تورکیە گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەوانان وهەواڵنێران لە ساڵی ٢٠١٦دا

0
688

ڕۆژی کورد: دوو ڕێکخراوی جیهانیی لایەنگری مافی ڕۆژنامەوان و هەواڵنێران، ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دوو ڕاپۆرتی جیاجیادا، تورکیەیان وەک گەورەترین بەندیخانە بۆ ڕۆژنامەوان و هەواڵنێران پێناسە کرد و دەشڵێن ئێران ئەمساڵ لە پلەی پێنجەم دایە.

هەواڵنێرانی بێ سنوور، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، تورکیەی وەک مەزنترین بەندیخانە بۆ ڕۆژنامەوان و هەواڵنێران لە ساڵی ٢٠١٦دا ناساندووە و دەڵێ: “دوای کودتای بێ ئەنجامی پووشپەڕی ئەمساڵ، زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەوان و چالاکی ڕاگەیاندن لە تورکیە دەستبەسەر کراون”.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە: “تورکیە بێ بوونی هەر چەشنە تاوانێکی دادوەری، ڕۆژنامەوانەکان دەستبەسەر دەکات و ئەو دەستبەسەرکردنانە لە خۆڕایی و بێ بەڵگە و بە حەزی تاکەکەسییەوە ئەنجام دەدرێن و ڕۆژبەڕۆژیش بەرەو زێدەبوونە”.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان لە ساڵی ٢٠١٦ لە چاو ساڵی ڕابردوو ٦ لەسەد زێدە بووە و گەیشتووە بە ٣٤٨ کەس.

هەر بەو پێیە ڕێژەی بەندکرانی ڕۆژنامەوانە پسپۆڕەکان، ٢٢ لەسەد هەڵکشاوە.

دوای تورکیە، چین، سووریە، میسر و ئێران، نزیک بە ٢ لەسەر ٣ـی ڕۆژنامەوانە بەندکراوەکانیان لە خۆ گرتووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێک کە کومیتەی لایەنگری و پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانەکان بڵاوی کردۆتەوە، ئێران بۆ یەکەم جار لە ٨ ساڵی ڕابدروودا، لە پلەی پێنجەم دایە.

هەروەها ڕێژەی ژناە ڕۆژنامەوانە بەندکراوەکان لە ئاستی جیهاندا، لە ساڵی ٢٠١٦ گەیشتووە بە ٢١ کەس. ٥٢ ڕۆژنامەوان لە هەموو جیهان بە بارمتە گیراون کە ٣٦ کەسیان لە لای ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ڕاگیراون کە ئەوە لە چاو ساڵی رابردوو، ٣٥ لەسەد زێدە بووە.

 هەروەها هەواڵدەریی فەڕانسە لە زار کومیتەی پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانان، بڵاوی کردەوە کە ٢٥٩ هەواڵنێر لە هەموو جیهاندا گیراون کە ٨١ کەسیان لە تورکیە دەستبەسەر و گیراون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت