ده‌ستبه‌سه‌رکردنی 8 که‌س له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئیتلاعاته‌وه‌له‌ شاری سه‌قز

0
581

مەئموورانی ئەمنیەتی لە شاری سەقز هەوڵی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد دەدەن و لەو پەیوەندییەدا، ٨ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.
شوناسی یەکێک لە و ٨ هاووڵاتییە کوردە بە “نادر” ڕاگەیەندراوە.

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌کان، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند؛ “سەر لە ئێوارەی دوێنێ هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی چەند هاووڵاتی لە گەڕەکی شاناز و هەوڵی دەستبەسەر کردنی ئەو ٨ کەسەیان دا.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو کە، ئەو ٨ کەسە تەمەنیان کەمتر لە ٣٥ ساڵە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەدا ڕاگەیاند؛ “ئەو ٨ هاووڵاتییە بە تۆمەتی پەیوەندیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون”.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو هاووڵاتییانە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

دەستبەسەر کردنی ئەو ٨ کەسە لە شاری سەقز، هاوکاتە لەگەڵ بارودۆخی ناسەقامگیری ئەو شارە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی ئێران لە ٧ی ڕەشەممەدا کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، سیاسەتی بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان لەپێش گرتووە.

دوێنێ بەرەی یەکگرتووی کورد کە ڕێکخراوێکی سیاسی _ مەدەنی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، بە پشت‏بەستن بە ڕەت کردنەوەی بەربڵاوی شیاوییەکان، بەتایبەتی بەربژێرە نزیکەکان لەو بەرەیە، بەشداری کردن یان نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی خستە ئەستۆی خەڵک و لە دانی هەر چەشنە لێدوان و ڕادەڕبڕێنی ڕاستەوخۆ خۆی بوارد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.