جاشێکی تریش بە سزای خیانەتەکانی بە گەل و نیشتمان گەیشت.

0
2561
Kurdish Peshmerga fighters prepare to fire a rocket launcher Thursday near Bashiqa, outside Mosul.

هەتیو بوون و بەبێ باوک گەورەبوون زۆر ناخۆشە، ئەوەی بە هەتیوی و بێ نازی باوکی و بە ئارەقی ناوچاوی دایکە بێوەژنە قەت نەحەساوەکەی گەورە نەبووبێ نازانێ دەڵێم چی. بەڵام پێموایە لەو دونیا پان و بەرینە پڕ مەینەتەدا هیچ لەوەی ناخۆشتر نیە، منداڵێکی شەش ساڵان بی و شەوێکی لە نیوەی شەودا، باوکە پێشمەرگە ماندووە دڵ پڕ لە هیواکەت دوای دوو مانگ لە ناو دڵەڕاوکە و هیوادا سەر لە ماڵێ هەڵبێنێتەوە و تۆش لە شیرین خەوی بن لێفەو گەرمای سۆبە دارەکە، لە کاتێکدا ماچت دەکا، بە سمێڵ و ڕدێنە زوور و ڕەقەکەی وەخەبەر بێی و لە خۆشیان نیو سەعاتیش دەست لە ملانی بی و بڵێی ئۆخەیش منیش وەک هاوڕێکانم باوکم هەیە کەچی هێشتا کاتژمێرێک ڕانەبردووە و هێشتا دایە و بابە تێر بە چاوان چاویان لە یەکتری نەبڕیەوە و تاسەی دەروونیان نیوەچڵیش نەبووە، هەموو دونیات بەسەردا کاول بێ “دستهاتو ببر بالا و خودتو تحویل بده، تو در محاصره کامل هستی”.

دایکم بە چۆکی خۆی دادا، “ئای کەس نەماو خۆم، ئەوە حەبوو سێزدەی گەوادە، کابرا چ بکەین؟”

بابم، نیوەسڕ بەڵام هەروا زیت، پارۆکەی لە ناو زاریدا ویشک ببوو، ڕاماڵی چەکەکەی دا “ئەو منداڵانە ببە ژووری پشتەوە، زوو لاچن، دەی”. باش لە بیرمە ماچی کردین سێ جار بە گوڕ و تینێکی سەیرەوە، ناو چاوانی دایکیشمی ماچ کرد و گوتی “ئەگەر دەرنەچووم، ئاگات لە منداڵەکان بێ، دەتوانی مێردیش بکەیەوە، هیوادارم قیامەتێک هەبێ و لەوێ بتبینمەوە، زۆرم خۆش ویستی و دەتپەرستم هەناسەکەم، بمبوورە ئەگەر ڕۆژێک دڵە پەپوولەییەکەتم شکاندبێ. ئاواتمە جارێکی تر بزەی سەر لێوەکانت ببینمەوە”.

دایکم نوتقی بەسترابوو، گریان لە چاوانیدا قەتیس بوو، نازانم چی بوو لە باوکمی وەرگرت، خستیە ناو گیرفانی، توند دەستی باکمی گوشی “تۆ نابێ بمری، کوردستان و ئێمە پێویستیمان بە تۆیە کەسەکەم، دڵنیام دەتبینمەوە پیاوەکە”.

کات نەمابوو، دەبا ئەو دوو گراوە، هەمو ئەوینی یەکتریان لە پێناو کوردستان وەلا نابا، جاشێکیش بە خۆی و دەیان جاش و پاسداری دیکەوە، چاوەڕوانی ڕاو و ئاخنینی گیرفانی بوو.

——-

بەڵێ هەتیو بوون سەختە، شەهیدبوونی باوکیش لەپێناو ئازادیی وڵاتێک شانازییە، بەڵام من لەوەتا تەمەنم بووە بە شازدە ساڵ، بۆ چرکەیەکیش نەمتوانی لە تۆڵە ئەستاندنەوە بسڵەمێمەوە و نەیکەم.

هەر ئەو کاتیش بوو ئەو کلاشینکۆفەم بە سەد کرێکاری و ئازار و شەونخونی کڕی، ڕێک ١٣ ساڵ لەوەی پێش، ئەو کات کە حیزبەکەی باوکم لە  پێناویدا شەهید بوو، لەت بوو، لەتێکی ئەوتۆ بە هیچ چەسپێکی دووقولو نەک یەکی نەگرتەوە بەڵکوو هەر یەکەو ئاراستەیەک و هەر یەکەو ئاوازێک……. تا ئێستاش نەمزانی چیان لە شەهیدەکان کرد… ئەوانیش دابەش بوون، ئێستا باوکی من شەهیدی یەکیان و شەهید محێدینی خاڵۆزاشم شەهیدی ئەوەی دیکەیانە….. ئەگەر باوکم ببینمەوە نازانم چی پێ بڵێم…..

——-

سەعات دەی شەوی شەشەمین ڕۆژی دووهەمین مانگی پاییز بوو، سەرمایەکی ئێسقان تەزێن و دەمارڕەتێن هەموو ئەو ڕێگا و بانەی داگرتبوو، یەک ماشێنیش بەو رێگایەدا نەدەهات، لە کەندەڵانێکی نزیک جادەکە، نیو سەعات زیاتر دەبوو هەڵتووتەکابوو و چرکە چرکە کاتی دەژمارد، “زۆری نەماوە، ئێستا دەبێ بگاتێ”. نزیک یازدە بوو، چرای ماشێنێک لە دوورەوە وەدەرکەوت، دووربینەکەی تاو دایە، بە سەد بەدبەختی ئەو دووربینەی کڕیبوو، شەوانەش دەیبینی، “ئائا بۆخۆیەتی، ئەوە حەبوو سێزدەی گەوادە، ئێستا دەتتۆپێنم و بۆ هەمیشەی مێژوو دەتسڕمەوە کوردکوژی گەلفرۆش”.

کەمێک زیاتر ڕاوەستا، دەیویست سرنجی باشتر بێ، ئاخر ئێرە مهاباد نیە زوو خۆ لە ماڵێ باوێتەوە، ئێرە ئورمیەیە، خۆ کوردەکەشی هەر بە تورکی قسە دەکەن و بگیرێ تا ڕۆژی قیامەتێ دەبێ لە ژێر ئەشکەنجەدا بناڵێ، بە ناشکوری نەبێ دوو کەسی وەک خۆشی دەست ناکەون متمانەیان پێ بکا و سێ بە سێ کارەکە بکەن، سێزدە ساڵی ڕەبەقە تەنیاتر لە ڕەشەبا جاش دەکوژێ، میدیاکانیش دەیان هێزیان بە ناوی ساز کردووە یەک لە یەکێ قەبەتر.

سیلەی لە کلاشەکەی گرت، تەق، تەق، تەق. ماشێنەکە بۆ لای ڕاست ڕۆیی، هاتەوە چەپ، دیسان ڕاست و ئەوجار چەپ و ئەوجار بە یەکجاری وەرگەڕا. خۆی بۆ نەگیرا، چۆ سەر ماشێنەکە، سێ کەسی تێدابوو، حەبووی ناسیەوە، لە گیانەڵا دابوو کەچی خەریک بوو واش دەست بۆ دەمانچەکەی بەرێ و دەست بکاتەوە، دەرفەتی پێ نەدا و گوللـەیەکی لە تەختی ناوچاوانی دا، ڕێک ئەو شوێنەی ناوچاوان کە باوکی ماچی لە ناوچاوانی گوڵێی دایکی دابوو.

هەوا تا دەهات ساردتر دەبوو بەڵام ئەو هەر گەرمتر دەبوو، ئارەقەی کردبوو، سەرێکی بەرەو ئاسمان هەڵێنا، کزە ڕووناکیەکی بینی بە ئاسماندا خوشی، “بێ و نەبێ ڕوحی باوکمە، جارێ زوویە بۆ سپاس بابە گیان، زۆری دیکە ماون و دەبێ خەنجەری تۆڵە بسووم”.

——

هەر ئەوێ شەوێ میدیا و ماڵپەڕەکان نووسیان “حەبوو سێزدە، جاشی نیشتمانفرۆش و خائین بە گەل، لەلایەن پۆلێک پێشمەرگەی شارەوە بە سزای خیانەتەکانی خۆی گەیشت”، یەکی تر نووسی “ڕایدەگەیێنین کە جاشێکی نیشتمانفرۆش بە ناوی حەبوو سێزدە کە دەستی بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەل سوور بوو لەلایەن لایەنگرانی ئاڵای سوور لە ورمێ کوژرا و بە سزای خیانەتەکانی گەیشت”. یەکی تریش دەنگی هەڵبڕی و ڕایگەیاند “لە ئەنجامدا دەستی تۆڵە لە دەستی تاوان بە زەبرتر بوو و جاشی گەلفرۆش و دەست بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەل سوور، حەبوو سێزدە لەلایەن پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتەوە بە سزای خیانەتەکانی گەیشت”.

ئەویش تەنیاتر لە ڕەشەبا و بەهێزتر لە گەردەلوول، بۆ تۆڵەیەکی تر ئامادە دەبوو.

نووسەر: هەڵمەت مەعرووفی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت