خامنەیی هەڕەشەی لە هێزەکانی فەلەستین کرد

0
936

ڕۆژی کورد: دوای هاتنە ئارای بیرۆکەی قەبووڵ کردنی دوو ولاتی فەلەستین و ئیسراییل لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و پشتگیریی چەند وڵاتێکی تر لەو بیرۆکەیە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی جارێکی تر بە نیازی نانەوەی ئاژاوە لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسراییل، هەڕەشەی لە هێزەکانی فەلەستین کرد و گوتی: “هەر هێزێکی فەلەستینی کە لە بەرخۆدان دووربکەوێتەوە، لە ئێمە دوور کەوتۆتەوە”.

عەلی خامنەیی، لە ڕێوڕسەمی کرانەوەی “شەشەمین کۆنفرانسی ناودەوڵەتیی پشتیوانی لە ڕزگاریخوازیی فەلەستین” کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێک دەخرێت، ئەو لێدوانەی دا و گوتی: “ئەگەر بێت و گرووپێک ئاڵای بەرخۆدان فڕێ بدات، بە دڵنیاییەوە، گرووپێکی تر لە هەناوی نەتەوەی فەلەستینەوە هەڵدەقووڵێ و ئەو ئاڵایە دەگرێتە دەست”.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە پشتیوانی ئاشکرای مادی و سەربازیی هێزەکانی فەلەستین و لوبنان و بەتایبەتی حیزبووڵا دەناسرێ، یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداریی خۆی لەسەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ ئیسراییل دامەزراندووە. عەلی خامنەیی لەو لیدوانەشدا، ئیسراییلی وەک “ڕژێنێکی شێرپەنجەیی” و “وڵاتێکی ساختە” ناو برد.

ئەو لێدوانانەی خامنەیی بە واتای دووپات کردنەوەی ئەو هەڵوێستەی کۆماری ئیسلامییە کە دەبی ئیسراییل لەسەر نەخشەی جیهان نەمێنێت و لەناو بچێت.

خامنەیی لە درێژەی هەڕەشەکانی لە هیزەکانی فەلەستین بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسراییل گوتی: “قووڵایی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەر فرووۆێکی بەرخۆدان تەنیا تا کاتی پێمل بوونی بە ڕێسای بەرخۆدان ـە و هەر گرووپێک لەو ڕێگایەدا هەنگاو بنێ، ئێمە لە پشتی دەوێستین  و هەر گرووپیکیش لەو رێگایە دەربچێ، لە ئێمە دوور کەوتۆتەوە”.

خامنەیی هەروەها لەمەڕ ئیسراییل گوتیشی: “ئەو وڵاتە ساختەیە بە پیلانێکی ناودەوڵەتی سازبووە و پێویستە بە یەکگرتوویی لەناو بچێت”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت