خامنەیی دەوڵەتی ئەمریکای بەهاوکاری کردنی داعش تۆمەتبار کرد

0
905

رۆژی کورد: ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە میانەی چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکۆماری وڵاتی قەزاقستاندا، دەوڵەتی ئەمریکای بە هاوکاری کردنی داعش و سیاسەتی دوو ڕوویانەلەهەمبەر ئەو گرووپەدا تۆمەتبار کرد.

خامنەیی لە حاڵێکدا دەوڵەتی ئەمریکا بە هاوکاری کردنی داعش تۆمەتبار دەکات کە چالاکان و کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین هۆکار و دەستی پشتی پەردەی درووستبوون و سەرهەڵدانی داعش بووە.

عەلی خامنەیی ڕێبەریی وەلی فەقێ، ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “نوور سوڵتان نەزەربایۆف” سەرۆک کۆماری قەزاقستان، ئەمریکای بە سیاسەتی دووفاقی لە هەمبەر داعشدا تۆمەتبار کرد و گوتی: “ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ تیرۆریزمدا شێلگیر و ڕاستبێژ نییە”.

ڕێبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئامادەبوونی ئیسلامگەرا توندئاژۆ ئەورووپاییەکانی لە ناو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە هۆکاری سیاسەتی دووفاقەی ئەمریکا بۆ شەڕ لەگەڵ داعش دەگێڕێتەوە و دەڵێ: “ئەوان بۆ پاساوی سیاسەتی دووفاقەی خۆیان تیرۆریزم بە سەر دوو جۆری چاک و خراپدا دابەش دەکەن”.

خامنەیی گوتووشیەتی “ئەمریکا ئەگەر لەگەڵ تیرۆریزم شێلگیر نییە، بەڵام وڵاتانی ئیسلامی بە هاوکاریی ڕاستگۆیانەی یەکتر، دەتوانن ئەو هەڕەشەیە لەبەردەم جیهانی ئیسلام لابەن”.

پیشتر سکرتیری حیزبی دێمۆکرات لە چەند وتویژی تەلەفزیۆنیدا وێرای ڕەت کردنەوەی بانگەشەی ئێران بۆ شەڕ لەگەڵ ڕێکخراوی داعش، ڕایگەیاندبوو، بەڵگەیان لەبەر دەستدایە کە جیابوونەوەی گروپێک لە ئەلقاعیدە کە دواتر ناوی داعشی لێ‌نرا، بە پلانی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی ئەسەد، نووری مالیکی و حیزبوڵلای لوبنان بووە.

مستەفا هیجری لە وتوێژ لەگەڵ کەناڵەکانی ئێن ئار تی و ئانادۆڵ، ئاماژەی بەوە کردبوو کە حکووەتی ئیسلامیی ئیران بە تەسلیم کردنی شاری مووسڵ لە ڕێگەی نوری ماڵکییەوە بە داعش، ئە و ڕێکخراوەیەی بە مەبەستی سیاسەتە ناوچەییی و جیهانییەکانی بەکار هێنا و بوو بە بەهانەیەک بۆ هاتنی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای ئێران بۆ ولاتانی ئێراق و سووریا.

سکرتێری حیزبی دیمۆکرات ڕایگەیاندبوو، لە کاتێکدا پاش دەستبەسەرداگرتنی داعش هەموو کەس پێیوابوو کە هێزەکانی داعش روو لە بەغدا دەکەن، بەڵام داعش بە هەموو هێزەکانییەوە رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمە خۆی یەکێک لە پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دژی هەرێمی کوردستان بوو.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە بە گەورەترین پشتیوانانی تیرۆریزم لە رۆژهەڵاتی ناڤین دادەندرێ و بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبونەوەتەوە، تێکڕای کردەوە و پشتیوانییە تیرۆریستییەکان لەرێگەی عیزبوڵلای لوبنان، حەماسی فەلەستین و سوپای پاسدارانەوە ئەنجام ئەدرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.