تەرمی مێرمنداڵی خنکاوی شنۆیی، دوای ٤٠ ڕۆژ دۆزراوە

0
1320

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، تەرمی مێرمنداڵی خنکاوی شنۆیی، کە بە هۆی لافاوەکانی ئەو دواییانە، ماوەی چل ڕۆژ بەر لە ئێستا کەوتە ناو ڕووباری گادەر، ئەمڕۆ دۆزراوە و دەرهێنراوە.

مێهران تەوەکولی، ئەو میرمنداڵەی خەڵکی شنۆیە کە لە کاتی هەستانی لافاوە یەک بە دوای یەکەکانی چل ڕۆژ بەر لە ئێستا لە ناوچەی موکریان و چەند شارێکی تری کوردستان، کەوتە ناو ڕووباری گادەر و هەموو هەوڵەکان بۆ دۆزرانەوەی بێ ئاکام مابوونەوە.

تەرمی مێهرانی تەمەن ١٢ ساڵان، دوای ماوەی ٤٠ ڕۆژ و بە یارمەتیی خەڵک و ئەندامانی هەیڤی سووری ئەو شارە لە ناو ڕووباری گادەر دەرهێنراوە.

لەو لافاوەدا، هەروەک لە هەواڵەکانی ناوەندی ڕۆی کورد هاتبوو، چەندین هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی خۆرهەڵات بوون بە قوربانی و گیانیان لە دەست دا، ئەوەش سەرەڕای ئەو خەسارە مادییانە بوو کە تا ئێستا لەلایەن حکومەتەوە قەرەبوو نەکراونەوە.

جیا لە قوربانی بوونی مێهران، ٤ هاونیشتمانی لە سەقزو هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵانی بانەییش بە هۆی ئەو لافاوە، گیانی لە دەست دا.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی تری کورد بە ناوی وەلید مەحموودی، تەمەن ٣٠ ساڵان و خەڵکی گوندی شەشە بە هۆی لافاو، لە ناو ڕووباری بروێشکانی، گیانی لە دەست داوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت