ترسی ئێران لە ڕیفراندۆم و هەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵات

0
2259

 باهۆز زرێبار

دوابەدوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسی لە باشووری کوردستان، بۆ سەربەخۆیی، بە هەموو شێوازێک دژایەتیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستانمان دی؛ لەم نێوانەدا، حکومەتی فاشیستی ئێرانیش، هەموو پیلانێکی خستووەتە ڕێگا و بۆ ئەوەی نەیتوانی بەرگری لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بگرێت، ئێستا زۆر تووڕەیە و هیچی بۆ نەماوەتەوە، جگە لەوەی بە چەند فڕۆکە و دەبابەی پەککەوتوو، خەریکی مانۆڕە!

ماوەی دوو ڕۆژە، ئاسمانی مەریوان بووەتە جێگای فڕینی دوو فڕۆکەی شەڕکەری ئێران، کە دەڕۆنە سەر سنوور و دەگەڕێنەوە. وێڕای ئەوەی کە ناوێرن لە سنوور تێپەڕن و بڕۆنە نێو خاکی باشووری کوردستان، هەموو خەڵکی مەریوانیش گاڵتەجاڕانە باسی لێ دەکەن و ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ ترسی سپای تیرۆریستیی ئێران لە ڕیفراندۆم و هەڵوێستی خەڵکی مەریوان. تەنیا خەڵکی مەریوان خەمی شتێکیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ئەم فڕۆکانە تەمەنیان تەواو بووە و زۆر لاوازن و ئەگەری ئەوەی هەیە بکەونە خوارەوە و زەبر لە خەڵک بدەن.

هەروەها بەپێی بڕیاری خەڵک، کە ویستیان ئەمڕۆ لە شەقامە سەرەکییەکانی شار بە جلی کوردییەوە دەربکەون و جەژنی سەربەخۆیی بگێڕن، دەیان ئۆتۆمبیلی دژە شۆڕش، لە نێو شاردا دەخولێنەوە و هەروەها لە شارەوە بەرەو گوندی نێ ڕێکەوتن و گوندەکانی دەوروبەری زرێباریشیان بەسەر کردووە. هەروەها لە هەموو شەقام و مەیدانێکدا، هێزی جل‌شەخسی و نیزامیش دەبینرێت کە دەیانەوێت ڕێ لە هەر جۆرە شایی و چالاکیی خەڵک بگرن. بەدڵنیاییەوە ئەم کردارەی حکومەت، بە واتای ترسی ئەوانە لە دروستبوونی حکومەتی کوردی و دەیانەوێت خەڵکی مەریوان و ڕۆژهەڵات چاوترسێن بکەن، بەڵام خەڵکی ئێمە جگە لەوەی بە جلی کوردی لە شار و گونددا ئامادە بوون، شیرینیشیان بڵاو کردووەتەوە و بە دڵنیاییەوە ورەیان وەرگرتووە بۆ ئەوە کە بڵێن: نۆرەی ئێمەیە.

جێگای باسە ئاماژە بە هاتنی دەبابەکانی ڕژیم بکەم بۆ مەریوان، کە لە فڕۆکەکان خراپتر، پەکیان‌کەوتووە. دوژمنایەتیی ئێران لەگەڵ کورد، بە هەموو شێوازێک خۆی دەنوێنێت و ئەمانە چەند نموونەیەک بوون و ئەمە خەڵکی ڕۆژهەڵاتە کە دەبێ بڕیاری خۆیان بدەن کە چ داهاتوویەک بۆ خۆیان و منداڵەکانیان ساز بکەن. هەروەها کە دیتمان چلۆن داگیرکەران وێڕای هەموو جیاوازی و ململانێکانیانەوە، دژی کورد یەکیان گرتووە، ئێمەیش دەبێ هەموو خاڵە ناکۆکانمان وەلا بنێین و یەکدەنگ و یەکڕەنگ، بۆ مافە پێشێلکراوەکانمان خەبات بکەین.

خەڵکی ڕۆژهەڵات، بەو جۆرەی کە لە درێژایی مێژوودا سەلماندوویەتی، هەمیشە پشتیوانی باشوور و پارچەکانی تری کوردستان بووە و دەبێتیش؛ ئەمڕۆیش وەک ئەرکی نەتەوایەتیی خۆمان، پشتیوانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیین و تا دروستبوونی حکومەت و دوای ئەوەیش، دەنگمان لەگەڵ دەنگی خەڵکی باشووری کوردستانە و ئەوەیشمان سەلماندووە و نابێ لە بیر بکەین کە خۆیشمان هێشتا لە بەندین و دەچەوسێینەوە. بۆیە دەڵێم: دروستبوونی حکومەتی باشووری کوردستان، هێشتا نیوەی ڕێگامانە و ئامانجمان، ئازادبوونی تەواوی کوردستانە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی فارس و تورک و عەرەب. بەو جۆرەی کە بەغداد کوردی ئەنفال کرد، تارانیش کەمی نەکردووە و بە هەزاران کوردی لە دار داوە و گولـلەباران کردووە و لە بەندەکان بەندی کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت