خوێندنەوەیەك بۆ سیاسەتەكانی رژێم لە دوای هەڵبژاردنەكان

0
653
12274535_1160276140668499_7645921467240523296_nعەلی بەهرامی
رۆژی 7ی رەشەممەی 1394ی كۆچی خۆری، لە دوای هەراوهۆسەیەكی زۆر رژێم شانۆی هەڵبژاردنی هەردوو مەجلیسی خوبرەگان (شارەزایان) و مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بەرێوەبرد. ئەگەر چی بۆچوونی جۆراوجۆر لە سەرپرۆسەكە هەیە و هەر كەسە و لە گۆشەیەكەوە لەو شانۆگەریەی رژێم دەروانێ بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە، بۆچوونی هێزە نەیار و بەرهەڵستەكانی ئەو دەسەڵاتە بەتایبەت لە كوردستان بوو! كە بەداخەوە بە سەر دوو بەرەدا دابەش ببوو و هەر ئەو دابەش بوونە تەئسیری هەبوو لە سەر ئەنجامی ئەو شانۆگەریەو بەرەو پێشبردنی بەرنامەكانی رژێم لە پارێزگاكانی كوردستان.

ئەگەر چی لە كوردستاندا رێژەیەكی بەرچاو لە جەماوەر هەمیشە بەچاوی گومانەوە لە سیاسەت و هەڵوسووكەوتی دەسەڵاتدارانی رژێم دەروانن و دوورە پەرێزیان كردوە لە چالاكی و بەشداری لەو پرسە سیاسیانەی رژێم بەرێوەیان دەبا، بەڵام رێژەیەكیش بە هۆی بانگەوازی هێزە ئازادیخوازەكانی كوردستانەوە خۆیان بە دوور دەگرت و نەدەچوونە یاریەكەوە كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دارێژرابێ و كاری بۆ كرابێ. بەڵام ئەو دابەشبوونەی هەڵوێستی هێزە سیاسیەكان لە نێوان بەشداری لە هەڵبژاردن و بایكوت، ئەو رێژە لە جەماوەری تووشی جۆرێك لە سەرلێشێوان كردو وەك بینیمان رێژەیەك كەوتنە ژێر كاریگەری بانگەشەی ئەوانەی خوازیاری بەشداری بوون. هاوكات لەگەڵ هەوڵ و تەقەلای رژێم بۆ بەرز كردنەوەی رێژەی بەشداری خەڵكی كوردستان دیسان كەم نەبوون ئەوانەی بەدەم هەڵوێستی لایەنەكانی دیكەی كوردستان چوون، كە خوازیاری بایكوت و نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان بوون.

ئەوەی لە ماوەی یەك رۆژی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا بەدیی دەكرا هەوڵێكی ناساڵم بوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و تێڤیەكان بوو، بۆ كەم بایەخ كردنی هەڵوێستی بایكوت و بەشداری نەكردن. ئەو بەرێزانە بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و وێنەی ئاپۆڕای جەماوەریی دەیانویست ئەوە بڵێن كە بە بەشداری كارایان لە هەڵبژاردنەكەی رژێم شكستیان بە سیاسەتی بایكوت لە كوردستان هێنا.
بەو پێ یە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە هۆی بایكوت نەكردنی هەڵبژاردن مەبەستدار بووە، وە وەك خۆیان بانگەشەیان بۆدەكرد خەمی نان و ژیان خەڵكیان نەبووە بەڵكوو مەبەست شكست پێهێنانی هەوڵی هێزەكانی دیكە بەتایبەت هێزە رەقیب و بەرامبەرەكەی خۆیان بووە. ئەو هەنگاوە راست ئەو قسەمان وەبیر دێنێ كە ئەو كارە لە خۆشەویستی عەلی نەبووە بەڵكوو لە رقی عومەر كرا.
بەڵام بەدەر لەوە با بەو پێكهاتەی دەچنە مەجلیسی رژێم و چاوخشانێك بە سیاسەتەكانی رژێم خوێندنەوەیەك بۆ داهاتووی وەزعی ئێران و ئەو ئەگەر و ئەممانە بكەین كە چاوەڕێی خەڵكی ئێران و كوردستان دەكەن.
بۆ مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری رژێم، ئەو 88 كەسەی دەچنە ئەو مەجلیسە بە پێچەوانەی بانگەشەكانی بەتایبەت بەرەی رەفسەنجانی، تا خامنەیی لە ژیاندا بێ هیچ كەسێك دیاری ناكرێ بۆ جێگرەوەی ناوبراو. پێش مردنیشی بۆی هەیە كەسێكی باوەڕ پێكراوی خۆی دیاری بكاو بیداتە ئەو مەجلیسەو ئەوانیش وەك رێبەر و وەلی فەقیە شەرعیەتی پێ بدەن، وە ئەگەر مەرگیش مەودای نەدا دڵنیایە لە پێكهاتەی مەجلیسی خوبرەگان بۆ ئەوەی كەسێك دیاری دەكەن كە لە باری بیر و ئەندێشەوە نزیك بێ لە خامنەیی.
بەڵام بۆ كار كردی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رژێم، باسەكە هەروا بەو ئاسانیە نیە دەبێ قوڵتر لە داهاتووی ئەو مەجلسیە و كارەكانی بروانین. لەو راستایەدا مەسەلەی ئابووری، دەستێوەردانە سیاسی و سەربازیەكان، گەندەڵی و فەساد كە  رەگ و ریشەی لەو سیستەمەدا داكوتاوە، شیی بكرێنەوە ئەو جا دەتوانین قسە سەر رێژەی ئاڵووگۆر لە بار و گوزەرانی خەڵكی ئێران بكرێ.
وەك دەزانین بە هۆی ئابڵوقەی ئابووری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ سەر رژێم بەهۆی گەڵاڵە ناوكەییەكانەوە، ئابووری ئێران بەتەواوی دارووخرا و رژێم نەیتوانی خۆی لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا بگرێ و ناچاربوو مل بدا بە ویستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا و لە سەر لابردنی ئەو بەرنامانە، چەندین ئیمتیازی ئابووری و ئازاد كردنی پووڵە بلوك كراوەكان رێكەوتن كرا، بەو پێیەی كە ئەوە بۆ چەند مانگ لە ئازاد كردنی ئەو پووڵانە و كرانەوەی دەرگای كۆمپانیا و شیركەتە زلهێزەكان بۆ ئێران، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە جموجوڵێك لە بازارەكاندا بەدیی ناكرێ و پێ ناچێ بەو زوانە رژێم بەهۆی هاوكاری گروپە ترۆریستیەكان و دەستێوەردانی دەرەكی بیر لە چارەسەری وەزعی ناوخۆ بكاتەوە.
وەك ئاشكرایە هەڵسووكەوت و دەستێوەردان لە كاروباری وەڵاتانی جیران بۆ رژێم هەزینە هەڵگرە و ئەو هەزینانەش بێ شك لە قووتی خەڵكی ئێران دەكێشرێتەوەو خەرجی مەرام و سیاسەتەكانی رژێم دەكرێ. وەك دەبینین ئەو مەسرەفانەی رژێم بۆ فەلستین و باشووری لوبنان دەكرێ بە جۆرێكە كە هەل و مەرج و گوزەرانی خەڵكی ئەو دوو شوێنە لە خەڵكی ئێران زۆر باشترە.
هەر لەو بارەوە لە ماوەی 5 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریە، رژێم لەگەڵ ئەوەی لە ژێر باری گرانی تەحریمە ئابووریەكاندا بوو، بەڵام دەستی لە پشتیوانی رژێمەكەی ئەسەد هەڵنەگرت و لە پێناو هێشتنەوەی ئەو رژێمە پارەوپووڵێكی خەیاڵی خەرج كردوە، بێ گوومان لە دوای رێكەوتنی ئاگربڕ لەو وەڵاتەش هەوڵەكانی رژێم بۆ بەهێزكردنی ئەسەد و دارودەستەكەی بەردەوام دەبێ و خەرجی ئەوەش كەمتر نابێ لە كاتی شەڕ.
لە هەمانكاتدا شەڕی یەمەن و پشتیوانی حوسیەكانی ئەو وەڵاتە كەمتر نیە لە خەرجیەكانی رژێم لە سوریەو بەو زوانەش كۆتاییان نایە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە لە وەڵاتانی دیكەی وەك پاكستان، ئەفغانستان، وەڵاتانی عەرەبی، وەڵاتانی ئەفریقایی پەرەدان بە مەزهەبی شیعە و دامەزرانی تاقم و گروپی جۆراوجۆر و كردنەوەی ناوەند و رێكخراوی تایبەت بە كاری تێكدەرانە و جاسووسی بەردەوام دەبێ بۆ ئەو مەبەستەش رژێم ساڵانە بودجەیەكی یەكجار زۆر تەرخان دەكا. لە هەمان كاتدا چالاكی تاقم و گروپە ترۆریستیەكانی سەر بەرژێم لە وەڵاتان و بەتایبەت ئوروپا، تێچوویەكی زۆری مادی و سیاسی دەبێ.
یەكێكی دیكە لەو گرفتانەی بەرۆكی خەڵكی ئێرانی گرتووەو رێگرە لە پەرەگرەسەندنی وەزعی ئابووری  و هەستانەوەی بازاری كار و باشتر بوونی وەزعی خەڵك، بوونی گەندەڵیەكی لە رادەبەرە لە نێو سیستەمی جمهوری ئیسلامیدایە، ئەو گەندەڵیەش بەجۆرێكە كە هەر تاقم و گروپێكی دەسەڵاتدار، دەستی بە سەر بەشێك لە سەرمایە و سەرچاوەكانی داهاتی ئەو وەڵاتەدا گرتووە، كە لەو راستایەدا گەندەڵیەكە بە ئەندازەیەكە كە هەندێ جار دەكەونە رقابەت و پێشبركێی یەكتر، بێ گوومان ئەو مافیایانە بە ئازاد بوونی پووڵ و سەرمایە بلوككراوەكان چالاكیەكانیان زیاتر دەبێ و لە داهاتووشدا شاهیدی دزی و فسادی زیاتر دەسەڵاتداراندا دەبین.
هەوڵەكانی رژێم بۆ خۆ تەیاركردن بە چەك و چۆڵ یەكێكی دیكە لە كۆسپەكانی بەردەم باشتر بوونی بازار و گوزەرانی خەڵكە، وە هەمووان ئەو راستیە دەزانین كە لە دوای تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق، رژێمی ئێران بە نهێنی بۆ چەندین ساڵ پەرەی بە بەرنامەی ناوكەیی و مووشەكی خۆی داوە كە ئەو بەرنامانەی رژێم هەڵگری خەرجیەكی زۆر بوون بە هۆی ئەوەی كە تەیار بوون بە چەكی ناوكەیی و مووشەكی مەسرەف و پووڵی باشی دەوێ، هاوكات رژێم بۆ بە نهێنی هێشتنەوەی بەرنامەكانی لە رێگەی بازاری رەشەوە كەل و پەلەكانی بەدەست هێناوە بۆیە ئەو جۆرە كاركردنە خەرجیەكانی ئەو بەرنامەیەی دوو بەرابەر كردوە. هەروەها لە ئێستاشداو لە دوای نۆشینی جامی زەهرو پێ مل بوون بەفشاری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، لە هەوڵی ئەوەدایە بە كرینی چەك و چۆڵی پێشكەوتوو لە وەڵاتان، خۆی پڕچەك و تەیار بكات، بێ گوومان ئەو هەنگاو بەرنامەی رژێم لە داهاتوودا هەزینەیەكی زۆری دەوێ و رژێم پڕ چەككردنی هێزەكانی خستۆتە پێش وەزع و گوزەرانی خەڵكی ئێرانەوە، چوونكە سروشتی حكومەتە دیكتاتۆرەكان بەو شێوەیە كە پێان وایە بە سەركوت و چەك و چۆڵی پێشكەوتوو دەتوانن تەمەنی دەسەڵاتەكانیان زیاتر بكەن.
لەو هەل و مەرجەدا و بۆ پەرەپێدانی بەرنامەكانی، وەلی فەقیە پێویستی بە مەجلیسێك بوو كە بە بێ هیچ باس و تێچوویەكی نێوخۆیی شەرعیەت بە بەرنامەكانی بدا، بۆیە لە رێگەی ئەنجومەنی چاودێری (شۆرای نیگابان)وە دەستی دایە رەدی سەڵاحیەتی رێژەیەكی زۆر لەوانەی ناوی خۆیان بۆ كاندیدی مەجلیس تۆمار كردبوو، وە تەنها كەسانی سەربە باڵی وەلی فەقیە بتوانن بچنە ئەو دەورەیەی مەجلیسەوەو یەك دەست بوونی مەجلیس بۆ وەلی فەقیە گرینگ بوو، وە هەر بەو رێگەیە چاودێریەكی توند بخاتە سەر دەزگای بەرێوەبەری.
بەو شیی كردنەوەیە بۆمان روون دەبێتەوە كە رژێم بە سەر ئەو هەموو خەرجی و مەسروفاتەی لە چالاكیە مەزهەبی و ترۆریستی و دەستێوەردانی وەڵاتانی جیران و كڕینی چەكو چۆڵ و لەگەڵ ئەوانەدا گەندەڵی و فەسادی دەسەڵاتداران، هیچ ئاسۆیەكی روون بەدیی ناكرێ لە راستای باشتر كردن و چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووریەكانی خەڵكی ئێران، ئەگەر هەنگاو گەلێكی سەرەتاییش هەڵگیرێ ناتوانێ وەڵامدەر و بەپێی پێویستی خەڵك بێ و حەتا ناتوانێ بە رێژەیەك بێ كە جوابدەرەوەی بانگەشەی پاڵێوراوانی مەجلیسی دەیەمیشی بێت.
 كارنامەی رژێم لە 36 ساڵی دەسەڵاتداری رژێم لە كوردستاندا بكەینە پێوانە، تووشیب هەڵە دەبین گەر چاوەرێی ئاسۆیەكی روون بكەین و پێمان وابێ دەست و پێوەندەكانی ئەو دەسەڵاتە لایەك لە خەڵكی چەوساوەی كورد دەكەنەوە، چوونكە رژێم لە كوردستاندا هیچ گرینگیەك بە ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی نەداوە و لەو بارەوە جیاكاریەكی بەرچاو لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی ئێراندا دەبینین، بێ گوومان ئەو سیاسەتانەی رژێم لە كوردستان گۆرانیان بەردا نایەت و بەردەوام دەبێ و میلیتاریزەكردنی كوردستان پەرەی زیاتر دەستێنێ نەك باشتركردن و چارەسەری كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتیەكانی ئەو ناوچەیە. هاوكات وەك لە رابردوودا بینیومانە بە برسی هێشتنەوەی خەڵكی ئێران و كوردستان بەتایبەت یەكێك لە بەرنامە ریشەییەكانی ئەو سیستەمە بووە، هەر بۆیە ئەو هێزانەی كاریان بۆ بایكوتی شانۆی هەڵبژاردنەكانی رژێم دەكرد راستی و ناوەرۆكی ئەو رژێمەیان باشتر ناسیوەو لە داهاتووشدا روون دەبێتەوە كە بیرو بۆچوونی ئەوان لە سەر هەڵبژاردن لە چوارچێوەی رژێم و كاركردی ئەو نیزامە لە كوردستان واقعبینانەتر بووەو لە داهاتووشدا بەرپرسایەتی خەبات و بەرەنگاری رژێم زیاتر لە رابردوو دەكەوێتە ئەستۆ و پێویستە هەوڵ زیاتر بدرێ بۆ روون كردنەوە و هۆشیاری زیاتری جەماوەر لە حاست سیاسەت و بەرنامە و فێڵ و تەڵەكەبازی دەسەڵاتداران لە ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.