خەڵکی سەردەشت ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕژیم بوونەوە

0
1785

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە سەردەشت، کاتژمێر یەک و نیوی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە نێوان زیاتر لە هەزار کەس لە خەڵکی شاری سەردەشت و هێزەکانی ڕژیم، ئاڵۆزی هاتە ئاراوە و خەڵک توانیان بەرنگاری هێزەکانی ڕژیم ببنەوە.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد ڕایگەیاند، کاتژمێر یەک و نیوی دوای نیوەڕۆ لە فەلەکەی فەرمانداریی شاری سەردەشت، خەڵک بەرنگاری هێزەکانی ڕژیم بوونەوە کە خەریکی ڕاونانی ماشێنی کاسبکارانی کورد بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، دوای ئەوەی کە هێزەکانی ڕژیم، بارێک سیگاری کاسبکارانی کورد کە بڕی ١٥٠ ملیۆن تمەن مەزندە دەکرێ، دەگرن، خەڵک بەرنگاری هێزەکانی ڕژیم دەبنەوە و باری دەستبەسەرکراو دەستێننەوە.

هاودەنگی و ژومارەی خەڵکی شاری سەردەشت بە ڕادەیەک بووە کە هێزەکانی ڕژیم  داوای هێزی یارمەتییان کردووە و بە پشتیوانیی هێزی یارمەتی توانیویانە خۆیان قوتار بکەن.

ئەو ئاڵۆزییە ماوەی زیاتر لە یەک کاتژمێر درێژەی هەبووە و هێزەکانی ڕژیم نەیانوێراوە تەقە لە خەڵک بکەن و بەوپێیە بێ هیچ بریندار و کوژراوێک و بە ئەستاندنەوەی باری کاسبکاران، ئاڵۆزییەکە دوایی پێهاتووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت