دوو پەیامی نوێی ئەبوبەکر بەغدادی لە گرتەیەکی دەنگیدا

0
926

گرتەیەکی دەنگی بڵاو بۆتەوە کە دەکوترێ ئی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی گروپی تیرۆریستی داعش ـە و تێیدا داوا لە خەڵکی سعودیە دەکات بە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەستنەوە و شۆڕش بکەن، هەروەها لە بەشێکی تردا بەلێنی دەدات کە هێڕش دەکاتە سەر ئیسراییل.

بەپێی هەواڵدەری فەڕانسە ئەو گرتە دەنگیە کە ٢٤ خولەکە، یەکەمین نامەی دەنگیە کە لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا بڵاو بۆتەوە. لە ماوەی ڕابردوودا گروپی تیرۆریستی داعش تووشی شکانی دوا بەدوای یەکدا بووە و پەیامی پڕ هەڕەشە و گوڕەشەی لەو چەشنەیان لێ نەبیسترابوو.

شیاوای ئاماژەیە کە هەواڵدەری فەڕانسە تا ئیستاش پشت ڕاستی نەکردۆتەوە کە سەداسەد دڵنیا بن لەوەی کە ئەو دەنگە هی ئەبووبەکر بەغدادی بێت بەڵام دەشڵێن بە پێی بەراورد و لێکدانەوەکان ئەو دەنگە هەر ئەو دەنگەیە کە پێشتر بە ناوی بەغدادییەوە پەیام و نامەی لێ بڵاو بۆتەوە.

لەو گرتە دەنگییەدا بەغدادی باس لە هاوپەیمانی ٣٤ وڵات بە دژی گروپی داعش دەکات، بە سەرنجدان بەوەی  ئەو هاوپەیمانییە ٢٤ی سەرماوەز لە لایەن عەرەبستانەوە راگەیێندرا،  پێدەچێ پەیامە دەنگیەکە هی دوای ٢٤ی سەرماوەز بێت.

لەو گرتە دەنگییەدا بەغدادی داوا لە  خەڵکی عەرەبستانی سعودی دەکات بە دژی “زۆردارە لە دین وەرگەڕاوەکان” وەدەنگ بێن و لێیان هەستنەوە و تۆڵەی هاووڵاتیانی خۆیان لە سووریە، عێراق و یەمەن، بستێننەوە.

بەغدادی هەروەها لەو گرتە دەنگییەدا ڕێبەرانی عەرەبستان بەوە تاوانبار دەکات کە تەنیا بۆ دڵخۆش کردنی وڵاتانی ڕۆژئاواییە کە هێڕشی هەوایی دەکاتە سەر شیعە حوسییەکان.

بەشێکی تر لە وتەکانی بەغدادی لەو گرتە دەنگییەدا هەرەشەیە لە ئیسراییل و هێڕش کردنە سەر ئەو وڵاتە.

بەغدادی دەڵێ: تەنیا بۆ یەک چرکەش فەلەستینم لە بیر نەکردووە و بە دڵنیاییەوە هێڕش دەکەمە سەر ئیسراییل. بەغدادی دەڵێ: بە ئیزنی خوا بە زوویی گوێتان لە دەنگی هەنگاوی موجاهیدەکان دەبێت، ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ لێتان نزیک دەبینەوە.

 

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت