خالید عەزیزی: کورد ناتوانێ حکومەتی کۆماری ئیسلامی برووخێنێ

0
901

تایبەت بە رۆژی کورد

ئێوارەی ئەمرۆ لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، سمینارێک بۆ خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەرێوە چوو، کە تیایدا ژمارەیەک لە کوردەکانی نیشتەجێی فەڕەنسا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون،
لەسەرەتای باسەکەیدا خالید عەزیزی تیشکی خستە سەر مەسەلەی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان و رایگەیاند: سەربەخۆیی مافی ڕەوای گەلی کوردە و پێویستە هەموو حیزبەکانی باشوور بە بەرپرسیارێتی کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن، بۆ ئەوەش پێویستە نێوخۆ و نێو ماڵیی کوردی هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن.

عەزیزی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆنگرەی 16 حیزبەکەیاندا پرسی ریفراندۆم لە رۆژهەڵاتی کوردستانیان باسکردووە و گوتی: گەلی کورد ئەو مافەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەموو رێگەیەکیان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەی کیشەکەیان لە ئێران چارەسەر بێت. ئێمە بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێمان وایە ریفراندۆم یەکلاییکەرەوەیە. بۆیە پەنا بردن بۆ ریفراندۆم مافی سرووشتی گەلی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
سەبارەت بە باکووری کوردستان عەزیزی ڕایگەیاند: دەبێ لایەنی کوردی و دەوڵەتی تورکیا بگەڕێنەوە سەر میزی گفتوگۆ، شەڕ ناتوانێ کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکا. میتۆدی شەڕ میتۆدێکی سەرکەوتوو نییە.
سەبارەت بە رۆژاوای کوردستانیش خالید عەزیزی گوتی: سیاسەتی ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە دخالەت لە کاروباری هیچ پارچەیەکدا نەکەین و خۆمان نەکەین بە بەشێک لە کێشەکان لە پارچەکانی دیکە. لە ژێر رووناکایی ئەو سیاسەتە نامانەوێ هیچ حیزبی پارچەیەکی دیکە دخالەت لە کاروباری رۆژهەڵاتدا بکەن. هەر پارچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەر پارچەیەک خاوەنی ئەحزابی سیاسی خۆیەتی، ئێمە دەبێ بیر لە یەکێتی نەتەوەیی بکەینەوە، بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەیی بیرۆکەیەکی زۆر باش بوو بەڵام بۆ ئەو قۆناغە زەحمەتە چل-پەنجا حیزب لەسەر پرسی کورد رێکبکەون.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی کورد لەو پارچەیە لە پەراوێز دایە و ئێمە ئیعتراف بەو مەسەلەیە دەکەین و هۆکارەکانیش زۆرن بۆ ئەو مەسەلەیە.
پەیوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڵ تاران لە ڕوانگەی ئێمەوە سرووشتییە و ئێمەش لە جێی ئەوان باین هەر وامان دەکرد.
عەزیزی گوتیشی: هەموو هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە ئەوەیە حکومەتی کۆماری ئیسلامی نەمێنێ و حکومەتێکی دیموکراتیک لە تاران بێتە سەر کار، بەڵام ئەگەر بڵێین حکومەتی تاران بە ئێمە نارووخێ گوناهمان نەکردووە، کورد خاوەنی ئەو هێزە نییە کە حکومەت برووخێنێ. لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری کورد هەمیشە پەراوێز خراوە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە کە تاک ڕەهەندی چاو لە کیشەی کورد لە ئێران نەکەین، واتە نەڵێین: هەتا کۆماری ئیسلامی نەرووخێ هیچ شتێک چارەسەر نابێ. هەوڵدان بۆ نەمانی ئەو رژیمە دەبێ لە ستراتیژی ئێمە دا بێ، بەڵام هەوڵدان بۆ خەباتی مەدەنی، خەباتی فەرهەنگی، تێکۆشانی ژینگە پارێزی، خەباتی لاوان و ژنان و خوێندکاران، تەنانەت بۆنەکانی نەورۆز وەک دەرفەت سوودیان لێوەر بگرین کە خەڵکێکی زۆر لەو شێوە خەباتەدا بەشدار بن.
ئێمە دەمانەوێ هەموو گەلی کورد لە رۆژهەڵات بێنە ناو کێشەکان. هیچ هەڵبژاردنێک دیموکراتیک نەبووە لە ئێران بەڵام ئێمە پێمان وایە خەڵک وەک دەرفەت کەڵک لە هەڵبژاردنەکان وەربگرن.
ئێمە هێزی پێشمەرگەی خۆمان هەیە و هێزەکانمان ساڵی ڕابردوو لە زۆر شوێنی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بەڵام پێمان گوتوون کە هێرش نەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی بەهانەیەکی زۆرتر نەدرێ بە حکومەت بۆ ئەمنییەتیکردنی کوردستان. ئێمە لە رووی مێدیاییشەوە کارمان کردووە بۆیە هەوڵمان داوە کێشەی کورد لە چەند ڕەهەند دا بخەینە بەر باس.

خالید عەزیزی ڕەخنەی لە  حیزبەکانی رۆژهەڵات گرت و گوتی: لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە بەرەیەک پێک بێنن، لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە خەباتی مەدەنیی نێو بە دروستی پێناسە بکەن. بە باشی کارمان نەکردووە، ئەو چەند حیزبانە لە یەکتری نزیک بینەوە، بۆوەی تەجروبەی شاخ و ڕەهەندی دیپلۆماسی و خەباتی نێوخۆیی ئەو حیزبانە پێکەوە گرێ بدا. ئەو کەموکوڕییانە جاروبار پەیامی ناخۆشیشی داوە بە خەڵک، ئێمە پێمان وابوو چارەسەریی کێشەی نێوان دوو دیموکرات، لێکنزیکبوونەوەی دیموکراتەکان، وەسەریەککەوتنەوەی دیموکراتەکان، ڕەنگە قووەتی قەلب و وردبینییەکی وەهای دروست کردبا و یارمەتیدەر با بۆ دیتنەوەی ئادرێسێکی بەقووەت بۆ کوردی ئێران، ئەوەندی پەیوەندی بە حیزبەکانەوە هەیە.

بۆیە لەساڵانی ڕابردوو دا هەوڵی ئەوەمان داوە قۆناغ بە قۆناغ‌ ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. هەتا دیموکراتەکان یەکنەگرنەوە، چەند حیزب ناتوانن لە بەرەیەکدا پێکەوە کار بکەن.

لە کۆتایی سمینارەدا ئامادەبووان پرسیارەکانی خۆیان ئاراستەی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی بۆچی رێگە بە گوڵاڵە شەرەفکەندی نەدراوە پێنج دەقە لە کۆنگرەی 16 قسە بکا، خالید عەزیزی گوتی: گوڵاڵە شەرفکەندی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حدک ە لەگەڵ ئەوەی لە دەرەوە و لە فەیسبووک ڕەخنەی گرتووە، هەر چەند ئەو کارەی باش نەبوو، چونکە ئەندامی کومیتەی ناوەندی بۆی نییە لە دەرەوەی کۆنگرە ڕەخنە بگرێ، بەم حاڵەشەوە ئێمە هەر وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزب قبووڵمانە، لە کۆنگرەدا باسی پرسی ژنان کراوە و بایەخیشمان پێداوە.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان، خالید عەزیزی ڕایگەیاند: من ئارەزووم دەکرد هەموو حیزبەکان یەکترمان تەحەممول کردبا و لەسەر یەکگرتنەوە ڕانەوەستاباین، بەڵام پەیوەندییەکانی حدک و حدکا و کۆمەڵەکان دەگەڵ یەکتری لەو چەند ساڵەدا هێندە ناخۆش و هێندە ناموتەمەدینانە بووە بۆیە هاوارەکە ئاوا هەستاوە. کاتێ دوو لای دیموکرات پێکەوە دانەنیشن، ئەو ئەوی قبووڵ نەبێ، یان کۆمەڵەکان پێکەوە دانانیشن، هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کێشەکانی نێوان دوو لایەی دیموکرات تەشەنە نەکا و رێگەچارەی بۆ بدۆزینەوە. ئەگەر هەر دوو لا یەکترمان قبووڵ کردبا ئەو رێگەچارەکە ئاسانتر دەبوو.
لە وەڵامی پرسیارێک لەمەڕ دەسپێکردنەوەی خەباتی سیاسی کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بانگەشەی بۆ دەکا، خالید عەزیزی گوتی: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو خاوەنی هێزی چەکدارە، بۆیە ئێمەش دەبێ وەک حیزبی دیموکرات خاوەنی هێزی چەکدار بین بەڵام ئەگەر هێزی پێشمەرگەی هەموو حیزبەکان بکەونەوە سەر یەک، یەک گوندی کوردستانی ئێرانمان بۆ ئازاد ناکرێ. بەڵام بوونی پێشمەرگە و مانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا دەگەڵ سیناریۆ ناڕوونەکان بەرەو ڕوو بین و ئامادەییمان هەبێ، بۆیە پێویستە هێزی پێشمەرگە هەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.