تێرۆرەکەی شەوی یەلداو، لەسەر پێ‌بوونی میللەتێک

0
919
سمایل شەرەفی
سمایل شەرەفی

نووسینی: سمایل شەڕەفی

تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شەوی یەڵدای ئەمساڵ، جیا لە دەرخستنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ڕژیمی تێرۆریست‌پەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە ڕوون و ئاشکراو حاشاهەڵنەگرەیە کە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروا لە سەر پێ‌یە.

ڕژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی، هەر لە سەرەتاکانی هاتنەسەرکار‌یەوە، بەگرتنە پێشی سیاسەتی حاشا لێ‌کردن، سەرکوت، ئاسمیلاسیۆن و تێرۆر و…تا، نیشانی دا کە نەتەنیا ناتوانێ بانگی مافخوازانەی نەتەوەی کوردی گوێ لێ بێت، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەکی نامرۆڤانە هەوڵ دەدات کە ئەم نەتەوەی، ئەگەر لە ناویش نەبات، لانیکەم دەستەمۆی بکات.

بەڵام ئەوەی کە تا ئێستایش دەسەڵاتدارانی ئەم ڕژیمە لە توانایاندا نیە درکی پێبکەن و لە سۆنگەیەوە مل  بو ڕاستییەکان ڕابکێشن، ئیرادەی نەتەوەیەکە کە نیشانی داوە لە جەوهەری دا،  شتێک بە ناوی کەوتن و تەسلیم‌بوون بوون بوونی نیە. لەم پێناوەدا ئەم نەتەوەیە بە هەزاران شێوە تێچووی داوە؛ ماڵی لێ وێران کراوە، حیزبی لێ دەربەدەر کراوە، ڕێبەری لێ شەهید کراوە، قەڵەمی لێ شکێندراوە، زیندانی لێ پڕ کراوە، زمان و کلتووری لێ قەدەغە کراوەو…تاد، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم تێچووە قورس و گرانانە، نەیانتوانیوە ئیرادەی لێ زەوت بکەن.

زۆر جار هەبووە کە تەنانەت دۆستان و هێندێک لە براکانمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش تانەی ئەوەیان لێ داوین کە “لە ڕۆژهەڵات شۆڕش نەماوە”، کە دەکرێ بڵیین ئەم بیرکردنەوەیە، لە جۆرێک لە تێنەگەیشتن لە ڕەفتاری سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیشانیان داوە کە سەرەڕای لێبڕاوبوونیان لە خەبات، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، پابەند بە جۆرێک لە مەعرەفەو تێگەیستنی تایبەتن کە بەپێی هەل و مەرج،  کاریگەریی بەرچاوی لە شێوەی ڕەفتاری سیاسی و خەباتکارانەیان‌دا هەیە. لە هێندێک قۆناغی تایبەتیدا ئەگەر چاو لە ڕواڵەتی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، هەست بە سستی و جۆریک لە کپ‌بوون و بێدەنگی دەکرێ کە ئەگەر شارەزا بە تایبەتمەندییەکانی خەبات لە ڕەفتاری ئەم خەڵکەدا نەبین، لەوانەیە تووشی لێکدانەوەی هەڵە بین.

لەم نێوەدا حیزبی دێموکرات (دێموکراتەکان)* هەم لە ڕەفتاری خەڵک و هەم لە جۆری دژکردوەی ڕژیم ـدا، قسەی یەکەم دەکات. ئەوە ئیدیعایەکی دەمارگرژانە نیە کە بەم جۆرە باس لە ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکرات دەکەین. لەگەڵ ئەوەیکە هەر بەتەنیا دڵسۆزان و تیکۆشەرانی حیزبی دێموکرات دەزانن کە ئەم حیزبە خاوەنی زۆر کەموکوڕی و کەمایەسی‌یە کە هەرکامەی هۆکاری تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام دیسانیش خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چاوی هیواو هومێدەوە دەڕواننە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەم حیزبە.

گرنگی‌دانی ئەم حیزبە بە سەرجەم بوارەجۆراوجۆرەکانی خەبات و هاندانی خەڵک بۆ هاتنە مەیدانی زیاترو کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان و هەروەها حزووری بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی لە نێو خاک و خەڵکی خۆی‌دا و لە هەموو گرینگ‌تر وڵامدانەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە داوا و گوتاری حیزبی دێموکرات و پێشوازیی گەرمی خەڵکی پێشمەرگەپەروەری کوردستان لە ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان لە ناوخۆی وڵات، بۆ جارێکی دیکە، ترسی خستە دڵی کاربەدەستانی ڕژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی.

بەرپرسانی ڕژیم زۆر ڕاشکاوانە بە هەڕەشەکردن لە حیزبی دێموکرات، دەیانزانی کە ئادرەسی وەجووڵەخستنی زیاتری چین و توێژەکانی خەڵک لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوودا کوێیەو چ لایەنێکە. ئەوان باش دەزانن کە حیزبی دێموکرات هۆکاری سەرەکیی لە سەر پێ بوونی ئەم میللەتەیە، بۆیە هەروەک هەڕەشەیان کردبوو، بەڵام ترسەنۆکانە بۆ جارێکی دیکە دەستیان لە حیزبی دێموکرات وەشاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت