حدکا پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆی لە دەنگی مافخوازیی نەتەوەی عەرەب لە ئەحواز دەردەبڕێ

0
664

ڕۆژی کورد: دوابەدوای گەشەسەندنی دەنگی ناڕەزایەتی لە ئەحواز و درێژەداربوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە دۆخی ئەو پارێزگایە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی ناوەندیی ئەو حیزبە بڵاوبۆتەوە، پشتگیریی هەمەلایەنەی خۆی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە و داواکارییەکانیان ڕاگەیاند.

دەقی پەیامەکە:

ماوەیەکە ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئێران دژ بە سیاسەتی هەڵاواردن و ماف پێشێلکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران زنجیرە حەرەکەتێکی ئیعترازی و ناڕەزایەتی دەربڕینیان هێناوەتە ئاراوە. لە درێژەی ئەو حەرەکەتانەدا لەم ڕۆژانەی دوایی و بە دوای کوژرانی لاوێک و بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکە لە خەڵکی دەوەرەکە بە تایبەت لە شاری ئەهواز و فەلاحیە و خەلیفە بەرین بەربڵاوێکی زیاتری بە خۆیەوە گرتووە. ئەو حەرەکەتە ئیعترازییانە لە چوارچێوەی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کەوتوونەتە بەر توندوتیژی و گرتن و زیندانی کردنی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و ناڕازیان، شێوە ڕەفتارێک کە ساڵی ڕابردوو دژ بە حەرەکەتە ئیعترازیەکانی شارەکانی مەریوان و پیرانشاریش لە کوردستان بە ئەنجام گەیشتوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی سیاسەتی هەڵاواردن و ماف پێشێلکردنی نەتەوەی عەرەب و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران و بایەخ نەدانی ڕێژیم بە ژیان و گوزەران و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی ناوچەکان پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی لە دەنگی مافخوازی ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئەهواز دەردەبڕێ و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیان لەدەست داوەکە دەکا و چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بریندارەکان بە ئاوات دەخوازێ.

دیارە بێدەنگی لە بەرانبەر سەرکوتی ڕۆڵەکانی نەتەوەی عەرەب لە ئێران دەستی ڕێژیم و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە درێژەدان بەم سیاسەتە دژی گەلییانە ئاواڵاتر دەکا، بە پێچەوانەوە پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ ئەم حەرەکەتانە و یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران دەتوانێ ڕێژیم بە چۆکدا بێنێ و پاشەکشە بە سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی بکا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی
١٧ی فورییەی ٢٠١٧ی زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت