حیزبێکی بەرپرس و ڕێبەرێکی کاریزما، تەنێا  ڕێگاچارەی یەکگرتنەوە دێموکراتەکانە!؟

0
1682
ڕەشید قازی
ڕەشید قازی

نووسینی: ڕەشید قازی

ئەوساڵ بەرەو دەهەمین ساڵڕۆژی دابڕانی ڕیزەکانی حدکا هەنگاو دەنین. لەوماوەیەدا پاش بڕینی قۆناغەکانی بایکۆت و بێ حورمەتی کردن بە یەکتری و بە هۆی نێوبژیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرژیەکان لە کەمییان دا و ساڵ بە ساڵ ڕەوتی لێک نزیک بوونەوە، سەرکەوتنی بەخۆوە دیت تا سەرەنجام پەیوەندییە نەهێنییەکانی نێوان دوولایەن دەستی پێکرد و پاش دوو ساڵ، ئەم دانیشتنە نەهێنێانەش بەرەو دانیشتنی ئاشکرا تا ڕادەی سەردکردایەتی و کۆمیتەی ناوەندی و ڕیبەریی هەردووک لایەن پەرەیان پێدرا و بوو بە جێی هیوا و هۆمید بۆ یەکگرتنەوەیەکی دووبارە.

بەڵام دانیشتنەکان بۆ بە ئاکام نەگەیشتن!؟.

_ حدک هەر پاش ئینشعاب لە کۆنگرەی ١٤ ـی خۆیدا لایەنی حدکای بە ڕەسمی ناسی. هەر لەم ڕۆژەوە داوای هاوکاری و تێکەڵبوونەوەی کرد. لە کاتێکدا حدکا  پاش چەندین دانیشتن و کۆبوونەوە لە نێوان دوولایەندا، ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە بە ڕەسمی ناسینی ناوی بەرانبەر خۆی پاراست. ئامانجی حدکا لەم کردەوانەدا سەپاندنی هیژموونیی خۆی بەسەر لایەنی بەرانبەر و دیاریکردنی هێڵێکی سوور بوو کە جگە لە حدکا کەسی دیکە ناتۆانی درێژەدەری ڕێبازی حیزب و سەروەرییەکانی بێت. هێژموونیەک کە بە شێوازی سوننەتی و بەدوور لە سیاسەتی ڕئال پۆلیتیک، درێژەی هەیە وجگە لە زیان و زەرەرگەیاندن بە جووڵانەوە و زیاترکردنی بێ هیوای و قووڵترکردنەوەی کێشەکان، ئاکامێکی دیکەی لێ بەدیناکرێت.

_ هۆکاری دووهەمی گرژییەکان، نووسین و بڵاوکردنەوە کتێبێک  لە ژێر ناوی”نسکۆ و دابڕان” لەلایەن بەڕێز کاک مستەفا هیجری، کەسایەتی و سکرتیری یەکەمی حدکا بوو. ئەم کردەوەیەش ئەوەندەی دیکە تۆوی ناهومێدی و بێ هیوایی لە نێو ڕیزەکانی هەردووک لایەن، بەتایبەتی حدک بەدوایی خۆیدا هێنا. ئەوە لە کاتێکدا دابوو کە دانیشتنەکانی ساڵی ٢٠١٥  لە نێوان هەردووک لایەنی دێموکراتدا، خەلک و بەدەنەی حیزبی لە هەموو کاتێکی دیکەوە بە یەکیتیی ڕیزەکانی دیمۆکرات گەشبینتر کردبوو.

 _ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە ژیر ناوی” ڕاسان” هۆکاریکی دیکە بوو کە مەودای نێوان حدک و حدکای زیاتر و قووڵتر کردەوە. دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، هێز و تواناکانی کوردی بەسەر دوو جەمسەری ئاڵاهەڵگرانی خەباتی چەکداری لە لایەک و ئاڵاهەڵگرانی خەباتی مەدەنی لە لایەکی دیکەوە دابەش کردەوە. بە پێی کلتور و گرینگیی چەک لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا  شتێکی زۆر سروشتییە کە لایەنگرانی خەباتی چەکداری، براوەی یەکەم بن. بەڵام چۆن و بە چ قیمەتێک، بەحسێکی دیکەیە. ئەم دوو شێوازە بیر کردنەوەیە، کارایەکی نگاتیوی لەسەر ڕەوتی لێکنیزیکبوونەوەی هەر دوو لایەنی دێموکرات زیاتر کرد.” ڕاسان” بە گشتی دوو دیاردەی خەباتی چەکداری و خەباتی مەدەنی لە نێو هیزی کوردیدا زەقتر کردەوە. ئەوەش بوبە هۆی تیکرمانی زێاتری خەونی تێکەلبوونەوە و زیاتر بوونی مەودای نێوان دوو بیرۆکەی دژ بە یەک.

_ حدکا ڕایگەیاندۆە کە ئەوساڵ ساڵی کۆنگرەی ١٦یانە. چارەسەرنەکردنی گرفتەکانی دوولایەنی دێموکرات و بۆچوونەکانی بەڕێز کاک حەسەنی شەرەفی وەک جێگری سکرتیری گشتی لە تازەترین دیمانەی لەگەڵ ڕووداودا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە حدکا بە هیچ شێوەیەک وەک دوو لایەن ئامادەی دانیشتن نین تا بتوانن قەیرانی لێکدابڕان یان دیاردەی دوو دێموکراتی چارەسەر بکەن. لەهەمانکاتدا دەست لە کارکێشانەوەی بەڕێز کاک خالید عەزیزش لە پۆستی سکرتیری لەم کاتەدا، تای تەرازووی بەلایەن حدکادا و سوورتربوون لەسەر بۆچون و هێژموونیی خۆیان سەبارەت بە نەناسینی لایەنی دیکە و درێژە بە بەرنامەکانیان قورستر دەکات.

_ دەست لە کارکێشانەوەی بەڕێز کاک خالید عەزیزی وەک سکرتری گشتی و ئالاهەلگری یەکگرتنەوە لەم ساتە وەختەدا گورزێکی کاریگەرە لە ڕەوتی لێکنیزیک بوونەوەی دوولایەنی دێموکرات. بەڕێز کاک خالید  سیاستەوانێکی کارا و لێهاتوو بە خۆێندنەوەی سەردەمێانە بە دوور گرژیەکانی نێوان یارانی سەردەمی قاسملو هەوەک لە کتیبی نسکۆ دارمان دا هاتۆە لە هەردوک لایەن خۆشناو و پەپۆلیستی خاوەن جەماوەر بوو. بەلام مەسلەحەتی تاکەکان و هاورا نەبوون لەگەڵ بیر بۆچونەکانی بەڕێزیان بەتایبەتی سەبارت بە مانۆردانەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پشتگری خەباتی جەماوەری و مەدنی، ناوبراویان ناچار کرد لە ویست و داوخوازیەکانی پاشەکشە بکات و پۆستی سکرتیریش وەلا بنی و مەیدان بۆ هاوریان دژی یەکگرتنەوە بەجێی بیلێت. دژایەتی زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندی حدک لە دژی گەلالەی تیکەلبوونەوەکەی سکرتیر لە ساڵی پێشتردا ئاسوی تێکلبوونەوەی دوولایەنی دیمۆکرات بەرەو لێلی و تاریکێکی چاوەرۆان نەکراو برد.

ڕێگا چارەسەری قەیران لە نێوان حدکا و حدک.

حیزبی پێشکەوەت بە حیزبیک دەلین کە هەڵگری دروشم و ویست و داوخوازیەکانی خەلکی خۆی بێت و دروشم و تاکتیک گونجاو بۆ هەل و مەرجەکان ڕەچاو بکات .جگە لەوەش حیزب ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە دەستەلاتی سێاسی نەک قودسیەتیکی کە دەست لێدانی کوفرو حەرام بێت.  ئەگەر سەیری میژوی حدک بکەین دەبی بلین کە تا ئێستا، حیزب ٣ جار ناوی خۆی گۆریوە و هیچ شتێکی سەیر و سەمەرەش ڕووی نەداوە. لەسەرەتادا حیزب لەسەر بناغەی ژکاف دامەزراوە و دواتر لەلایەن پێشەوا قازی مەحمەدەوە  گۆردراوە بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و لە کۆنگرەی ٤ واتە سەرەتای شۆرش گەلان بۆتە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران واتە ئیرانێکی بەخۆوە لکاندۆە. لە ٢٠٠٦ بۆجارێکی دیکە لایەنیک لە حیزب گەرانەوە بۆ ئەسل و بوونەوە حدک. ئێستا ئەگەر حیزب وەک ئامراز سەیر بکەین دەتۆانین بە دور لە دەمارگرژی لە کۆنگرەیەکدا بە پشت بەستن بە خۆمان هەلگری خەباتی نۆی و هەلدانەوەی لاپەرەیکەی نۆی بین. ئەگەر دروشم و تاکتیکمان هەلگری ویست و داوخوازیەکانی خەلک بێت بی گومان سەرکەوتو دەبین و لە قەیرانی نێوخۆی  ڕزگاریمان دیت.

  بەو حاڵەش گورین ناو بەو مانایە نیە کە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن و هیزە کوردی و سکرتیرەکانیان دەستی تەبای و هاوکاری بۆ یەکتر درێژ دەکەن. نا بە پێچەوانە هەر وەک دەبینین ئێستا زیاتر لە ٢٤ هیزی کوردی بەدی دەکرێن  کە زۆربەیان لە دەرەوەی سنورەکانرا لە دژی کۆماری ئیسلامی چالاکیان هەیە. بەلام هیچکامێان حەتا ئامادە نین لە سەر لانیکەمی خالی هاوبەش بە یەکەوە هاوکاری بەکەن. عەقلێیەتی چەقبەستووی هیزی کوردی لەم هەڵ و مەرجەدا لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەی کورد دانیە. بە پێچەوانە  پاراستن و بەرژەوەندیەکانی  ئۆرگان و تاک و کورسی دەستەڵات خالی سەرەکیە. بۆ نمونە دوو لایەنی حدکا و کۆمەلەی عەبدووللە موهتەدی حەتا هاوپەیمانەتیان هەیە بەلام لە ڕاساندا چوکترین هاوکاری لە نێوانیاندا بەدی نەکرا. زیندانێک لە سیدارە دەدریت یەک حیزبی کوردی ئامادە نیە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە دژی ئەم کردەوە نائینسانیە بلاو بکەنەوە. بۆیە باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی یەکگرتنەوەی نێوان دوو لایەنی دیمۆکرات ئەوەیە یا وەک حدکا ڕێبەرایەتی شۆرشگیرە  ئازایانە بە بێ پلە و پایە و کورسی دەستەلات لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیدا دوولایەنی حیزب تێکەل بکەنەوە یا دەبی حدک بە پشت بەستن بە هیز و توانا و هیزەکانی خۆی بەدور لە تانە تەشەری ئەم و ئەو ئالاهەلگری خەباتێکی نۆی و سەردەمیانە بی. ئەو کات ئەوە حدکا نیە شەرعەتە بە حدک دەبەخشێت ئەوە بەرنامە و کردارو ڕەفتاری حدک ە کە لەلایەن جەماوەری بەرین خەلکەوە شەرعەیەتی پێدەدریت. هەربۆیە وەها بریاریک قورس و بەرپرسانە پیویستی بە ڕێبەرێکی ئازا و بویرو کاریزما هەیە کە بەدی کردنەکەی لەم پێکهاتەدا سەخت و دژوارە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت