حەیدەر عەبادی ئەگەر بۆی بلوێ، هاوینەهەوارەکانی کوردستانیش دادەخات!

0
939
محەمەد سلێمانی

سەرەڕۆیی بەغدا لە هەرێم تا ڕادەیەک چووەتە پێش کە هەر ئەوە ماوە حەیدەر عەبادی و هاوتەریبەکانی بڕیاری داخستنی هاوینە هەوار و چێشتخانە و چایخانە و سەموونخانەکانی هەرێمی کوردستان دەربکەن و سزای زیاتر بخەنە سەر خەڵکی باشووری کوردستان کە هەمووی دەرهاویشتەی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون. ئێستا عەبادی خۆی بەبراوەی سەرەکی لە سەر ئاستی وڵاتدا سەیردەکا و پاش ئەوەی کورد نزیکەی نیوەی خاکەکەی لەدەستدا و کەوتەوە ژێردەسەڵاتی ناوەند و بەشێکی گرینگی گێلگە نەتیەکانی لەژێر دەست دەرهێنراوە و ئەوەش هێندەی تر کێشەی دارایی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردوە و زۆر بەدژواری دەتوانێت بەو بڕە داهاتەی لە بەر دەستیدایە مووچەی فەرمانبەران و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دابین بکا.

بەگوێرەی هێندێك سەرچاوەی نزێك لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێن:  پێناچێت لە داهاتی گشتی عێراق ڕێژەی لە ١٧%ی بەشە بودجەی هەرێم دابین بکرێ و کەمدەکرێتەوە بۆ خوار ١٣% کە ئەوەش بارودۆخی هاو وڵاتیان باشتر ناکات. ئەگەر تۆزێك بەوردی لە هۆکارەکەی بڕوانین زۆر بە سانای دەتوانین لە هۆکارەکەی بزنین، ئیدی کورد بەداخەوە وەك ساڵانی پێشوو ڕۆڵی نەماوە و ئەگەر هەروابڕوات لەوەش خراپتر دەبێت.

کورد لە پارلماندا ئەو هێزەی نیە ڕێگری لە دەرکردنی کۆمەڵێك بڕگە و یاسای دژ بە گەلی کورد بکا و ئەگەر جاران بە سازانی سیاسی کێشەکان یەك لایدەکرانەوە، ئێستا ئەوەش مانایەکی نیە و بەهەموو لایەك دەیان هەوێت گەماڕۆی سیاسی و ئیداری زۆرتر بخرێتەسەرکورد و بەزۆرینەی پارلمانی کێشەکان لە بەرژەوەندی شیعە و سوننەدا یەكلای دەکرێنەوە. دیارە ئەوەش بڕیارێکی تری ستەمکارانەی حکوومەتی مەرکەزی بەغدایە بەدژی کورد کە عەبادی سەرکردایەتی دەکا. ناهەقی  ناگرم کە عابادی لەوەی خراپ تر بەسەر گەلی باشووردا بێنێت، چوونکی سەردانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی مەرکەزی عێراق بۆتەگرینگ ترین سەیرانگای سیاسی و هەرجمەی دێت لە سەرکردەی کورد و وەڤدی باڵای بەشێك لە  هێزە کوردییەکانی باشوور.

ئەو بەرێزە بە خوێن ڕشتن و داگیرکردنەوەی کەرکوك و ناوچە دابڕین ڕاوەکان نەوەستاوە و گەماڕۆی ئابووری  خستە سەر هەرێمی کوردستان و بە دەرکردنی ڕیزە بڕیارێك، فڕۆکەخانە و دەروازە سنووریەکانی بە سەر هەرێمی کوردستان دەخست و بابەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشی کردۆتە خاڵێکی  بەتەواوی سیاسی و هەرجارەو بەجۆرێك ئەو مەسەلەیە لە  دەرکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکانی حەفتانەیدا باس دەکا و بەڵێنی نادروست رادەگەیەنێت.  بەڵام ئەمڕۆ وەك ئەوەی نە بای هات بێت و نەباران بۆ ژمارەیەك لە سیاسیەکانی باشوور و هەر ڕۆژە و لە ژێر ناو  و بەهانەیەكدا سەردانی ئەو زاتە مەزنخوازە دەکەن،  بەڵکوو بەگوێیان بکا و  دڵی نەرم بێت و مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان کە مافی دەستووری خۆیان ڕەوانە بکات، کەچی هەتا ئەمڕۆش هەر دەستی دەستی  بەناردنی قووتی خەڵکی کوردستان دەکات و لەو پەیوەندیەدا هیچکام لە بەڵینیەکانی بە جێ نەهێناوە و  بەهۆی غروورە سەربازییەکەیەوە غلور بووە و گوێ بۆ کەس ناگرێت جگە لە حکوومەتی ئاخوندی ئێران نەبێ.

ڕۆژیەتی کورد دژی ستەمکرایەکانی عەبادی دەست بۆ خەباتێکی نوێ بەرێت و ئیدی دەسەڵاتی بەغدا کوردی بەئاشکرایی لە پڕۆسەی سیاسی و هاوبەشیدا پەراوێز خستووە و ئەگەر بۆیان بلوێ، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی هەڵدەوەشینەوە و لە گەڵ پاڕێزگاکاندا کاردەکەن. بۆ رووبەرووبوونەوەیەکی ئەوتۆ سەرەتا کورد دەبێت خۆی ڕێکبخات  لە هەمبەر بەغدا و لە سایەی کۆدەنگی سیاسی و نەتەوەیدا دەتوانێت زۆرێك لە مافەدەستووریەکانی وەك خۆی بپارێزێت و لەوەی خراپتر بەسەر کوردستاندا نەیەت. با ڕاشکاوبین لە گەڵ کۆمەڵگای کوردستاندا، ئەو سیاسەتەی عەبادی لە هەمبەر حکوومەتی هەڕێمدا پەیڕەوی دەکات، زۆر ترسەناکترە لە سیاسەتی ئاشکرایی ئانکارا و تاران کە دژی گەلی کورد بە درێژای مێژوو هەیانبووە و لە هیچ جۆرە دڕندەیی و سەرکووتکردنێك دریغیان نەکردوە. حکوومەتی مەرکەزی عێراق دوایی پرۆسەی ڕزگاری و روخاندنی حکوومەتی  سەدام ، بەهۆی کوردەوە توانی بۆ جارێکی تر بکەوێتەوە سەرپێەکانی و دەوڵەتی خۆی ڕێکبخاتەوە و لە سەر ئاستی نێوخۆ  و دەرەوەدا پێناسەی خۆی بکاتەوە.  دواجار  سەرکردە سیاسی و مێژوویەکانی کوردستانی باشوور ڕۆڵیان هەبووە  کە حەیدەر عەبادی و هاوتەریبەکانی بگەنە بەرزترین لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لە عێراقی نوێدا.  بێنمەکی سیاسیەکانی عەڕەب لە هەموو وەختێك باشتر بۆ گەلی باشوور دەرکەتووە کە هەرکامێکیان بە شێوەیەك لە شێوەکان گیروگرفتی بۆ کورد و حکوومەتی هەرێم خوڵقاندوە لە برینی قووتی خەڵکیەوە بگرە هاتا هێرشی داگیرکاری  هێزە سەربازیەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی ڕۆڵەی ئەو گەلە.

 دیارە هیچکام لە دەسەڵاتدارانی بەغدای نوێ، بەداخەوە  بەڕادەی عەبادی دژ بە خواست و ئامانجەکانی گەلی کورد دەرنەکەوتن و ئەو پیاوە لە ژێر ناوی چەسپاندنی یاسادا، سیاسەتی شۆڤێنیانەی دژی کورد بەرێوەبرد و هەر لە سەر دەستی عەبادیدا خوێنی کورد ڕژا. پێك هێنانی هاوپەیمانی و هاوفکریکردن لە گەڵیدا، نیشانەی  ڕەوایەتدانە بە سیاسەتە خراپ و مەترسیدارەکانی بەرامبەر بە گەلی کورد. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وەك پێویست لە هەمبەر پێشێل کاریەکانی عەبادی دا هەڵوێستێکی روون و کاریگەری نەبووە و کورد دوو بژرادەی لە بەردەمدایە کە یان دەبێت مانەوەی لە گەڵ عێراقدا بە کەمیش ڕازی بێت بە هۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر یان ئەوەتا دەبێت بە هێز پارسەنگی باروودۆخەی وڵات لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت.

دەرکەوتووە سیاسەتی نەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر هانی حکوومەتی بەغدای داوە هەتا هەڕەشە لە سەر هەرێم دروست بکات. بابەتی شەراکەتی سیاسی و تەوافووق و هاوبەشبوون بەتەواوی هەرەسی هێناوە و ئەگەر بارودۆخەکە هەروا بڕوات، مەترسیەکان زیاتر دەبن لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان. چوونکی هەمووشتێك لە داهاتوودا بەزۆرینەی رەها یەك لایدەکرێتەوە کە زەرەرمەندی سەرەکێش گەلی کورد دەبێت لە پاش هەڵبژرادنەکانی عێراق.

محمد سلێمانی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.