خوێندکارانی زانکۆی مەریوان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ڕاگرتنی توندوتیژی بە دژی ژنان، ڕاگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە

0
861

ڕۆژی کورد:  خوێندکارانی زانکۆ پەیام‌نووری مەریوان، بەبۆنەی ۲٥ی نوامبر (5ی خەزەڵوەر)، ڕۆژی جیهانیی ڕاگرتنی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیێندراوێکیان بڵاو کردۆتەوە و تێیدا وێڕای باس کردن لە ڕەوشی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی، هەر جۆرە توندوتیژییەک بە دژی ژنان، مەحکووم دەکەن.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

توندوتیژی دژی ژنان، تەنیا بە لێدان و تەمێی جەستەیی ناڵێن؛ بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، گومان، ڕەشبینی – کە لە نێو زۆربەی پیاواندا بە بەغیرەتی ناسراوە – هەموویان بەشێکن لە توندوتیژی دژی ژنان. لە کۆمەڵگایێکی بەستراو وەکوو کۆمەڵگای ئێراندا، بەهۆی گوشار و سیستەمی کۆنەپەرستیی دەسەڵاتەوە، دەرد و برینی کۆمەڵایەتی و دەروونیی ژن، دادەپۆشرێت و گوێیان پێ نادرێت و زۆربەی ئاواتی ژنان زیندووبەچاڵ دەکرێت. هەروەها بەشی هەرەگەورەی کۆمەڵگا، لە ژنانێک پێکهاتووە، کە هیچ زانیارییێکیان سەبارەت بە خۆیان و مافەکانیان نییە و ژنی چاک‌بوون تەنیا لە شۆردن و چێشت‌لێنان و منداڵ بەخێوکردن دەبینن و دەزانن.

توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو قاتەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕەگەزی و جوغڕافیاییدا، دەبینرێت؛ بەڵام لە هەندێکیان بەرچاوتر و بەربڵاوترە. هەموو ژنێک لە تەواو سەردەمی ژیانی خۆیاندا، ڕەنگە زۆرجار ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە؛ توندوتیژی جگەلە هاوسەر، باوک و برا، تەنانەت لە منداڵانی کوڕیشدا، دژی ژنان ڕووی‌داوە. بەداخەوە ژنان لە ژیانی خۆیاندا، چوار شێوە لە توندوتیژی ئەزموون دەکەن کە بریتین لە: جەستەیی، دەروونی، ئابووری و جینسی.

هەروەها کە لە ناوی توندوتیژیی “جەستەیی”دا ڕوون و دیارە، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دەگرێتە خۆی: (ئازار و ئەزیەتی جەستەیی، لێدان و بریندارکردن، سووتاندن، گرتن و بەستن و بەندکردن، دەرکردن لە ماڵ، تێکدانی خوانی خواردن و شکاندنی کەلوپەلی خانوو و…هتد).

توندوتیژیی “دەروونی”ش، بریتییە لە: (جنێودان و بەکاربردنی وشەگەلێکی نەشیاو، قیڕە و هاوار و بێ‌ئیخلاقی، بێ‌ڕێزی، فەرماندانی دوالەدوای یەک، هەڕەشەی ئازار و لێدان و کوشتن، سووکایەتی لە نێو کۆدا، قارکردن و چز وەشاندن، قەدەغەکردنی دیداری ژن لەگەڵ دۆستان و خزم و کەس و…هتد). ڕێگەنەدان بە ژن بۆ کڕین لە بازاڕدا و نەدانی پارە بە ژنانێک کە لە بواری ماڵیدا سەربەخۆ نین، لەگەڵ زۆرێک نموونەی دی، لە بەشی توندوتیژیی “ئابووری” دژی ژنان دێتە ئەژمار. دەستدرێژیی سێکسیش یەکێک لە توندوتیژییە بەرچاوەکانە لە دژی ژنان و ساڵانە قوربانیی زۆری لێ دەبێتەوە؛ هەروەها لە پەیوەندیی جینسیی هاوسەران، ئەگەر ڕازی‌بوونی ژنی لەگەڵدا نەبێت، توندوتیژیی “جینسی” ڕووی داوە.

ئێمە خوێندکارانی زانکۆ پەیام‌نووری مەریوان، لەم ڕۆژە گرینگەدا، بە شەرمەزارکردنی هەر جۆرە توندوتیژییێک لە دژی ژنان، پشتیوانیی خۆمان لە هەموو ئەو ڕێکخراوە خەڵکییانە ڕادەگەیێنین کە ئیدانەی توندوتیژیی دژی ژنان دەکەن و بەردەوام خوازیاری مافی بەرابەری ژن و پیاون. هەروەها گوشاری حەراسەتەکانی نێو زانکۆکان شەرمەزار دەکەین کە بەردەوام بە شێوازگەلێکی جیاواز دژی ژنان و کچانی خوێندکار، توندوتیژی پیشان دەدەن.

هەروەها سەری ڕێز و نوازش دادەنوێنین  بۆ هەموو ژنان و کچانی قوربانیی توندوتیژی لە هەموو جیهاندا، بەتایبەت ژنان و کچانی کوردستان و هەموو ئەو ژنە ئێزدییانەی کە دیلی نامرۆڤانی داعشن و هەموو جۆرە توندوتیژییێک ئەزموون دەکەن. لە کۆتاییشدا هیواخوازین نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی دونیادا، توندوتیژی دژی ژنان ڕوونەدات، چونکە توندوتیژی دژی ژنان، توندوتیژییە دژی مرۆڤایەتی. بە هیوای دونیایێکی پڕ لە دلۆڤانی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت