حدكا: هەوڵدەدەین بنکەکانمان لەسەر سنوور بكەینە هەمیشەیی

0
1173

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حدكا رایدەگەیێنێت، دەیانەوێت سوود لە دەرفەتەکانی وەکو بێزاری خەڵکی ئێران و ئەو گەمارۆ ئابووریی و سیاسییەی لە ئێران هەیە ببینن، ئێساش کار بۆ ئەوە دەکەن بنکەکانیان بۆ هەمیشە لە سنوورەکان جێگیربکەن، وە بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بیانگوازنەوە. هاوكات جێگری سکرتێری حدك دەڵێت ناكرێت لەبەر هەندێك ئەگەر دەستەوەستان بووەستین.

تەیمور مستەفایی: هەوڵدەدەین بنکەکانمان لەسەر سنوور بۆ هەمیشە جێگیربکەین
تەیمور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا) ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرمانەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو رایگەیاند” ئێمە هەر لەسەرەتاوە حەزمان بە شەڕی چەکداری نەکردووە، بەڵکو ویستوومانە چارەسەری کێشەی کورد لە رێگەی ئاشتیانەوە چارەسەربکرێت، لەکاتی هاتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ سەر دەسەڵات ئێمە بە هەمووشێوەیەک هەوڵماندا کێشەکانمان لە رێگەی ئاشتیانەوە چارەسەربکەین، بەڵام دوای هاتنیان بۆ دەسەڵات بڕیاری جیهادیان دژ بە کورد دەركرد”.

مستەفایی هەروەها گوتی” ئێستا خەباتی چەکداریمان وەستاندووە، بەڵام شێوازەکانی دیکەی خەباتمان گرتووەتەبەر وەکو خەباتی مەدەنی و خەباتی دیبلۆماسی، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لەو رەچاوکردنە، هاوکات پێشمانوایە پێویستە بڕۆینەوە نێو خەڵکی خۆمان و پەیوەندی زیاتریان لەگەڵ ببەستینەوە”.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتی ” تەشکیلاتەکانی خۆمان دەستپێکردووە و ئێستا لەنێو بەرەیەکداین بە ناوی بەرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، کە لە 16 حیزب و رێکخراو پێکهاتووە، ئەگەرچی پێمانوانییە ئەو حیزب و رێکخراوانە ئێستا بتوانن رژێمی ئێران بڕوخێنن بۆیە پێویستیان بە خەباتێکی زۆرترە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران”.

جەختیشیکردەوە، وەکو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەیانەوێت سوود لە دەرفەتەکانی وەکو بێزاری خەڵکانی ئێران و ئەو گەمارۆ ئابووریی و سیاسییەی لە ئێران هەیە ببینن، هەربۆیەش تەشکیلاتەکانیان دەستپێکردووەتەوە.

مستەفایی ئاماژەی بەوەشدا، کار بۆ ئەوە دەکەن بنکەکانیان بۆ هەمیشە لە سنوورەکان جێگیربکەن، هەروەها هەوڵدەدەن بنکەکانیان بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بگوازنەوە، راشیگەیاند” گرژیی و ئاڵۆزییەکانمان لەگەڵ پەکەکە رەویتەوە، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستاش لە سنوورەکاندا ماون”.

کەعبی: هەرنزیکبوونەوەیەک لە سنوور دەبێت بەپێی پلان بێت

رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان كە یەكێكی دیكەبوو لە بەشداربووانی بەرنامەكە، رایگەیاند” بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە بنەڕەتدا بزاڤێکی سیاسی کۆمەڵایەتی جەماوەرییە، پێشمانوایە هەر نزیکبوونەوەیەک لەسەر سنوور دەبێت بەپێی پلان و بەرنامەیەکی داڕێژراوبێت، ئێمە هەوڵدەدەین بە کاری رێکخستن و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو بزووتنەوەی ژنان و کرێکاران و رێکخراوە دیموکراتییەکان ئەو خەباتە گەرمووگوڕتر بکەین، ئەو بۆ چوونەی کە پێیوایە لە رێگەی هێزی چەکدارییەوە کە رۆژێک لە رۆژان هەزاران سەرباز دەگەڕێنەوە و کوردستان رزگاردەکەن، بۆ چونێکی خەیاڵی و واقعی نییە، هێزی پێشمەرگە تەنها دەتوانێت پاڵپشتی ئەو خەباتەی کە باسمکرد بکات”.

هەروەها گوتیشی” دوای یەک دەیە لە شەڕی چەکداری رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانی پاشەکشە بە پێشمەرگە بکات و وابکات لە نێو هەرێمی کوردستان جێگیربن”. کەعبی ئاماژەی بەوەشدا، خەباتی چەکداری خەباتێکی جیانەکراوەیە و دەبێت خۆمان بۆ ئەو خەباتە ئامادەبکەین، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ خەباتی چەکداری مومکین نییە پاشەکشەبکات و کوردستان جێبهێڵێت.

مستەفا مەولوودی: ناکرێت دەستەوەستان بووەستین

لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و جێگیرکردنی هێزەکانیان لەسەر سنوور چ گەرەنتییەک هەیە، کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی سنووری هەرێمی کوردستان نەکات، مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان گوتی” لە کاتی هەبوونی پێشمەرگەکانمان هیچ گەرەنتییەک نییە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و سنووری هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت، دەستەوەستان بووەستین لەترسی روودانی ئەو ئەگەرانە”.

دەربارەی پشتگیریکردنی کاندیدانی کوردی نێو پەرلەمانی ئێران، بۆ ئەوەی بەهەمان شێوەی هەدەپە هەوڵبدەن لەو رێگایەوە کاریگەری بخەنە سەر ئێران، مەولوودی ئاماژەی بەوەدا، یاساکانی ئێران و یاساکانی تورکیا زۆر جیاوازیان هەیە، ئەو کاندیدانەی لە ئێران بۆ پەرلەمان دەستنیشاندەکرێن، دەبێت حکومەتی ئێران و دەزگاکانی ئێران رەزامەندییان لەسەر بدەن.

سەرچاوە : رووداو

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.