تریلێری “ئاڵای بێ وڵات” نوێترین بەرھەمی “بەھمەن قوبادی” بڵاوکرایەوە

0
2409

 تریلێری فیلمی بڵندی “ئاڵای بێ وڵات” لە دەرھێنانی “بەھمەن قوبادی” ئامادەی نمایشکردنە و بە شێوەی ڕەسمی بڵاوکرایەوە.

فیلمی درێژی “ئاڵای بێ وڵات” A Flag Without a Country نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد “بەھمەن قوبادی” و لە بەرھەمھێنانی پارێزگاری ھەولێر کە بەم دوایانە قۆناغە تەکنیکییەکانی کۆتایی ھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای “مژ فیلم”ەوە ئامادەکراوە، لە داھاتوویەکی نزیکدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکانی دنیا و لە سەریی ساڵی ٢٠١٦دا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشی جیھانی دەکرێ، بەم بۆنەیەوە تریلێرەکەی ئامادەی نمایشکردنە و بۆ ئاشنابوونی زیاتری بینەران لەگەڵ ئەم بەرھەمە سینەماییە بە شێوەی ڕەسمی بڵاوکرایەوە.

ئەم فیلمە کوردییە کە “بەھمەن قوبادی” ماوەی دوو ساڵ کاتی خۆی بۆ سازکردنی ئەم تەرخانکردووە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ ٤ فیلمی سەرۆکەوتووی بڵیندی دیکە لە سەرتاسەری کیشوەری ئاسیا لە نۆیەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین “ئاسیا پەسیفیک”ASIA PACIFIC ناسراو بە “ئۆسکاری ئاسیا” لە ئوستوڕاڵیا بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندید کرابوو.

“ئاڵای بێ وڵات” ژیانی دوو گەنجی ئەمڕۆی کورد لە ھەرێمی کوردستان بۆ بینەر باس دەکات کە سەرقاڵی سازکردنی وڵاتەکەیانن کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتە زلھێزەکانی عێراقدا بووە و ئەمڕۆکە دەرفەتێکیان بۆ ڕەخساوە کە نیشتمانەکەیان دروست بکەن. بەڵام تاکوو دەیانەوێت خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن لە شوێنێکی دیکەوە و لەم سەردەمەی ئێستاکەدا لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعش، ھێرش دەکرێتە سەر کوردستان و ئەم گەنجە کوردانە ناچارن کە وەکوو باوک و باپیرانیان لە ڕابردوودا دیسانەوە چەکەکانیان ھەڵگرن و ڕووبکەنە بەرەکانی جەنگ و ڕووبەڕووی شەڕێکی داسەپاو بوەستن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت