تەرمی هاووڵاتییەکی مەریوان دوای ماوەیەک بێسەر و شوێنی دۆزرایەوە

0
2453

ڕۆژی کورد: کوردستانی ڕۆژهەڵات، تا دێت لەگەڵ دیاردەی نوێی نامۆ بەم کۆمەڵگایە، دەست لە ملان دەبێت، دیاردەی بێسەرو شوێن بوونی هاووڵاتییان و دۆزرانەوەی تەرمەکانیان، دیاردەی کوشتنی منداڵ و …تاد.

ئەمجەد وەیسی، کوڕی سەعید

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، تا ئێستا تەرمی سێ هاووڵاتی لە شاری مەریوان، دوای ماوەیەک بێسەر و شوێنی دەزۆراونەتەوە.

ئەمجەد وەیسی، کوڕی سەعید، کە ماوەیەک بوو بێ سەر و شوێن بوو، تەرمەکەی لە گوندی گەمارلەنگ، لە ناو بیرێکی ئاودا، دۆزراوەتەوە.

ماوەیەک بەر لە ئێستاش، باوکێکی موعتادی خەڵکی سنە، لە کاتێکدا کە بە نیاز بوو دوو کچە منداڵکارەکانی لە ناو زرێباردا بخنکێنێت، لەلایەن لۆتکەوانەکانەوە پێشی پێ گیرا و دەستبەسەر کرا.

لەلایەکی تریشەوە، ماوەی چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا، دوو لاوی شاری مەریوان بە ناوەکانی سامان ڕووشناس، تەمەن ٣٢ ساڵان و خەڵکی گوندی وێڵەی مەریوان و دانیال کیاهی، تەمەن ٢٥ ساڵان، بە هۆکاری ناڕوون، پێکەوە تووشی شەڕ و پێکدادان بوون.

لەو شەڕ و تێکگیرانەدا،دانیال بە چەقۆ و چەکی ڕاو هێرشی کردۆتە سەر سامان ڕووشناس، کوڕی حسێن و لە ئەنجام دا کوشتوویەتی.

چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان، لە لێدوانێک بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد، هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو دیاردە نامۆیە، دەگیڕێتەوە بۆ حکومەت و دەست و پێوەندەکانی.

ئەو لای وایە، مەریوان کە ئێستا وەک جەمسەری چالاکیی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دا ناسراوە و دەیان بنکەی کەلتووی، مافی ئاژەڵان، ژینگەپارێزی، شانۆی سەر شەقام و …تاد لە مەریوان سەری هەڵداوە و جۆرێکی خەست لە بەرگریی مەدەنی لەم شارە دەبیندرێ و بوونی هەیە و دەوڵەتیش ناتوانێ کۆنترۆڵی بکات، کەواتە لە رێگای دەست و پێوەندییەکانییەوە هەوڵ دەدات، کۆمەڵگا لێکتر دڕدۆنگ و پەرتەوازە و نامۆ بکات.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەی خەڵکی مەریوان کە ناکرێ ناوی ئاشکرا بکەین، داوا لە سەرجەم چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ناوخۆ دەکات، بە دانانی سمینار، بەرنامە و گەڵاڵەی کۆک و هاوبەش، ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو پرسە مەترسیدارە بدۆزنەوە.

ئەو هەروەها داوا لە حیزبەکانیش دەکات، تا چیتر لە باشوور دۆش دانەمێنن و لانیکەم تەشکیلاتەکانیان بەم کار و ئەرکە نیشتمانییانەوە سەرقاڵ بکەن و هانیان بدەن و هەوڵ بدەن خەسارناسی بۆ پرسەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت