تێچووی ملیۆنی بۆ زیندانیان یان زیندانی کردنی کۆلبەران لەبری پارە/ڕاپۆرت

0
850

رۆژی کورد: لێپرسراوێکی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئیلام لە کاتێکدا باس لە خەرج کردنی ٤٥ ملیۆن ریاڵ بۆ مانگانەی هەر زیندانییەک دەکات کە زیندانیان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان بەهۆی پێڕانەگەیشتن و دۆخی خراپی زیندان وەزاڵە هاتوون.

هەواڵدەریی (ئیرنا) لە زاری بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی ئیلامەوە بڵاوی کردەوە کە هەر زیدانییەک لە مانگدا ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن تێچووی هەیە، بەڵام باسی لە چۆنیەتیی خەرج کردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ زیندانیان نەکردووە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا نزیک بە تێکڕای ئەو زیندانیانەی کە پێویستییان بە دەرمان و چارەسەریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان بووە، سەرەڕای وەئەستۆ گرتنی تێچووی پارەی دەرمان و نەشتەرگەری لەلایەن بنەماڵەی زیندانییەکانەوە، بەرپرسانی ڕژیم ئیزنی چوونەوە دەرەوە بە زیندانیەکانیان نەداوە.

ئەکبەر موحیبی بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی ئیلام گوتوشیەتی جیا لە تێچووی زیندانییەکان، ڕێکخراوی زیندانەکان لەگەڵ کێشە و گرفتی بنەماڵەی زیندانییەکان کە سەرپەرشتەکانیان لە زینداندان، ڕووبەڕوویە.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە تێکڕای دیمانەکانیدا کە لەگەڵ زیندانیانی ئازادکراو بوویەتی بۆی دەرکەوتووە کە لەسەدا ٩٩ی زیندانیان بەهۆی هەژاری و گرانیی کەلوپەلی فرۆشگەی نێو زیندان، بەناچاری خواردەکانی نێو زیندان بەکار دێنن.

بانگەشەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە کاتێکدایە کە ژومارەیەک لە زیندانیان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە حوکمی سزای ماددی و دانی پارەیان بەسەردا سەپاوە کە بەهۆی بێ توانایی لە دابین کردنی پارە لە زیندانەکاندا ڕاگیراون.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، هەواڵی جەریمە کرانی چەند ملیۆن تمەنیی کۆڵبەرانی سەرسنوورەکانیان بڵاو کردەوە کە کۆڵبەران بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە زیندانەکاندا ڕاگیرابوون.

جەریمە کردنی کۆڵبەران و دەستکورتیی زیندانیان لەمەڕ دانی جەریمە بە دەوڵەت، هەوێنی فیلمی زۆرێک لە دەرهێنەرانی کوردی پێکهێنا کە ڕێگری کردن لە نمایش کردنی فیلمی “چاوەڕێ” لە دەرهێنانی هێمن ئالانی سینەماکاری شنۆیی که باس لە هەژاری ودەستەنگیی زیندانیانی مەحکووم بە جەریمە دەکات، ئاماژەیەکی ڕوون بە ناڕاستیی بانگەشەی ملیۆنیی بەرپرسی زیندانەکانی ئیلام دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە تێکڕای ئەو حاڵەتانەدا کە زیندانیان لە بۆنە حکوومەتی و مەزهەبییەکاندا لە زیندان ئازاد کراون، سەرجەمیان جەریمەکانیان لەلایەن کەسانی خێرخوازەوە خراوەتە حیسابی دەوڵەتەوەو ڕێکخراوی زیندانەکان کەمترین ڕۆڵی لە ئازادیی ئەو زندانیانەدا بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.