خەڵاتی ٢٠١٧ی ماملێ لە فێستیڤاڵێکی کولتووری لە ستۆکهۆڵم پێشکەش بە مەزهەر خالقی کرا.

0
1277

هەشتەمین خەڵاتی هونەری ماملێ لە ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ٢١/٠٥/٢٠١٧ لە کۆی فێستیڤاڵێکی هونەری/کولتووری دا پێشکەش بە هونەرمەندی ڕەسەن و شوێندانەری کورد مامۆستا “مەزهەر خالقی” کرا.

  • فێستیڤاڵەکە لە کاتژمێری ٩:٣٠ بەیانی بە پێشانگایەکی دەوڵەمەندکراو کە گشتی بەرهەمی ئەنستیتیۆتی کەلەپووری کورد بوون دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. ئەو بەرهەمانە کە لە سێبەری زەحمەتکێشانی مامۆستا خالقی و هاوکارانی لەم ئەنستیتیۆتە ئامادە کرابوون بە وێنە، فیلم، پەڕتووک، ئاڵبۆمی دەنگ و ئاسەوارە هونەرییەکانی هونەرمەندان کە بە ئاڵبۆمی “یادگارییەکان” ناودێرە، لەم پێشانگایە دا نمایش کران.
    هەر لەم پێشانگایە دا بۆ یەکەم جار دوو بەرهەمی هونەری لە مامۆستا “هێمن موکریانی” و ” محەممەد ماملێ” پاشی ساڵانێکی دوور و درێژ لە دوای کۆچیدوایی ئەوان دا بڵاو کرانەوە کە لەلایان “مەڵبەندی هونەریی ماملێ”ـوە ئامادە کرابوون.
    سەرەڕای ئەوە کە ڕۆژی یەکشەممۆ لە سوئێد، ڕۆژی پشووی فەرمییە بەڵام بینرا کە میوانێکی زۆری کورد و سوئێدی پێشوازییان لەم فێستیڤاڵ و پێشانگایەکرد.

  • بڕگەی دووهەمی فێستیڤاڵەکە سێمینارێکی هونەری/کولتووری بوو. لە دەستپێک دا کاک “بێهروز کوردئەحمەدی” ئەدیب و شاعیری کورد بە هاوکاری “تەوار” خانمی کچیان بە دوو زمانی سۆئێدی و کوردی بۆ بەشداربوان دوان و پاشان بە سروودی ئەی ڕەقیب و بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێی ئازادی  کوردستان درێژە بە بەرنامەکە درا.  ئینجا کاک بێهروز بە خوێندنەوەی پەخشانێکی گەرم و بەتاو، کە ڕێز و خۆشەویستی هەردوو هونەرمەندی کورد، ماملێ و خالقی هەوێنی  بوو، جۆشی خستە کۆڕەکە و بەمجۆرە بەخێرهاتنی میوانانی کرد.
  • لەم سێمینارەدا  بەڕێزان مامۆستا “مەزهەر خالقی” و دوکتور “هاشم ئەحمەدزادە”، هەروەها بە بەڕێوەبردنی هونەرمەندی ئاکادێمیست و پەنجەنەخشینی کورد ،کاک “پێدڕام شەهلایی” تاوتوێیەکی کارناسانە و لێزانانەی پرسە جیاوازەکانی ئەم بوارانەیان کرد. لەو سێمینارەدا فیلمێکی دێکیۆمێنتاری کە لەلایان ئەنستیتیۆتی کەلەپووری کوردەوە ئامادە کرابوو وەک وێنەیەکی بەرچاو لە کارتێکەری دەوری موزیک لە مانەوەی نەتەوەیی و ئێتنیکی دا پێشانی میوانان درا.

    لە ساتەکانی کۆتایی سێمینارەکە دا لە لایان مامۆستایانەوە وەڵامی پرسیارەکانی بەشداران درایەوە.

    • بڕگەی سێهەم یا بڕگەی کۆتایی بەرنامەکە، مەراسیمی ڕێزلێنان و پێشکەشکردنی خەڵاتی هونەریی، مەڵبەندی هونەریی ماملێ بوو بۆ مامۆستا مەزهەر خالقی.

    لە دەستپێکی بەرنامەکە دا  کاک بێهروز کورد ئەحمەدی هۆنراوەیەکی خۆیان کە لە پەسنی ماملێ و خالقی دا بوو  پێشکەشی میوانانی کرد. ئینجا فیلێمێک سەبارەت بە مێژووی مەڵبەندی ماملێ و خەڵاتی ماملێ نمایش کرا. بە دوای ئەویش دا  سەرۆکی “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” بەڕێز عەزیز ماملێ (خانە) لەدوای بەخێرهێنانی میوانان، لە ئامانج و مەبەستی مەڵبەند لە کارەکانی دا و هەروەها بوار و تواناییەکانی ئەم بنکەیە بۆ ئامادەبوان دوا. پاشان ئاوڕێکی کوورتی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی مامۆستا خالقی دایەوە و تیشکی خستە سەر ئەم خاڵە کە مامۆستا خالقی گەورەترین و جوانترین خەڵاتی جیهان گەر پێشکەشیان بکرێت هەر کەمە چوون خزمەتەکانی بەڕێزیان بە هونەر، موزیک و کولتوورمان ئەوەندە بەرزن کە هەر خەڵاتێک لە بەرانبەریان دا کەم دێنێ.
    لە بەشێکی تری مەراسیمەکە دا بریکاری “وەزاڕەتی ڕۆشنبیر و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان” دوکتور “سالار عوسمان” بە پێشکەشکردنی وتەیەک خەڵاتی ڕێزلێنانی ئەم وەزاڕەتەی پێشکەشی مامۆستا مەزهەری خالەقی کرد و وێنەی مافوورێکی ئاڵای کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکی مەڵبەندی هونەری ماملێ ڕێزدار خانەی ماملێ کرد.

    هونەرمەندی سۆئێدی ڕێزدار Ingemar Olsson  بە گۆرانییەکی خۆی  جۆشێکی تایبەتی خستە ناو کۆڕەکە و بە وتەیەکی کورت پێرۆزبایی ئەو مەراسیمەی کرد.

    پاشان ئەدیب و شاعیری کورد مامۆستا ناسر حیسامی بە وتارێک باسی لە ڕۆڵی گرنگی هونەرمەندانی دەنگخۆش کرد لە گەشەپێدانی کولتووریمان و بە لێکدانەوەیەکی جوان گرفت و کێشەکانی هونەرمەندانی پێشوو و ئێستای کوردستانی هەڵسەنگاند و لە کۆتاییش دا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی مامۆستا مەزهەر کرد.

    هونەرمەندی مەند و خۆشەویستی کورد مامۆستا نەجمەدین غوڵامی‌یش بە چەند وتەیەک کۆڕەکەی ڕازاندەوە و سەرەڕای هەندێک ڕەخنە و پێشنیار ، ئەم چەشنە بۆنانەی بەرز نرخاند و پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی مامۆستا خالقی کرد.

    ئەمجار هونەرمەندی پەنجە ڕەنگین کاک پێدرام شەهلایی بە هەستی جوانی خۆی و بە پەنجەی سیحراوی ڕۆح و ڕەوانی بەشداربوانی ئەم مەراسیمەی هێنایە جۆش. لە وتەیەکی کورتیش دا وێڕای پێرۆزبایی کردن لە مامۆستا خالقی خۆشحاڵی خۆی بۆ وەها مەراسیمێک دەربڕی.

    لە پاشان ڕێزدار “کوردۆ باکسی” چالاکوانی کورد و ئەندامی بنەماڵەی کوردپەروەری “باکسی” لە باکوری کوردستان، بە چەند وتەیەکی جوان و بە ناوەرۆک، پێویستی یەککرتن و هاوکاری ناو ماڵی کوردی کرد بۆ بەشداربوان و ئەم مەراسیمەی بە نمونە هێنایەوە کە بە ئەرک و ماندووبوونی کەسانێک پێک هاتووە کە لە دایکبووی هەرچوار پارچەی کوردستانن.

    لە بڕگەیەکی تری ئەم مەراسیمە دا مامۆستا مەزهەری خالقی تابڵۆیەکی ڕازاوەی کردە دیاری بۆ مەڵبەندی هونەریی ماملێ تا وەک بیرەوەری، وەک هێمای یەکگرتن و وەک نمونەیەکی ڕەمزیی لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ هەلبواسرێت.

    ئەمجار مەڵبەندی هونەریی ماملێ سێ خەڵاتی سەمبولیکی ئامادە کردبوو کە پێشکەشی مامۆستا خالقی بکرێت. پێشەکی لە لایان سەرۆکی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، کاک خانە ماملێ مەدالیای تایبەتیی ماملێ پێشکەشی مامۆستا خالقی کرا. بە دوای ئەو دا هونەرمەندی سۆئێدی Ingemar Olsson چەپکە گووڵێکی ڕێز و خۆشەویستی ئەم مەڵبەندەی پێشکەشی مامۆستا خالقی کرد و دواتریش دوکتور عومەر شێخ مووس لەوحەی ڕێزلێنانی ئەم مەڵبەندەی کردە دیاری بۆ مامۆستای هونەر و جوانیی، مامۆستا خالقی.
    پاشی وەرگرتنی ئەم خەڵاتانە مامۆستا خالقی  لە چەند دێڕی کورت دا ئاوا هاتە گۆ:

    بە دەستی خاڵی هاتم بەڵام، بە دەستی پڕ دەچمەوە.
    گەلێک سپاس. بەراستی نازانم کە چۆن سپاس و ماڵئاوایی بکەم. بەڵام من فێڵیان لێکردم. بە ڕای من ئەو دەستەگوڵە کافی بوو بەڵام هەرچی کە هەیە، خۆشبەختانە ماڵی من لەو هەدییانەی کە لە تەرەف مەڵبەندی ماملێ‌وە پێم دراوە و لە خودی مەرحومی ماملێ سەرچاوە دەگرێت، ماڵی من ڕۆشن ئەکاتەوە و زیاتر لە جاران من دەبەستێتەوە بە کۆڵەکەی کۆن و داری لە بن نەهاتووی کولتوور و فەرهەنگی گەلەکەمان.

    لە ساتەکانی کۆتایی بەرنامەکە دا ڕێز و سپاسی تایبەتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و مامۆستا خالقی لە کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەم مەراسیمە و چەند تێکۆشەرێکی تر کرا  کە بە حەول و تێکۆشانی ئەوان توانرا بەرنامەیەکی بەپێز و شایان بەڕێوە بچێت.

    لێرەدا سەرنجتان بۆ بینینی وێنە و فیلمی ئەو مەراسیمە ڕادەکێشین.

    لەم لینکانەی ژێرەوە تەنیا بەشی یەکەم  و دووهەمی فێستیڤاڵەکە (پێشانگا و سێمینارەکە) ئامادە کراوە. بە زووترین کات هەوڵ دەدەین کە ئەسڵی مەراسیمەکەش لێرە دابنێین.

  • سەرچاوە: سایتی رەسمیی مەڵبەندی ماملێ
  • This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت