دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شەڕی عەفرین گیانیان لە دەستدا

0
1038

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی”کاوە مەجیدی” بە کۆدی”باهۆز” خەڵکی جوانڕۆ، و “حەمیدە دودکانی میلان بە کۆدی بەرفین زیلان” خەڵکی ماکۆ لە شەڕی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە شاری عەفرین گیانیان لە دەستداوە

ڕۆژی کورد: هەواڵدەریەکانی سەر بە هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە ڕاگەیێندراوێکدا ویڕای پشتڕاست کردنەوەی شەهیدبوون و گیان لە دەست دانی ئەو دوو لاوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەرگری لە خاکی کوردستان لە عەفرین ڕایانگەیاندووە: “”ئەو خەباتکارانە لە بەرانبەر داگیرکاری هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە شاری عەفرین کوژراون.”

ئەرتەشی تورکیە بەهاوکاری هێزەکانی سووریەیی ئازاد ڕۆژی ۲۰ی ژانویەی ۲۰۱٨ هێرشیان کردە سەر عەفرین و دەوروبەری. دەوڵەتی تورکیە ڕایگەیاند کە عەمەلیاتی (چڵی زەیتوون) بۆ درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سنوورەکانی خۆیدایە و هەروەها دوورخستنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بۆ ئەو دیوی ڕووباری فوڕاتە.

پاش تێپەڕینی ٣٠ ڕۆژ لەو هێرشە، بەربەرکانێی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە بەرانبەر ئەرتەشی تورکیە بەردەوامە و هەتا ئێستا ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانی هەردوولا لەو شەڕە بوونەتە قوربانی و گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی بەڵگەکانی دەست یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG، دەوڵەتی تورکیە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر شاری عەفرین کەڵکی لە چەکی کیمیایی وەرگرتووە.

وەتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕایگەیاند، لەهێرشی ئەم چەند ڕۆژەی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر عەفرین کە شەش کەس خەڵکی مەدەنی برینداربوون، دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورکیە چەکی کیمیایی بەکارهێناوە چوونکە ئەو کەسانە کێشەیی هەناسەدانیان هەیە.

بەپێی گوتەکان هێرشە کیمیاییەکەی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل لە گوندی حەدید ڕوویداوە.

سەرۆکی نەخۆشخانەی شاری عەفرین لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری هەواڵدەری ئاڵمان گوتوویەتی: ئەو کەسانەی کە هێنراونەتە نەخۆشخانە کێشەیی هەناسەدانیان هەیە کە بەهۆی هێرشە موشەکیەکەی دەوڵەتی تورکیەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە حەوتوویی ڕابردوو ئێستێفان دێمێستوڕا، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریە، هەواڵی بەکاری هێنانی چەکی کیمیایی لە عەفرینی دابوو.

گرووپی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە کە بنکەی سەرەکی لە بەریتانیایە هەر هەمان هەواڵی بڵاوکردەوە.

چاوەدێرانی مافەکانی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە شەش کەس بریندار بە گازی کیمیایی لە عەفرین، کە زیاتر شیکردنەوەی نەهاتووە، برینداربوون.

نوێنەری تایبەتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش هەمان هەواڵی بڵاوکردبووەوە کە تا ئێستا ئەم تۆمەتانە لەلایەن هیچ ناوەندێکەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.