تێکهەڵچوونی پۆلیسی تورکیە لە گەڵ خۆپیشاندەرانی دیاربکر و وان دوابەدوای لە سەرکار لابرانی شارەدارەکان

0
740

ڕۆژی کورد :
پولیسی تورکیە لە شارەکانی دیاربەکر و وان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازی سەبارەت بە لە سەرکار لابرانی هەر سێ شارەداری شارە کوردنشینەکانی : دیاربەکر، ماردین و وان ئۆتۆمبیلی ئاوپاش و تەقەی هەوایی بە کار هێنا.

دوابەدوای لە سەر کار لابرانی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی شارەدارییەکانی شارە کوردنشینەکانی تورکیە : دیاربەکر، ماردین و وان کە پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی شارەدارییەکانی وڵاتی تورکیە بە فەرمیی و بە یاسایی وەکوو شارەداری ئەو شارانە هەڵبژێردرابوون، جەماوەری ناڕازی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین ڕۆژەکانی دووشەممە و سێشەممەی ڕێکەوتی ١٩ و ٢٠ی ئاگۆست ڕژانە سەر شەقام و جادەکان و بە ڕێپێوان و دروشم دان ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بڕیاری ناڕەوای وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەربڕی کە لە لایەن پۆلیسی شارەکانیانەوە بە توندی بەرپرچیان دانەوە و بە تەقەی هەوایی و بە ئۆتۆمبێلی ئاوپاش بڵاوەیان پێیان کرد. هاوكات ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی هاوشێوه‌ له‌ شاره‌كانی ئه‌سته‌مبووڵ و ئانكاراش به‌ڕێوه‌چووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بڵاوه‌یان پێكراوه‌ و كه‌سانێك ده‌سبه‌سه‌ر كراون.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ئاگۆست بە ڕاگەیاندنی لە سەرکار لابرانی شارەداری گشتی شارەکانی دیاربەکر، ماردین و وان ئەوانی بە ئەندامەتی لە ڕێکخراوێکی تێروریستی و پڕوپاگەندەی تێروریستی تاوانبار کرد. “عەدنان سەلجووق میرزاکلەی”،” ئەحمەد تورک” و” بەدیعە ئۆزگۆکچە ئارتان” لە هەڵبژاردنی شارەدارییەکانی مانگی مارس، پێنج مانگ پێش ئێستا بە فەرمیی وەکوو بەڕێوەبەری شارەدارییەکانی ئەم شارە کوردنشینانە هەڵبژێردرابوون. هاوکات هەر سێ شارەدار ئەندامی پارتی دێموکراتیکی گەلان (HDP)ن کە لایەنگر و پارتی کوردەکانە.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە پێشتر ئەندامانی ئەم حیزبەی بە لایەنگری و پشتگیری لە پارتی کرێکارانی کوردستان تاوانبار کردبوو. هاوکات وەک ئاگادارین هاوسەرۆکی ئەو پارتە “سەلاحەدین دەمیرتاش” پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن حکوومەتی ناوەندی تورکیاوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیە باس لە دەسبەرسەرکرانی ڕێژەیەکی بەرچاو نزیکەی ٤١٨ کەس لە هەموو ٢٩ پارێزگاکانی وڵاتی تورکیە دەکات بە گومانی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان. دەوڵەتی تورکیە پێشتریش دوابەدوای کوودەتایەکی بێ ئاکام لە هاوینی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی زۆربەی شارەداری شارە کوڕدنشینەکان و ئەندامانی کوردی ئەو شارەدارییانەی لە سەر کار لابردبوو. وەزارەتی ناوخۆ لە سەرکار لابردنی ئەم سێ شارەدارە بە کاتی ناودەبات و باس لەوە دەکات لە گەڵ کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەو سێ کەسە ئەوانە ئەگەڕێنەوە سەر پۆست و ئیش کارەکانیان.
دەستەی جیبەجێکاری پارتی دێموکراتیکی گەلان ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی تورکیەی وەکوو کوودەتایەکی سیاسی ناو بردووە کە بە پێچەوانەی داخوازی کوردەکانە. هاوکات پارتی کۆماریخوازی گەلان (CHP) گەورەترین پارتی بەرهەڵستکار و دژبەری دەوڵەت، ئەم هەنگاوەی هاوتا لە گەڵ فاشیزم و زەبرێکی قورس بۆ سەر دێموکراسی زانییوە. عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیە و ئەحمەد داوودئۆغڵوو، سەرۆک وەزیرانی پێشووی دەوڵەتی تورکیە کە هاوکات هەردوو هاوپەیمانی دێرین و کۆنی ئەردۆغان لە پارتی داد و گەشەپێدانن، لەم کردەوە ڕەخنەی توندیان گرتووە و ئەوەیان بە پێچەوانەی دێموکراسی ناوبردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.