دراو و پاسپۆرتی کوردستان، دیزاینی گرافیستی ڕۆژهەڵاتی ئامادەی پێشوازیی لەدایک بوونی دەوڵەتی کوردین

0
2534

ڕۆژی کورد: ئاسۆ مامزادەی، هونەرمەندی گرافیستی و دیزاینێری خەڵکی شاری بۆکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دانیشتووی کوردستانی باشوور، لە مێژ ساڵە، دراو و پاسپۆرتی بۆ کوردستانی سەربەخۆ ئامادە کردووە، بەڵام ئەو هەوڵە تا ئێستاش بە هۆی ڕانەگەیێندرانی دەوڵەتی کوردستان، لە ناو خۆزگەی لەدایک بووندا دەژیا. ئێستا و دوای ڕاگەیێندرانی ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی، خۆزگەی ئەو دوو کارە گرنگ و نەتەوەییە، لە لەدایک بوون نزیک بۆتەوە، لێ ئایا دوای گشتپرسی، سەربەخۆیی ڕادەگەیێندرێت یان بە هەوڵی چڕ و ژەنگاویی نەیاران، پووچەڵ دەبێتەوە؟

ئاسۆ مامزادە، پێشتر لە وتووێژێک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد، لەمەڕ دیزاینی دراو و پاسپۆڕتی کوردی گوتبووی: “بەڵێ، من لە ساڵی ١٩٩٤ەوە ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات و هەر ئەو کات چەند تەرحێکم هەر بە دەست لێدا و  پاشان کە فێری کۆمپیوتێر و بەرنامەی فۆتۆشاپ بووم وردە وردە دەوڵەمەندترم کرد و تا ئێستاش بەردەوامم. دەوڵەتی کوردستان خەونی هەموومانە و ئەو پڕۆژەیەی منیش هەنگاوێکە بۆ نزیکبوونەوە لەو خەونە. ساڵی ٢٠٠٨ ئەو پارەیەی کە بە وێنەی شەڕەفخانەوە دیزاینم کردبوو لە ماڵی شەڕەفخان لە هەولێر کە دوکتور فەرهاد پیرباڵ کردییەوە، لەلایەن مامۆستای خۆشەویستم مامۆستا نامۆوە پەردەی لەسەر لادرا. ڕاگەیاندنەکانیشی لێبوو بەڵام ئەوکات بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدرا، بەڵام ساڵی ٢٠١١ کە پارەکانی دیکەشم بڵاو کردەوە دەنگندانەوەی زۆری هەموو و لە زۆربەی بڵاڤۆک و کەناڵە ناوخۆییەکانی باشوور و جیهان وەکوو سومەریە و ئەلجەزیرە و ڕۆیتێرز و ئەلعالەم و …. ئاوڕی جیددی لێ دراوە.”

ئەو هونەرمەندە ناسراوە کوردە لە درێژدا دەڵێ: “ئێستاش گۆڕانکاریی زۆرم بەسەر دیزاینەکان دا هێناوە و بەردەوام لە گۆڕانکاری دان و پڕۆژەکە هەر بە پارە کۆتایی نایەت و دیزاینی پاسپۆڕت و ڕەگەزنامە و هەموو ئەوراق و ئەسنادی ئیداری و کاروباری میرییە، هەروەها مەدالیای پلەکانی ناو هێزی پێشمەرگە و یونیفۆڕمی تایبەتیی هێزە ئەمنییەکان و دەیان شتی تر، لە هەموویان لە موتیڤە کۆنەکانی سەر شوێنەوارەکانی کوردستان و بەڕە و شتە کولتوورییەکانی خۆمان کەلکم وەرگرتووە و لە هێندێکیشیان دا موتیڤی ئاشووریشی تێدایە وەک ڕێزێک بۆیان کە لەگەڵ کورد لە کۆنترین نەتەوەکانی ناوچەکەن.”

بەپێی چەند وتووێژێکی نوێی مامزادە لەگەڵ ڕاگەیێنە کوردییەکان، دیزاینی کۆتایی و سەرەکی تا ئێستا نەخراوەتە ڕوو و لە کاتی ڕاگەیێندرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەخرێنە ڕوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت