تەقەی کەسانی نەناسراو لە شنۆ، کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

0
934

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، بە هۆی تەقەی کەسانێکی نەناسراو لە شاری شنۆ لە ترۆمبیلێکی پراید، چەند کەس بریندار بوون.

بەپێی ئەو هەواڵە، کاتژمێر ١٢:٣٠ بەرەبەیانیی شەوی سی شەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، کەسانێکی نەناسراو لە گەڕەکی سەیداوێ ـی شاری شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ترۆمبیلێکی پراید کە چەند کەسی تێدا بووە.

بەپێی ئەو تەقەیە، چەند کەس لە نەفەرەکانی ناو پرایدەکە بریندار بوون کە دواتر بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گواستراونەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو تەقەیەدا کەسێک دەکوژرێت کە خەڵکی پیرانشار بووە، یەک کەسی دیکە بریندار دەبێت و هەروەها کەسێکی دیکەش بە ناوی “موهاجر موخەلدی فەر” کە دانیشتووی گەڕەکی تاچیناوێیە دەستبەسەر دەکرێت.

زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد باس لەوە دەکات کە کەسەکانی ناو پرایدەکە، چەند کەس لە مادەی هۆشبەرفرۆشانی شاری شنۆن و پێدەچێت بە مەبەستی سزا دان، درابنە بەر دەستڕێژ، بەڵام تا ئێستا ئەو ئەگەرە بۆ ناوەندی ڕؤژی کورد ڕوون نیە.

دوای ئەو ڕووداوە ڕێژیم لە لە شارەکانی ورمێ و نەغەدە هێزی لە شاری شنۆ جێگیر کردووە و بە لیباس سەخسی و ماتۆرسیکلێت لەناو شاردا دەسووڕێنەوە.

هەروەها شەوی هەینی، ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، جاشێک بە ناوی “محەممەد ناسرزاده ” تەمەن ٤٥ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی تاچیناوێ ـی شاری شنۆ، لەلایەن کەسانێکی نەناسراو، کەوتە بەر دەستڕێژ و سزا دراوە.

بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، محەمەد ناسرزادە، جیا لەوەی کە جاشە و بەکرێگیراوی ڕژیمی ئێران و ئەندامی سپای تیرۆریستیی پاسدارای ڕژیمە، خەریکی مادەی هۆشبەرفرۆشی و بەلاڕێدابردنی لاوانی ئەو شارەیە.

دەگوترێ ئەو جاشە، بە هۆی ئەو هێرشە، بە توندی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێری دایە.

تا ئێستا هیچ گرووپ و هێزێکی نهێنیی ناوخۆ، ئەنجامدانی ئەو هێرشە نیشتمانییەیان وەئەستۆ نەگرتووە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەشێکی زۆر لە جاش و بەکرێگیراوان و ئەندامانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران، لەلایەن کەسانی نیشتمانپەروەری ناوخۆی و گرووپە نهێنییەکانەوە، سزا دراون.

کوشتن و سزادانی ئەو کەسانە، لە چوارچێوەی بەرنگاربوونەوەی کوردستان لەگەڵ هێز و کەسە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دەدرێت و بە واتای سزادان و کوشتنی کەسانی تیرۆریستە.

بڕیارە سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێران وەک باسکی سەرەکیی ئابووری و سەربازیی کۆماری ئیسلامی، بخرێتە ناو لیستەی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکاوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت