خالید عەزیزی باس لە شکاندنی تابۆی سیاسی و جیاوازیی سیاسی حدک و حدکا و پرسی یەکگرتنەوە دەکات

0
898

ڕۆژی کورد: خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی”حدک” لە کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی حیزبەکەیدا لە وڵاتی سوید، باسی لە چەندین تەوەری جیاوازی وەکوو پشتیوانی لە هەڵبژاردن، شکاندنی تابۆی سیاسیی یەکلایەنە، پرسی یەکگرتنەوە و جیاوازیی سیاسی لە نێوان دوو لایەنی حدک و حدکادا کردووە.

عەزیزی لە دەستپێکی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: تەبیعەتی سیاسەت وایە ئەگەر مەترەح بووی، نفووزت هەبوو، لە هاوکێشەکاندا بوونت هەبوو، چاوەروانییەکانیش لە تۆ زیاتر دەبێ، ئەگەر لەلایەک خەلکی جۆراوجۆر، بەشێک لە بەرژەوەدییەکانیان لە وجوود و پێگەی تۆدا دەبینن لەوانەیە بەشێکش لە لایەنەکان وا هەست بکەن کە بە گەورە بوونەوەو مەترەح بوون و حوزووری تۆ بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

عەزیزی ئەو هەڵوێستەی حیزبەکەی بە تابۆ شکێنی وەسف دەکا و دەڵێت: “حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بەهێنانە بەرباسی پرسی نوێ، تابۆی یەک‌لایەنە بوونی سیاسەتی شکاند”. لە درێژەدا دەڵێت ئادرەسی چارەسەریی پرسی کورد لەئێران حیزبی دیمۆکراتەو ئیتر حدک هیچ کەس و لایەنێک و تەنانەت کۆماری ئیسلامیش، ناتوانێ حاشای لێ بکات.

پێشتر سکرتێری گشتیی حدک بە بەشداریی لایەنی سیێەم لەگەڵ نوێنەرانی ئاسایەشی میللیی ئێران لە کۆنسوولی ئێران دانیشتنیان کردبوو، کە ٤ مانگ دواتر خالید عەزیزی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو پشتڕاستی کردەوە.

لەدرێژەی قسەکانیدا لەو کۆبوونەوە تەشکیلاتتیەی سویدا دەڵێت: “لە نێوخۆی کوردستانی ئێران ئەو بۆچوونەی ئێمە بوو کە باوەڕبەخۆبوونی لەنێو هێندیک خەڵکدا دروست کرد کە نیگەران نەبن و بچنە نێو چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان و دڵنیابن لەوەی کە ئەگەر هاتنە نێو هاوکێشە سیاسییەکانەوە کەس تاوانباریان ناکا و پێیان ناڵێ خائین و خۆ فرۆش”.

سکرتێری “حدک” ڕاشیگەیاند: گرفتی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران و کوردستان لەوەدایە کە کەس ناوێرێ باسێکی نوێ بێنێتە گۆڕێ، یەکسەر تۆمەتباری دەکەن و تاوانێکی دەخەنە پاڵ.

“حیزبی دێمۆکراتی کوردستان” لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا تەنیا لایەنی کوردی بوو کە بە ئاشکرا پشتیوانیی لە هەڵبژاردنەکان و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، کە بەو هۆیەوە لەلایەن زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و رۆشنبیرانی کوردەوە بەرەوڕووی ڕەخنە بوویەوە.

سکرتێری گشتیی حدک ویڕای ئاماژە کردن بەوەیکە تاکە لایەنی کوردی بووە کە هەڵوێستی سیاسیی جیاوازی گرتووە، جیاوازییەک کە کاردانەوەی توند و هەڵوێستی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لێکەوتەوە.

عەزیزی سەبارەت بە ڕەخنە و هەڵوێستی لایەنەکان دەڵێت: زۆر کەس و لایەن هەیە کە لەو گوتارە سیاسییەی ئێمە سڵ دەکەنەوە و لێی دەدەن و دەیانەوێ ئێمە واز لەو سیاسەتەی خۆمان بێنین، بەلام ئێمە بێ ترس درێژە بە سیاسەتی خەڵک پەسەندی خۆمان دەدەین. ئەو قسانەی عەزیزی ڕوونی ناکاتەوە کە سیاسەتی خەڵک پەسەند بە چ واتایەکە و بە پێی کام تەوەر زانیویانە سیاسەتەکەیان خەڵک پەسەندە.

عەزیزی لەکاتێکدا ئاماژە بە هەڵوێستی سیاسیی جیاوازی حیزبەکەی دەکات کە  سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوە ڕایگەیاندووە: “نابێ ڕێگە بدەین کە دژبەرانی یەکگرتنەوە لەهەر دوولا کێشەکانمان قوولتر بکەنەوە و ناکۆکییەکان بکەنە ناکۆکیی سیاسی”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.