارێکى لێکەوتەوە، سەرەخۆشى لە بنەماڵەى قوربانییەکان دەکەم و هیوایى بە زوویى چاک بوونەوەى بریندارەکانیش دەخوازم، هیوادارم دواناخۆشى هەموولایەک بێت.

پێویستە هەموو لایەک کار بکەین و هاوکاربین بۆ گێڕانەوەى ئاسایش و ئارامى بەتەواوى بۆ ناوچەى باڵەکایەتى و گەشەدانى پەیوەندىی دۆستانەى خەڵکى ناوچەکەو حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەرکى هەموولایەکە، ئەمەش لە پێناوى بەهێزکردنى شۆڕش و گۆڕانکارى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان, ئەبێت ئەوە بزانین حیزبەکانى ڕۆژهەڵات تاکە هیواو ئومێدى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن بۆ ئەوەى بە تێکۆشانى یەکگرتووانەیان گۆڕانکارى لە سیستەمى بەڕێوەبردنى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا بکەن و کۆتایی بە زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانەکانى گەنجان و لاوانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بهێنن.

ئەوا ئەم جارەش لەدرێژەى ئەنجامدانى نەخشە و پیلانەکانى دا، ڕژێمى کۆمارى ئیسلامىی سێدارە بە هاوکارىی دۆستەکانى، دەستى بۆ سازکردنى ئاژاوەیەک و ڕووداوێک لە ناوچەى باڵەکایەتى کرد کە بەداخەوە خەڵکى ناوچەکە و بەشێک لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانى باشوورى کوردستان بەپێی خواست و ئامانجى ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ڕووداوەکەدا هەنگاویان دەنا.

وەک ڕۆژى ڕووناک ڕوونە کە دەستى دوژمنکارانەى کۆمارى سێدارەى ئیسلامىی ئێرانى لەپشت ئەو ڕووداوەیە. هەر لە سەرەتای ڕووداوەکەوە بە نەخشە و پیلان جێبەجێ کراوە، بەهۆى ئەوەى کە هیچ ئارام گرتن لە لایەن خەڵکى ناوچەکەوە بەدى نەکراوە، دیارە پێشتر ئامادەباشى بۆکراوە، لە جیاتى قسەکردن لە چارەسەر و هاندانى خەڵک بۆ کەمکردنەوەى کێشەکە بەپێچەوانەوە کێشەکان بە ئاراستەى گەشەکردنى زیاتر هاندراون، هەر بۆیە بۆماوەى چەندین ڕۆژ درێژەى هەبووە کە جێبەجێ کردنى نەخشە و پلان و ئامانجى ڕژێمى کۆمارى سێدارەى ئیسلامیی ئێران بوو ئەویش بە چۆڵ کردنى ئەو ناوچە سنوورى یە لە دەست حیزبەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ڕژێمى ئێران.

بەپێى سەرچاوەى ڕاگەیاندنەکان، پاش چۆلکردنى ئەوناوچەیە لەلایەن حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە ئێستا هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان( p k k ) چوونەتە ئەو ناوچەیە. بێگومان پارتى کرێکارانى کوردستان دۆستى ئێرانە و شەڕ لە نێوانیاندا نىیە. کەواتە ئەگەر نەهێڵن حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بچنەوە شوێنەکانى پێشتر کە لە سنوورى ئێرانەوە نزیکە، ئەوا زۆر خراپ و نەرێنی ـیە و لە بەرژەوەندىی کۆمارى ئیسلامىی ئێران دایە نەک حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

حیزبى باڵادەست لەو ناوچەیە لە بەرژەوەندیی خۆی کێشەکان گەشەپێدەدات, دەردەکەوێت خەڵکى ئەو ناوچەیە بەزۆرى ئەندام ولایەنگرى یەکێتیی نیشتمانىی کوردستانە. بەیاننامەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى و بەرپرسەکانى یەکێتى لێدوانى ئاگراویان دەدا، پڕ هەڕەشە ئامێز بوو بەرامبەر حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى ئێران، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ خزمەتى جێبەجێ کردن و بەدیهێنانى ئامانج و نەخشەو پیلانى ڕژێمى ئیسلامىی ئێرانى دەکرد نەک بەرژەوەندیی خەڵکى کوردستان.

حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ ماوەى چەندین ساڵە ڕەچاوى بارودۆخى حکومەتى هەرێمى کوردستان و خەڵکى باشوورى کوردستانیان کردووە، هەبوونى هێزى چەکداریان تەنیا بۆ پاراستنى خۆیان بووە. هەروەها لێدوانەکانى سەرکردەکانى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆر جوان و نەرمونیان بووە، بە ئاراستەى کۆتایى هێنانى کێشەکان و چارەسەرکردنى کێشەى ڕووداوەکە، بەرپرسیارێتى پێوەدیارە.

ڕاگەیاندنەکانى باشوورى کوردستان لە ماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا بۆ یەک ڕیپۆرتاژیان لەسەر زیندانیانى سیاسى و لەسێدارەدانى گەنجان و لاوانى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بۆ خەڵکى کوردستان نەخستۆتە ڕوو بەڵام لەسەر ئەم ڕووداوە هەندێک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن زۆر چەواشەکارانە و دژومنکارانە کە خزمەت بەڕژێمى کۆمارى سێدارەى ئیسلامیی ئێران بکات، هەواڵ و ڕووداوەکەیان بڵاودەکردەوە کە ئەم ڕووداوەیان بەو ئاراستە گەشە پێدەدا کە خزمەت بە خەڵکى کوردستان نەکات.

ئەو لێدوانانەى کە بە ناوى خەڵکى ناوچەکەوە دەدرا، بەتایبەت کە داواى چۆڵکردنى بنکە و بارەگاکانى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانیان دەکردم ئەمە ڕێک خواست وداواکاریی چەندین ساڵەى ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامیی ئێرانە نەک داواکاریی خەڵکى باشوورى کوردستان، چەندین ساڵە ڕژێمى ئیسلامى ئێران کار بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە دەکات.

پێویستە سەرجەم ئەوانەى کە قسە و لێدوان لە سەرڕوودا و کێشەکان دەدەن، با بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشەکان بێت کە خزمەت بەخەڵکى کوردستان و حیزبە تێکۆشەرەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بکات.

با بە ئاراستەى جێبەجێ کردنى پلان و نەخشەى دوژمنکارانەى ڕژێمى دژە بەشەریی ئێران نەبێت. پێویستە هەموومان لەدژى پلانگێڕیی دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان بوەستینەوە، ئەمەش لە پێناوى بەدیهێنانى کۆمەڵگایەکى ئازاد و شارەستانى و سیکۆلار هەنگاوەکانمان یەکگرتووبکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت