حەسەن ڕوحانی لە دوو نامەی جیاجیا بۆ زەریف و سالحی، فەرمانی دژکردەوە بە دژی نوێ کرانەوەی گەمارۆکان لەسەر ئێرانی دەرکرد

0
1158

ڕۆژی کورد: حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامی، لە دوایین دژکردەوەی خۆی بە دژی نوێ کرانەوەی گەمارۆ ١٠ ساڵەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، لە دوو نامەی جیاجیادا بۆ محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوە و عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، وێڕای تاوانبارکردنی ئەمریکا بە “پشت گوێ خستن، وەدواخستن و پێشێل کردنی بەرجام”، فەرمانی دا تا گەمیەکانی ئێران بە “بەرەوپێشبەری ناکی” تەیار بکرێن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕوحانی لەو دوو نامە جیاجیایەدا، فەرمانی “گەشەپێدانی گەڵاڵەی ئاشتیخوازانەی ناوکیی ئێران”ـی دەرکردووە.

ئەو فەرمانەی حەسەن ڕوحانی، دوای لێدوانەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەسیجەکان دەدوا، ئەمریکای بە بەڵێن شکێن ناو بردبوو و گوتبووشی لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی “بەرجام”، دژکردەوەمان دەبێت.

لە ناومەکەی ڕوحانیدا بۆ عەلی ئەکبەر ساڵحی هاتووە: “بە سەرنج دان بەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ بەجێهێنانی بەڵێنییەکانی خۆی لە بەرجام ـدا، تا ئێستاش هەر ئەمڕۆ و سبەی کردووە و کەمتەرخەمی کردووە و بە سەرنجدان بەوەش کە لەو دواییانەدا، یاسای گەمارۆ ١٠ ساڵەکانیان بەدژی ئێران، پەسەند کردەوە و کۆماری ئیسلامیش، پێشتر ئەوەی بە پێشێلکردنی بەرجام زانیوە و ڕاگەیاندووە، لە بڕیارەکانی پەسەندکراوەکانی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و دەستەی چاوەدێری بەسەر بەڕێوەچوونی بەرجام ـدا، فەرمان بە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران دراوە تا لەمەڕ گەشەی گەڵاڵەی ئاشتیخوازانەی ناوکیی وڵات لە چوارچێوەی بەڵێنە ناونەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلام، ئەو ئەرکانەی خوارەوە بەڕێوە ببات:

١- گەڵاڵەداڕشتن بۆ داڕشتن و سازکردنی بەرەوپێش بەری ناوکی بە مەبەستی بەکارهێنان لە چوارچێوەی هاتووچۆی زەریانن بە هاوکاریی ناوەندگەلی زانستی و توێژینەوە.

٢- لێکۆڵینەوە و داڕشتنی “بەرهەم هێنانی سووتەمەنی” بۆ بەرەوپێش بەرە ناوکییەکان بە هاوکاریی ناوەندگەلی زانستی و توێژینەوە.

ڕوحانی هەروەها لە نامەیەکی تردا فەرمانی بە زەریف داوە تا “لەمەڕ بەرێوەبردنی قۆناغگەلی پێش بینی کراو لە “بەرجام”ـدا بۆ پێڕاگەیشتن بە خاڵەکانی پێشێلکاری، کار بکات و هەروەها بەدواداچوونی تری یاسایی و ناونەتەوەییی پێویستیش لەمبارەوە ئەنجام بدات”.

پێشتر، محەممەد تەخت ڕەوانچ، جێگری ئوروپا و ئەمریکای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ “ئەلعالەم”، هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری پەسەند کرانی بڕگەی پەسەندکراوی پارلمانی نوێنەرانی ئەمریکا لە گەڵاڵەی “داماتۆ” لەلایەن ترامپ ـەوە، ئەوانیش دەست لەسەر دەست دانانێن.

ڕەوانچی ـیش ڕێک وەک خامنەیی چەسپاندن و انانی هەر جۆرە گەمارۆیەک لەسەر ئێران لەلایەن ئەمریکای بە دژ و پێچەوانەی ڕێکەوتنی “بەرجام” لە قەڵەم دا و گوتی ئەگەر بێت و دەوڵەتی ترامپ ئەم بڕگە پەسەندکراوە واژۆ بکات ئەوا “زەربەیەکی کاریگەری لە بەرجام داوە”.

هەروەها عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی، ڕێبەری ئێران، تا ئێستا چەندین جار باسی لە دژکردەوەی ئیران لە هەمبەر نوێکرانەوەی گەمارۆکان ڕاگەیاندووە و دەڵێ: “بابەتی ناوکی وا نیە کە ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێ و دەستمان بەسترابێ، وا نیە بە هیچ جۆر و بە دڵنیاییەوە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەجووڵێینەوە”.

یاسای “داماتۆ” ساڵی ١٩٩٦ی زایینی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بۆ گەمارۆ خستنە سەر ئێران پەسند کراوە و بەو پێیە ئەو کۆمپانیایانەی لە ساڵدا زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلار لە ئێران سەرمایەگوزاری بکەن، مافی کڕین و فرۆشتن و مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکایان نامێنێ.

سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ پیتاندنی ئورانیوم لە ماوەی یەک ساڵ و نیو دا لە ئەگەری پەسەندکرانی گەمارۆ ١٠ ساڵەکان لەسەر ئێران و بە پێشێلکاریی ڕێکەوتنی “بەرجام” لەقەڵەم دانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 11ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، سەرجەم نوێنەرانی سەنا ـی ئەمریکا بە تێکڕایی دەنگ ئەو بڕیارەان پەسەند کرد و گەڵاڵەکە بە مەبەستی واژۆکران بۆ کۆشکی سپی ڕەوانە کراوە. دەگوترێ ئوباماش واژۆی دەکات.

ئەو گەڵاڵەیە کە لە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکاش بە تێکڕای 419 دەنگ پەسەند کرابوو، بێ هیچ دەنگی دژبەر واژۆ کراوە و ٩٩ دەنگی ئەرێ ـی لە پشتەوە بووە.

ئەو گەڵاڵەیە لە دوای خوێندنەوەی ئۆباما و لە ئەگەری واژۆکردنی ئەودا، دەبێتە یاسا، ڕۆیتێرزیش لە زمانی یەکێک لە هاوکارانی نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکاوە نووسیویەتی وا چاوەڕوان دەکرێ ئۆباما، واژۆی بکات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت