خەڵاتی ٢٠١٦ی ماملێ بەخشرا بە تیپی مۆسیقای سلێمانی

0
1017

رۆژی شەممۆ رێکەوتی٢٣ی١ی٢٠١٦ زایینی، بە ئامادەبوونی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارە هەوروەها بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی هونەری/ سیاسی کورد، پارێزگاری سلێمانی، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ، خەڵاتی ٢٠١٦ی ماملێ بەخشرایە تیپی مۆسیقای سلێمانی. بۆنەکە سەرەتا بە سرودی ئەی ڕەقیب بە دەنگی محەممەد ماملێ دەستی پێکرد.

لەو رێ و ڕەسمەدا کۆمەڵێک کەس وتار و بابەتیان خوێندەوە و لە بەشێک لە ڕێ و ڕەسمەکەدا خەڵاتی ماملێ لە لایان ئامینە خانم، هاوسەری مامۆستا محەممەد ماملێ  و کاک “عەبدوڵا ماملێ” کوڕەگەورەی مامۆستا محەممەد ماملێ پێشکەش بە سەرۆکی تیپی موسیقی سلێمانی،  “زانا مەحمود هەژار” کرا .

لە درێژە دا تیپی مۆسیقای سلێمانی و وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوان، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و تلەویزیۆنی گەلی کوردستان خەڵاتی تایبەتیان پێشکەشی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و بنەماڵەی ماملێ کرد و بە گۆرانی نەتەوەیی “خوایە وەتەن ئاواکەی” ماملێ، کۆتایی بە مەراسیمەکە هات..

وریا ماملێ لەو بارەوە بۆ ڕۆژی کورد، هۆکارەکانی بەخشینی خەڵات بە تیپی موسیقای سلێمانی ئاوا باس کرد: هۆکارەکانی بەخشینی خەڵات بە تیپی مۆسیقای سلێمانی ١٤ خاڵی سەرەکی بوون کە ئەو تیپە هونەرییە لە ماوەی٤٩ ساڵ تەمەنی خۆیدا توانیویەتی لەو ١٤ خالەدا خۆی ببینێتەوە و لە سەرەتای دەستپێکی کاری خۆیدا هەوڵیداوە بە شێوەیەکی زانستییانە موزیکی کوردی پێش بخات و ڕۆڵێ بەرچاو و ڕوونیان هەبووە و هەیە لە داهێنانو نوێکاری لە مۆسیقای کوردیدا، هەوڵدان بۆ زیندوو ڕاگرتنی فولکلۆری کوردی و هەوڵدان بۆ  سڕینەوەی ملۆدی عەرەبی لەسەر موزیکی کوردی و لانیکەم سڕینەوەی ئەو ڕەنگە عەرەبیە لە موسیقای دەڤەری سلێمانی و گەڕاندنەوەی بۆ سەر ڕەگە کوردییەکەی لە هەمان کاتیشدا یەکەم گرووپ بوون کە توانیان  بۆ ئامادەکردن و دابەش کردن و کار کردن لەسەر شێوازی کۆراڵ توانیان کار بکەن و کاریگەرییان هەبێ.

وتەبێژی مەڵبەندی هونەری ماملێ هەروەها لە وڵامی ئەو پرسیارەی ڕۆژی کورددا کە ئایا ئەو دەنگۆیانە ڕاستن کە باس لە هەبوونی دووبەرەکی و پێک ناکۆکی لە نێوان ئەندامانی مەڵبەندی هونەریی ماملێدا دەکەن گوتی: ئەو قسە و قسەڵۆکانە لە بنەڕەتدا ناڕاستن و هەڵەن،مەڵبەندی هونەری ماملێ هەر وەک لە ماڵپەڕەکەدا ڕاگەیێندراوە سەر بە هیچ ڕێکخراو و دەوڵەت وبنکەیەک و حیزبێک نییە و مەڵبەندێکی هونەرییە کە کاری بە دابەشکاری سنوورەکانی کوردستان نییە و هەوڵ دەدات وێڕای هەبوونی ڕێز و پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردییەکان، کار لە سەر هونەری کوردی بکات.

لە درێژەی وڵامی ئەو پرسیارەدا وریا ماملێ گوتی: ئێمە لە وتاری ئەو ساڵمان لە هوتێلی “تەوار” و بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەن و حیزبەکانی کوردستان، ڕامانگەیاندووە کە هەم لە ڕووی هزری و هەمێش لە ڕووی ئابوورییەوە تەواو سەربەخۆین و هیچ جیاوازییەک بە هیچ حیزب و لایەنێکی هیچ کام لە پارچەکانی کوردستان ناکەین.

شایانی ئاماژەیە کە مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ساڵی ۲٠٠۸ ەوە دامەزراوە و تا ئێستاش ئەو خەڵاتانی بەخشیوە:

خەڵاتی ماملێ ٢٠١٠ درا بە هونەرمەند قالە مەڕە
خەڵاتی ماملێ ٢٠١١ درا بە هونەرمەند باکووری بەناوی
خەڵاتی ماملێ۲٠۱٢درا بە هونەرمەند عەباس کەمەندی
خەڵاتی ماملێ ٢٠١٣درا بە هونەرمەند عەزیز شاڕوخ
خەڵاتی ماملێ ۲٠۱٤ درا بە هونەرمەند ناسر رەزازی
خەڵاتی ٢٠١٥ی ماملێ درا بە ژنەهونەرمەندی گۆرانیبێژ بەناوی یای زۆزان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.