تەقینەوەی مین لە کرماشان جارێکیتر خەساری لێکەوتەوە

0
2408

ڕۆژی کورد: بە هۆی بەرکەوتنی تانکرێکی هەڵگری ئاو لەگەڵ مینی بە جێماوی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، خەسارێکی قۆرس بەر ئەو تانکرە ئاوە کەوت و بریندارێکی لێ کەوتەوە.

بە پێ ڕاپۆرتی ڕۆژی کورد، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی تانکرێکی ئاو لە پارێزگای کرماشان و لە نزیک شاری “قەسری شیرین”، دەچێتە سەر مینێکی چێنراو و لە ئاکامی تەقینەوەی ئەو مینە،  تانکرەکە وەردەگەڕێت و خسارێکی قۆرسی بەردەکەوێت، لە هەمانکاتیشدا بە پێ سەرچاوە ناوخۆییەکانی هەواڵ شۆڤێری ئەو تانکرەش بە شێوەییەکی سووک بریندار دەبێت.

لە بارەی ئەو ڕووداوە دایرەی کاروباری عەشایری لە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە “ئەو تانکرە ئاوە هی دایرەی کاروباری عەشایری پارێزگای کرماشان بووە و لە کاتی گواستنەوەی ئاو لە جاددەی “قەسری شیرین” بۆ ناوچەی “خانلەیلی” کەوتووەتە سەر مین و لە ئاکامیشدا ماشینەکە بە تۆندی خەساری بەرکەوتووە، بەڵام بە خۆشییەوە شۆڤێرەکەی ئێستا سەلامەتە”.

بە پێ ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ئێران، ئێراق، ئەفغانستان،کامبۆج و میسر زیاترین ڕێژەی زەوی مینڕێژکراویان لە ئاستی جیهاندا هەیە و لەو نێوەشدا هەر یەک لە پارێزگای ورمێ،سنە،کرماشان،ئیلام و خوزستان پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن کە زیاترین ڕێژەی مینیان لە ئاستی ئێراندا لێییە و پارێزگای کرماشان لە دوای پارێزگای “ئەل ئەحواز”(خوزستان) زیاترین ڕێژەی زەوی مینڕێژکراوی لە ئاست هەموو ئێران بەرکەوتووە.

بە وتەی “عادل شەفێعی” بەرپرسی “مانگی سوور”ی پارێزگای کرماشان و بە پێ ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ساڵدا زیاتر لە ٨٠٠ هاوڵاتی لە ئێران دەبنە قۆربانی مین، کە زیاترینی ئەو ڕێژەیە هاونیشتیمانیانی کوردن.
تەقینەوەی مین و قۆربانی بوونی هاوڵاتیانی کورد لە ناوچە سنووریەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکوومەتی لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ناوچە مینڕێژکراوەکانیان لە چوار پارێزگای کوردستان و پارێزگای “الاحواز” (خووزستان) پاککردووەتەوە، لە حاڵێکدا کە لە یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە دووهەم حاڵەتی تەقینەوەی مین لە پارێزگای کرماشان و شارستانی قەسری شیرینە.
ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٢١ بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاویش لە بەخشی سوماری سەر بە شارستانی قەسری شیرین،  بە هۆی تەقینەوەی مین، هاوڵاتییەکی  کوردی قەسری شیرینی لاقێکی خۆی لەدەستدا.
بە پێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەو ساڵی هەتاوییەوە تاوەکوو ئێستا لەو شارستانە سنوورییە، ٢٥ کەس بوونە قوربانی ڕووداوی تەقینەوەی مین و لەو ئەژمارە ٦ کەس گیانیان لە دەست داوە و ١٩ کەسیش بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.