خۆپێشاندانە خۆڕسکەکانی ئێران، لە ڕەوتی درێژەکێشانیدا توانی خۆی ڕێکبخات!

0
858
محەممەد سلێمانی

خۆپێشاندانی گەلانی ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕژیمی ئاخوندی و گەندەڵیی ئابووری و و نالەباریی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و هەژارکردنی خەڵک، ڕووداوە  سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەو بابەتە گەیشتە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 شەپۆلی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و هاتنە مەیدانی بە میلیۆنان لە خەڵکانی ناو ئێران،  کە  زیاتر لە 79 شاری گەورە و مامناوەندی گرتەوە و هەم لە ڕووی ژمارە و بەشداریی چین و توێژە گەلیەکان و هەمیش سەبارەت بە نێوەڕۆکی خواست و دروشمەکان، جیاوازیی زۆریان لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا هەبوو.

 لە ساڵانی پێشووتردا کە ناڕەزایەتیەکانی شارە فارس نیشینەکان، بەتایبەت بۆ مەبەستی لایەنگری لە پۆستەکانی سەرکۆماری ڕێکدەخران و خەڵك بۆ ئەو مەبەستە دەڕژانە سەر شەقامەکان وەك جووڵانەوەی سەوز، ئامانجی ئەوان گۆڕینی ڕژیمی ئاخوندی و ڕووخاندنی حکوومەت نەبووە و تەنیا دڵیان بە کۆمەلێك قەول و بەڵێنیی بێ بنەما خۆش کردبوو.

 لەڕاستیداخۆپیشاندانەکانی ئەوجار، بەتەواوی سیاسیە و بەدژی دەسەڵاتی تاران پەرەیگرتووە و هەرچەند سەرەتا بە شێوەی خۆڕسک  سەری هەڵدا، بەڵام لە ڕەوتی درێژەکێشانیدا توانی خۆی ڕێکبخا و دروشم و خواستەکانیان ڕوونتر باس بکەن.  ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلانی ئێران بە دووبارەکردنەوەی دروشمگەلێك کە بەتەواوی، دیمەنی سیاسی لەخۆ گرتووە، حکوومەتی ناوەندی بەتەواوی داماو شۆک کرد. لە شەقامەکاندا خەڵکی بەشمەینەت و بێکار و هەژاری ئێران ئەوەیان دووپات دەکردەوە کە ئەو ڕژیمە دەبێت بڕوات و سیستمێکی گەلی و دێمۆکراتیك ببێتە جێگرەوەی. لە ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتیەکان زیاتر بۆ پشتیووانی و سەرخستنی یەکێک لە مۆرەکانی نێو قۆڵەکانی بەشداربووی دەسەڵاتی ئاخوندی، کە بە بەرنامە و قەول و بەڵێنیی ناڕاست خەڵکیان لە خۆیان کۆدەکردەوە و دەڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمییان دەوتەوە و هەرگیز بەدژی نیزام و هاوقۆڵەکانیان لە گوڵ کاڵتریان نەدەوتەوە. هەر وەك بینیمان، خەڵك   بە ڕوونی و دیاریکراوی بەدژی ڕێبەری مەزهەبی، عەلی خامنەی و ڕژیمەکەی بە دەنگی بەرز دروشمی بڕووخێ ڕژیم و بمرێ خامنەیان دەوتەوە، چوونکە حکوومەتی ئێران بە سەرچاوەی گەندەڵی سیاسی و ئیداری و ئابووری وڵات دەناسن.

ئەگەر خوێندنەوەی ڕاست و دروست بۆ خۆپێشاندانەکانی  ئێران بکرێ، بێگوومان دەسکەوتی گەورەی هەبووە، کاتیك نەتەوەی فەرمانڕەوا، دروشمی بمرێ ڕێبەر و بڕووخێ حکوومەتی ئاخوندی بە دەنگی زۆر بەرز لە تاران و شارەگەورەکانی تری ئێران دەڵێنەوە، مانای ئەوەیە کە ڕژیم بەتەواوی متمانە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی لەدەستداوە و بە سەرچاوە و هۆکاری گەندەڵی ئابووری و سیاسی  و بە هەدەردانی سامانی گەشتی وڵات دەناسرێ.  گەندەڵی ئابووری و ئیداری بۆ  هەموو لایەك و گەلانی وڵاتیش روونە کە حکوومەتی ئاخوندی ئەوەندەی خەمی هاوکاری و یارمەتیدانی گروپە توندئاژۆکانی نزیك لە خۆی لە سووریە و عێراق و لوبنان و فەلەستینی لەبەرە و، بە ملیاردان دۆڵاری ساڵانە لە قوتی هاونیشتیمانیانی ئێران بۆ تەرخانکردوون و  ، ڕێژەیەکی دیاریکراو لە سەرمایە و سامانی ئەو خەڵکە بۆ بەرژەوەندی ئاخوندەکان و پاراستنی دەسەڵات و پەرەپێدان بە پاونخوازیان دەفەوتێ و لە بەرانبەردا گەلانی وڵات دەبێت باجی هەژاری و بێکاریەکەی بدەن.  ئەگەر لە ڕابردوودا لە بەر هۆکاری جیاجیا و هەلومەرجی نێوخۆی، گەلانی ئێران دەستیان بەدەمی خۆیانگرتبوو و ددانیان بەخۆیاندا دەگرت کە نەڕژێنە سەرشەقام و بێزاریەکانیان پەرە نەستێنن بەدژی حکوومەتی ناوەندی.  بەڵام دەرکەوت ئەو جار هەموو لایەك سەبری بەسەر چووە و ئیدی بێکاری و هەژاری و نایەکسانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە  لە لایەن کاربەدەستانی وردو درشتی دەسەڵاتی تاران  بەسەر خەڵکی ئێرانیاندا فەرزکردوە، بەسەر چووە و  ئەمرٶ هاتوونەتە مەیدان و هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندوە کە ئێران جێگای ئاخونەکان نیە و دەبێت لەسەر دەسەڵات لابدرێن . ڕێژیمی تاران خەڵکی ناڕازی و  بێکار و هەژاری وڵات و داواکاری و شوعارەکانیان  بەپیلانگێڕی ئەمریکا و ئیسرایل  لە قەڵەمدەدات هەتا شەرحیەت بە کاری توندو تێژیان بدەن و هێزە ئەمنیەکان دەست لە خۆپێشاندەران نە پارێزن. دیارە لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوژرا و بریندار و بەهەزارانیان لە خراوەتە بەندیخانە و چارەنووسیان نادیارە. دەسەڵاتی تاران هەر بەوەشەوەنەوەستاون و پنجەی تۆمەتیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش درێژکردوە کە دەستیان لە پشتی ناڕەزایەتیەکانە و بەو ڕێگایەدا هەوڵدەدەن دیسان پیلانگێڕی دژی کوردی باشوور ئەنجامبدەن. بەگشتی لە ئێراندا گڕکانێکی بەتەواوی داگریساو بەدژی ئاخوندەکان  هەڵگریساوە و ئەگەر ئەوجارەش خامۆشبکرێ و،  ئاکامێکی دڵخۆشکەری ئەوتۆی نەبێت، لانیکەم زەمینەی شۆڕشێکی بەرینی لە سەر ئاستی وڵاتدا لە نێوان گەلاندا پێك هێناوە و هەموو لایەك ئامانجیان ڕوخاندنی ڕێژیمی نیزامی ئاخوندی ئێرانە لە داهاتوودا. ئەگەر لە ئێستادا هێزە نەیار و دژ بەرەکانی ڕێژیم وەك ڕابردوو کاریگەریان لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەی سیاسی وڵاتدا هەبووایە و ڕۆڵییان لە خۆپێشاندانەکاندا بەشێوەی لە پێشدا بەرنامە بۆ دارێژروا هەبا، بێزاری و ناڕەزایەتی خۆرسکی چین و توێژە جۆر بەجۆرەکانی نێوخۆی ئێران دوری دیارتریان دەبوو و ڕێژیمی دووچاری ئاستەنگی گەورەتر دەکردەوە. ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی حکوومەتی دیکتاتۆری شا سەری هەڵدا و پاشان بوو بەڕاپەڕینێکی سەرانسەری و گەلانی وڵات یەکدەنگ هاتنە سەر شەقامەکانی شارە گەورە و گرینگەکانی وڵات، ‌هێزە نەیارەکانی حکوومەت دەوری  باشتریان لە ئێستا هەبوو. دیارە هەلومەرجەکە لە کوردستان بە هۆی تایبەت مەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە هەیەتی، سروشتیە کە زەمینەی خەبات و ڕاپەڕینی جەماوەری بەربڵاوتر هەستی پێدەکرێت، ئەگەر خەڵکی کوردستان دەست پێشخەری ڕاپەڕینی سەرانسەری بکەن، ڕێژیم زۆر بێرهمانە دەکەوێتە وزەیان و قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە. ئەگەر بێت و خرۆشان و بێزاریەکان بە گشتی شارەکانی دیکەی وڵات بگرێتەوە و بەربڵاوتر بن و کۆی شار و ناوچەکان بەشداری تێدا بکەن،  ئەو کات ئەو دەرفەتە هەیە خەڵکی کوردستانیش  ڕاپەڕێ و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاخوندەکان بێنێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.