دوو نوێنەری HDP لە بەندیخانە ئازاد کران

0
992

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی “حوریەت”ـی تورکیە، دوو نوێنەری پارلمانی تورکیە لەسەر لیستی HDP بە دانانی بارمتە و بە مەرجی دەرنەچوون لە تورکیە، ئازاد کراون.

نورسەل ئادۆغان و مورال دانیش، ئەو دوو نوێنەرە کوردەی ه.د.پ ـەن کە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کراون.

ئەو دوو نوێنەرە کوردە و ٩ نوێنەری کوردی تر و لە ناویاندا سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی ه.د.پ، بەتاوانی “ئەندامەتی و پرۆپاگەنداکردن بۆ گرووپێکی تیرۆریستی” کە مەبەست پارتی کرێکارانی کوردستانە و هەروەها “ورووژاندنی بیروڕای گشتی” دەستبەسەر کراون.

ئێستا ئەو دوو پارلمانتارە کوردەی پارلمانی تورکیە بە پێی فەرمانی دادگا لە بەندیخانە ئازاد کراون.

بەپێی هەواڵی ڕاگەیێنەکانی تورکیە، ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو دوو نوێنەرە کوردە تا ئێستاش بەردەوامە.

سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپ و ڤیان  یوکسەکداغ و هەشت پارلمانتارێکی تری کورد، شەوی پێنج شەممە ١٣ خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستبەسەر کراون.

 ئەو هەشت پەرلمانتارەی تر کە دەستبەسەر کراون بریتین لە: سووڕەیا ئوندەر، محەممەد عەلی ئەسڵان، زیبا پیر، فەرهاد ئونجو، لەیلا بیرلک، سەلام ئیرماک و نوورسەل ئادۆغان و گوولسەر یلدریم.

پێشتر سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردبۆوە کە دادستانی گشتیی تورکیە، داوای ١٤٢ ساڵ بەندکران بۆ  سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپ، دەکات.

دادستانی گشتیی تورکیە، یەکێک لە تاوانەکانی دەمیرتاشی “پەیوەندی لەگەڵ ڕێبەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان”، ڕاگەیاندووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت