داوودئۆغڵوو: دەبێ لەگەڵ ئێران بە خاڵی هاوبەش بگەین

0
595

پێوەندییەکانی نێوان تورکیە و ئێران بەتایبەتی دوای قەیرانی سووریە و هەبوونی دوو ڕوانگەی پێناکۆک لە مانەوە و لابردنی ئەسەد، گەیشتۆتە لووتکەی دژایەتی و لە ئاڵۆزترین ئاستی خۆیدایە. لە هەمان کاتدا گرژییەکانی نێوان ڕووسیەی هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ تورکیە، یەکجار ئاڵۆزە و تا ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە و ئەگەری شەڕ لە نێوانیان، درێژەی هەبووە.

تورکیە لە ئێستادا لە ناوخۆی ڕووبەڕووی شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆتە و هەر ڕۆژ لە قولینچکێکەوە هێرشی دەکرێتە سەر، زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی ئەو شەڕە بە شەڕی نیابەتی ئێران لەگەڵ تورکیە دەزانن. ئەو شەڕەش لە کاتێکدایە کە تورکیە هێزەکانی خۆی لەسەر سنووری سووریە جێگیر کردووە و چەند جاریش تۆپبارانی ناوچە کوردییەکانی کردووە و هەڕەشە لە درووست بوونی دەوڵەتی کوردی لە کورستانی ڕۆژئاوادا دەکات.

لە دۆخێکی ئەوتۆدا، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، داوود ئۆغڵوو، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەممە، سەردانی ئێرانی کردووە و لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار، بۆ ڕۆژنامەوانان و هەواڵدەرییەکان دوا و باسی لە پێویستی گەیشتن بە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو وڵاتدا کرد و گوتی: یەکجار گرنگە کە ئێران و تورکیە بگەن بە ڕوانگەگەلێکی هاوبەش و کۆتایی بە براکوژی لە ناوچەکەدا بێنن و دژبەرییە فیرقەییەکان کۆتاییان پێ بهێندرێت.

داوود ئۆغڵوو هەروەها کوتی: ئێمە و ئێران جیاوازی بیر و ڕامان هەیە بەڵام ناشکرێ و ناتوانن جوغرافیا و مێژووی خۆمان بگۆڕین.

ئیسحاق جەهانگیریش گوتی: ” لەوانەیە ئێمە و تورکیە لە هەندێ کێشە و پرسی ناوچەدا بیروڕامان جیاواز و دژ بەیەک بێت بەڵام هەوڵ دەدەین بە بەڕێوەبەرییەکی گونجاوی ئەو دژایەتییانە، کێشەکانی ناوچە چارەسەر بکەین”.

تاهیر حەسەنی چاوەدێری سیاسی لەو بارەوە دەڵێ: پێدەچێ چاوپێکەوتنی نێوان ئێران و تورکیە هەر بە باسی ڕووداوەکانی سووریەوە سنووردار نەکرێ و تەنانەت باسی حیزبەکان و خەباتی کوردستانی خۆرهەڵاتیش بێتە ئاراوە و پێکەوە بگەن بە هاوڕاییەک، لە هەمان کاتیشدا گریمانە دەکرێ کە ئەگەر ئەم دوو وڵاتە بە تەواویش لێک نزیک نەبنەوە لەسەر زۆرێک لە پرسەکان، بگەن بە خاڵی هاوبەش.

حەسەنی هەروەها دەڵێ: بە دڵنیاییەوە باس لە پارچەنەبوونی سووریە دوای ڕووخانی  و لاچوونی ئەسەد و سەربەخۆنەبوونی کوردەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا، یەکێکی تر لە باسەکانی نێوانیانە بەتایبەت کە لە ئێستادا باس لە ئەگەری پێدانی پەنابەری بە ئەسەد لە لایەن ئێرانەوە لە ئارا دایە.

ئەو چاوەدێرە سیاسیە کوردە هەروەها لایوایە یەکێک لە تەوەرەکانی بەر باسی تورکیە و ئێران لەو چاوپێکەوتنەدا، باس کردنە لە تورکەمەنەکانی کەرکووک کە لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی پشتیوانیان لێدەکات، و تورکیەش لەو پێیەوە داوا لە ئێران بکات کە یەکێتی نیشتمانی لەو بوارەدا یارمەتیان بدات

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.